رۆشنبیریی هەڵبژاردن

حەشری رەشەبا و رۆمانسیەتی وێنەی کاندیدەکان

09:53 - 2024-09-30
نەوزاد ساڵح
125 خوێندراوەتەوە

نەوزاد ساڵح*


- 6 -
لە بێبەختی بەشێک لەکاندیدەکان هەر لە سەرەتای هەفتەی یەکەمی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا، رەشەبایەکی بەهێز سلێمانی گرتەوە و پۆستەر و لافیتەی بەشێکی زۆر لە قەوارەو کاندیدەکانی شڕ و هوڕ کرد.

لۆژیکیانە بێت
لەلایەکی ترەوە هەرچەندە لە زۆربەی خولەکانی پێشوودا جەخت لەوەکراوەتەوە کە زانستی هەڵبژاردن پێمان دەڵێت پێویستە پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان دووربێت لە ریتوشی دەستکرد و زەرورە پۆستەرەکانی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن لۆژیکیانە بێت و گوزارشت بێت لە سروشتی کاری بەربژێرەکە، واقعی بێت لەگەڵ پۆشاک و عورفی ئاسایی بەربژێرەکەدا، بەڵام مەخابن ئەم خولەش زۆربەی کاندیدەکان هەمان هەڵەی خولەکانی پێشووەیان دووبارە کردۆتەوە، دروستتر بڵێین وێنەی کاندید پێویستە بەرجەستەی پیشەکەی بێت، واتا ئەگەر بەربژێر ئەندازیاری شارستانییە پێویستە ئەو وێنەیەی ناو و ریکلامی خۆی لەسەرە بۆ هەڵبژاردن، وێنەی زیندووی مەیدانی کارکردن بێت و کاسکێتی لەسەردا بێت و هەمان پۆشاکی کارکردنی لەبەردا بێت بەهێزتر دەردەکەوێت، هەروەها ئەگەر بەربژێر چالاکوانی مەدەنییە، ئەوا پێویستە وێنەکانی هی کاتی چالاکی و کۆڕ و سیمینار بێت، نەک وێنەیەکی دەستکاری کراوی رۆمانسی.....هتد.

 رۆڵی چاودێرانی قەوارە سیاسییەکان
لەم بەشەدا پێمان باشە رۆڵی چاودێرانی قەوارە سیاسییەکان باس بکەین، کە بەشێکی زیندوون لە پرۆسەی هەڵبژاردن و چاودێران بۆ ئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە بە پاکی پێویستە:-
1-  پێویستە چاودێری قەوارەکان، کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە لە بنکەکانی دەنگدان بن و واژۆی خۆیان بکەن، لە هەمان وێستگەش دەنگی خۆیان بدەن.
2 - لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا، بێلایەنانە رەفتار بکەن و پێویستە پابەندبن بەو رێسایانەی رەفتار کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پەسەندی کردوون و ئەوانیش ئیمزایان لەسەر کردووە. 
3 - چاودێرەکان پێویستە باجی رەسمی کۆمسیۆن و بەڵگەنامەی تری تایبەتیان پێ بێت، کە کەسایەتیان بسەلمێنێت و وێنەی فۆتۆگرافی لەسەر بێت و پیشکەشی بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدانی بکەن و خۆیان بناسێنن.
4 - لە دروستبوونی هەر بارودۆخێکی نائاسایی، پرس بە بەڕێوەبەری وێستگە بکەن و دووربن لە بڕیاردان. 
5 - لەکاتی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئارام بن و چاودێرییەکی وردی پرۆسەکە بکەن و شوێنی خۆیان نابێ جێ بهێڵن تا کۆتایی پرۆسەکە .
6 - ئەگەر ژمارەی چاودێرەکان زیادبوو بەپێی رێنمایی و ئاگاداری بەڕێوەبەری وێستگە بە نۆرە دەڕۆنە ژوورەوە، بۆئەوەی رێگە بگرن لە دروستبوونی گرفت لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەی ئاسایی.
7 - دەتوانن قوفڵی سندوقەکانی دەنگدان یان ژمارەی دەنگدەران لە تۆمارەکانی تایبەت بەخۆیان تۆمار بکەن.
8 - نابێت زیاتر لە یەک چاودێری هەمان لایەن یان زیاتر لە یەک بریکاری هەمان قەوارە لە وێستگەیەکی دەنگداندا هەبێت.
9 - چاودێر دەتوانێت شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلە بکەوێت کە کەلوپەلی دەنگدانی هەڵگرتووە و دەڕوات بەرەو ناوەندی دەنگدان و کۆگای ئۆفیسی سەرەکیی پارێزگا، بەڵام بۆی نییە لەو ئۆتۆمبێلانە سەربکەوێت کە سەر بە کۆمسیۆنن.
10 - چاودێر دەتوانێت هاتوچۆ بکات، لەوێستگەیەکەوە بۆ وێستگەیەکی تر و دەشتوانێت لە یەک وێستگەدا بمێنێتەوە.

دەسەڵاتی بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان
لەم کاتانەدا بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان دەتوانێت داوا لە چاودێران و بریکاری قەوارە سیاسییەکان بکات ناوەندەکە جێ بهێڵن. 
ا - ئەگەر چاودێر دەست بخاتە پرۆسەکەوە.
ب - ئەگەر رێساکانی رەفتار یان سیستمەکانی تایبەت بە خۆیانیان پێشێلکرد، یان پێشێلی رێنماییەکانی کرد.
ج - لە ئەگەری دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ئازادی و ویستی دەنگدەران.
د - ئەگەر چاودێر سەرکەوتوو نەبوو لە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکەی. 
هـ - ئەگەر چاودێر بەشێوەیەکی دووبارە و رێکخراو کۆسپی خستە بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە. 
و - ئەگەر بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگدان بۆی دەرکەوت سڕینەوە یان کڕاندن هەیە، لە باجی چاودێرەکە یان بریکارەکە.
ز - چاودێر بۆی هەیە چاودێریی سەرجەم پڕۆسەکە بکات، لە ناوەند و ویستگەکاندا، جگە لە پرۆسەی دەنگدانی دەنگدەر نەبێت. 
ح - نابێت چاودێر لەکاتی دەنگداندا لەگەڵ دەنگدەر بدوێت و کاریگەریی لەسەر دروست بکات.
 بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.

*راوێژکاری هەڵبژاردن

 

وتارەکانی نوسەر