خەڵات فەرەیدون*
کوالێتی خوێندن لە قوتابخانەکاندا پەیوەندیی راستەوخۆی بە توانای پیشەیی مامۆستایانەوە هەیە، وانە وتنەوە چالاکییەکی ئاڵۆز و فرە لایەنە، بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی باش و کوالێتی بە دەست بهێنرێ و توانا و کارامەییەکانی مامۆستایان لە وانە وتنەوەدا بە دیار بکەوێت راهێنانی مامۆستایان کارێکی پێویستە، ئامرازێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ستراتیجی نوێی داهێنەرانەی فێرکردن، دروستکردنی بیرۆکەی نوێ بۆ فێربوون و فێرکردنی نایاب و پەرەپێدان بە لێهاتوویی مامۆستایان و خوێندکاران.
هەر بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پەروەردە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٢)، دەستیکرد بە پڕۆژەی ستراتیجی راهێنانی مامۆستایان و نزیکەی شەش سەد مامۆستا دوای وەرگرتنی چل کاتژمێر راهێنان لە یەکەکانی مەشق و راهێنان، وەک مامۆستای راهێنەر نێردرانە قوتابخانەکانەوە بە مەبەستی ئاشناکردنی مامۆستایان بە تەکنیک و ستراتیجەکانی پێداگۆژی مۆدێرن.
بونی ئەم راهێنەرانە لە ناو ناوەندەکانی خوێندندا زۆر گرنگە و پێویستییەکی حەتمییە، چونکە قبوڵکراو نییە بە میتۆدی دوێنێ خوێندکارانی ئەمڕۆ فێر بکەین، هەروەها بەداخەوە زۆرێک لە مامۆستایانیش ئاشنا نین بە شێواز و تەکنیکە نوێیەکانی وانەوتنەوە، ئەمە جگە لەوەی کە راهێنانی مامۆستایان کاریگەریی ناڕاستەوخۆی لەسەر خوێندکاران دەبێت و ئەوانیش سودێکی سەرەکی لێوەردەگرن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم هەوڵە ناڕەزاییەکی بەرچاوی دروست کردووە و بەشێک لە مامۆستایان پێیان پەسەند نییە!.
لێرەدا دەتوانین بە کورتی باس لە کۆمەڵێک هۆکار بکەین کە رەنگە بۆ چارەسەر یان تێگەیشتن لە دۆخەکە روونتر بێتە پێش چاو.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان پەیوەندیی بە کێشەی موچە و بژێویی ژیانی مامۆستایانەوە هەیە و وایکردووە کە مامۆستایان حەوسەڵەیان نەبێت بەشداریی لە هیچ نوێگەرییەکدا بکەن، جگە لەوەی مامۆستایان وا هەست دەکەن وەک خوێندکار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ و پەیوەست دەکرێن بە کۆمەڵێ پڕۆگرام و ناچار دەکرێن ئەو ستراتیجانە ببینن کە دەخوێندرێن.
ئامادەکراون بۆ ئەو کارە
یەکێکی تر لە هۆکارەکان خودی راهێنەرەکەیە کە مامۆستایان پێیان وایە ئاستی زانستی و ئەکادیمی راهێنەرەکان بەرزتر نیە لە ئاستی خۆیان و بە مەزاجی کەسی دانراون، بێ ئاگا لەوەی کە راهێنەرەکان چەندین خول و وانەی پراکتیکیان خوێندوە و ئامادەکراون بۆ ئەو کارە، زۆرێک لە مامۆستایان ناچنە ژێر باری کاری زیادە و پێیان وایە گۆڕانکاریی زیادەیە و باری شانیان قورستر دەکات، بەجۆرێک وێنای خۆیان کردووە کە هەموو شتێک دەزانن و قابیلی هەڵە نین، بۆیە راهێنان بە زیادە دەزانن.
هەروەها ژینگەی ناو پۆلەکان بە گونجاو نازانن لەڕووی ژمارەی قوتابی و مەنهەجی خوێندن و قەبارەی پۆلەکان کە پێیان وایە فریای گەیاندنی ئەو ستراتیجە تازانە ناکەون لەگەڵ ئەو مەنهەجە زۆرەی کە هەیە.
خاڵێکی تر بابەتی هەڵسەنگاندنە، کە ئەمەش دوای ئەوە دێت مامۆستایانی راهێنەر سەردانی پۆلی مامۆستایان دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی مامۆستایان بە ستراتیجە نوێیەکانی وانەوتنەوە و هەروەها وەرگرتنی فیدباک لە قوتابیان لە بارەی وانەکەوە لە کۆتایی ساڵدا بەشێکی هەڵسەنگاندنی مامۆستا لای مامۆستای راهێنەر دەبێت، کە ئەمە لەگەڵ ئارەزووی مامۆستادا یەک ناگرێتەوە.
لۆژیکی پشت راهێنانی مامۆستایانیان
لەگەڵ ئەوەی کە راهێنانی مامۆستایان هەنگاوێکی مەزن و کاریگەرە و بوونی مامۆستایانی راهێنەر لە قوتابخانەکاندا پێویستە، بەڵام باشتر بوو وەزارەت و بەرپرسە پەروەردەییەکان لۆژیکی پشت راهێنانی مامۆستایانیان بە وردی بۆ مامۆستایان شیبکردایەتەوە بۆ ئەوەی مامۆستایان زیاتر هەستیان بە گرنگی بابەتەکە بکردایە و لە بارودۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی گونجاوتردا مامۆستایانی راهێنەریان بناردایەتە ناو ناوەندەکانی خوێندنەوە، پێویستە لەسەر ئێمەی مامۆستاش خۆمان یەکلا بکەینەوە کە دەمانەوێت چ شێوازێکی پەروەردەیی لە قوتابخانەکانماندا جێ بە جێ بکەین، ئایا هەمان شێوازە پەروەردەییە تەقلیدییەکەمان بەدڵە یان بەدوای تیۆری پەروەردەیی نوێدا دەگەڕێین؟
ئایا ئێمە دەمانەوێ خوێندکارەکانمان توێژەر و داهێنەر بن یان تەنها بە کتێب و پڕۆگرامی خوێندن رازی بن؟ مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان دژی گۆڕانکارییەکان دەوەستنەوە لەبەر دوو هۆ، یەکەمیان دڵنیا نین لە ئەنجامەکەی و نازانن بە کوێیان دەگەیەنێت، دووەمیش ئەوەیە گۆڕانکاری کاریان بۆ زیاد دەکات، چونکە بەدواداگەڕان و خوێندنەوەی زیاتری دەوێت.
ئەنجام لە هەموو بارەکاندا گۆڕانکاریی گرنگ و پێویستە و بۆ گۆڕانکاریش دەبێت هەر یەکە و لە جێی خۆیەوە دەست پێ بکات، هەموو گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی گشتە و چوونە ناو پرۆسەکە و بەردەوام بوون لەگەڵیدا گەرەنتی دۆخێکی باشتر دەکات، ئەوەش بە تێگەیشتن و هاوکاری و هاوئاهەنگی هەموولایەک دەستەبەر دەبێت.
* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی