ماتۆڕسكیل ئەو ئامرازەیە هاوشانی هۆكانی تری گواستنەوە هاوكاری مرۆڤ دەكات بۆ رایكردنی ئیشوكاری رۆژانە و كارئاسانی بۆ زوو راپەڕاندنی ئیشوكارەكانی و دووركەوتنەوە لە جەنجاڵی و قەرەباڵغی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكان لەسەر شەقامەكان هەروەها بەهۆی ئەوەی نرخی گونجاو و هەرزانە ئەو كەسانەی توانای كڕینی ئۆتۆمبێلیان نییە، دەتوانن ماتۆڕسكیل بكڕن بۆ ئەو مەبەستانەی باسمانكرد .
بەداخەوە لە كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی ماتۆڕسكیلەكان بەو ژمارە زۆرەی لەسەرشەقامەكان دەبینرێن بوونەتە سەرچاوەی كێشەو ئاستەنگ و ئیزعاجی بۆخەڵكی.
لێخوڕینی ناشارستانی و سەركێشی و بەرزكردنەوەی دەنگی نەشاز و بێزاركەری ئەو ماتۆڕسكیلانە لەسەرشەقام و شوێنە گشتییەكان خراپ بەكارهێنانی شەقام و راستەرێگاكان ئەو دیاردە ناشیرین و بێزاركەرەیە كە هەمومان رۆژانە بەچاوی خۆمان دەیبینین بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێكی فەرمی و پەیوەستدار بەو بابەتەوە ئیجرائات لەگەڵ ئەو سەرپێچی كارانە بكەن.
هەموو كەس مافی خۆیەتی سوود لەو ئامراز و هۆكارانە وەرگرێت كاری رۆژانەی بۆ ئاسان دەكات یان دەبێتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی یاساو رێنماییە پەسەندكراوەكاندا بێت.
بەهۆی ئەو دیاردە ناشارستانییەوە لەماوەی رابردوودا چەندین كارەسات و رووداوی نەخوازراو بەهۆی ماتۆڕسكیلەكانەوە روویان داوە و زۆرجار مردنیشی لێكەوتۆتەوە.
ئێستاش دەرەنگ نییە، كاتی ئەوەیە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ و ئەوانیتر بەزوویی بێنە سەر هێڵ سنوورێك بۆ ئەم دیاردە ناشیرینە دابنێن، ئەوانەشی بە ماتۆڕسكیل كاری رۆژانە دەكەن وەك دلیڤەری و هەندێ كاری تر یان پێی دەچنە سەر كار دەبێت مۆڵەتی رەسمی كڕین و لێخورینی ماتۆڕسكیلیان هەبێت و پابەندی ئەو رێنماییانەبن بەڕێوەبەرایەتی هاتۆچۆ بۆیان دیاریدەكات ئەوانی تریش كە بۆ بێزاركردنی خەڵك و ئارەزووە هەرزەكارانەكانیان بەكاردێت دەستی بەسەردا بگیرێت، بەپێچەوانەوە كارەسات روودەدات لە داهاتوودا.