سلێمانی بە نموونە

جیاکاریی خۆسەپێنەرانی کابینەی 9 بەرامبەر بە شارەکانی تر

10:00 - 2024-09-29
رۆزا دڵشاد مەریوانی
180 خوێندراوەتەوە

ئەگەر خەڵکی سلێمانی بیت یان بە گەشت سەردانی سلێمانیت کردبێت، بێگومان یەکەم شوێنی گەشتیاری کە لە جەژنەکان و رۆژانی پشوودا سەردانی دەکەیت، تەنانەت لە وەرزی سەرما و زستانیشدا، ناوچەکانی سیتەک و شارباژێڕن، بۆ گەیشتن بەو ناوچەیە لە نێو سلێمانییەوە چەند رێگەیەک هەیە، بۆ ئەوەی بگەیتە تونێلی پێشڕەو یان رێگەی ئەزمڕ، یەکێک لە رێگە سەرەکییەکان کە قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەرە، بەتایبەتی رۆژانی کۆتایی هەفتە و بۆنەکان جادەی تەنیشت چاڤی لاندە، لەگەڵ جادەی پارکی هەواری شار، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو دوو رێگەیە بە هاتن و چوونەوە فشارێکی زۆریان لەسەرە، بەداخەوە دەتوانم بڵێم خراپترین رێگەیە شۆفێر پێیدا تێپەڕ ببێت، لەبەر ئەوەی جگە لەوەی پڕە لە چاڵ و چۆڵی و تاسە، لە شەوانیشدا بەشێکی زۆری تاریکە و ئەگەر هەر کەسێک شارەزای ئەو شەقامە نەبێت، کەمترین خێرایی تووشی رووداوی نەخوازراوی دەکات. 

لە ئەستۆی کێیە؟
من لێرەدا وەک هاووڵاتییەک دەپرسم نۆژەنکردنەوەی ئەو دوو رێگەیە لە ئەستۆی کێیە و بۆچی بەو جۆرە فەرامۆش کراوە؟ بێگومان وەڵامەکەی روونە، بەڵام زۆرجار دەبینین موزایەدەی ئەوە بەسەر شاری سلێمانیدا دەکرێت و دەوترێت ئەها تەماشا پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن بە چ شێوەیەک خزمەتی هەولێر و دهۆکی کردووە! بزانن چ جۆرە رێگەوبان و شەقامی مۆدێرنی بۆ نێوان هەولێر و دهۆک و زاخۆ دروستکردووە. جگە لە دروستکردنی شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری..هتد، بەڵام سلێمانی بەو جۆرەیە! ئەمە لەکاتێکدایە تەنانەت هەندێکجار خەڵکی ئەم شارەش لەبیری دەکەن سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم راستە لەسەر حزبی پ. د. ک، بەڵام تەنیا سەرۆکی هەولێر و ئەو شارانە نین کە بە زۆنی زەرد دادەنرێن و ئەرکی حکومەتە کە بەشێکی هەرە زۆری لای پارتییە، خزمەتی هەموو شارەکان وەک یەک بکات و ئەو جیاکارییە بەرامبەر بە شارەکانی سەربە زۆنی سەوزن نەکات.

تا لە رێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە بەشێکی زۆری کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست نەهێنین و هیچ نەبێت نیوەی حکومەتی هەرێم لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبێت، بەداخەوە نابێت چاوەڕێ ئەوە بین دۆخی سلێمانی و شارەکانی دیکە بەرەو باشتر بڕوات

 

بەشێکە لە پیلانێکی گەورەتر
 لەگەڵ ئەوەشدا لەبیری نەکەین تائێستا سلێمانی راستە بەو جۆرە فەرامۆش کراوە، بەڵام هێشتا لە زۆر لایەندا لە پلەی یەکەمدایە، جگەلەوەی بە رای من فەرامۆشکردنی سلێمانی، بەشێکە لە پیلانێکی گەورەتر، هەروەها تەنیا ئەرکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە ئەو شارانە نۆژەن بکاتەوە و پەرەی پێبدات، بەڵکو ئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێمە سلێمانیش وەک هەولێر لێبکات، نەک هانی خەڵکی بدەن بۆچی ئەمە و ئەوەیان نەکردووە، وەک ئەوەی ئەوان بۆ هەولێر و شارەکانی دیکەیان کردووە، هاوکات ی.ن.ک بەو توانا و داهاتە کەمەی لەچاو پارتیدا لەبەردەستیدایە، هەمیشە لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە بەردەوام بووە، بگرە ئەگەر بواری پێ بدرێت و توانای وەک پ.د.ک لەبەردەستدا بێت، لە خزمەتکردنی شارەکانی زۆنی زەردیشدا درێغی ناکات، وەک چارەسەرکردنی کێشەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر کە تائێستا هەموو ساڵێک هاوینان بە دەست بێ ئاویی و زستانانیش لە ترسی باران و لافاو خەڵکەکەی ناتوانن بە ئاسوودەیی بخەون.
 بۆیە نۆژەنکردنەوەی ئەو دوو رێگە سەرەکییەی سیتەک ئەرکی سەرەکیی حکومەتی هەرێمە، چۆن رێگەی مۆدێرن لەنێوان هەولێر و دهۆکدا دروست دەکات، پێویستە ئەو دوو رێگەیەش چاکبکاتەوە. جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی تائێستا لە سلێمانی تەواو نەکراون. 

لە رێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە
دواجار هەرچەند بەناچاریی رێم دەکەوێتە ئەو دوو شەقامە، ئەو پرسیارەم لەلا دروست دەبێت، ئاخۆ تا کەی سلێمانی فەرامۆش دەکرێت؟ تا کەی خەڵکی جێبەجێنەکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەنها دەخەنە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە حکومەتێکدا کە پشکی شێر لە داهات و بڕیار لەلای پارتییە؟ تا کەی سلێمانی بەوجۆرە دژایەتی بکرێت؟ بێگومان وەڵامەکەی ئاسانە تا لە رێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە بەشێکی زۆری کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست نەهێنین و هیچ نەبێت نیوەی حکومەتی هەرێم لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبێت، بەداخەوە نابێت چاوەڕێ ئەوە بین دۆخی سلێمانی و شارەکانی دیکە بەرەو باشتر بڕوات.

وتارەکانی نوسەر