رۆڵی نوێی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لە ناوەندەکانی خوێندندا

10:12 - 2024-11-06
خەڵات فەرەیدون
135 خوێندراوەتەوە

خەڵات فەرەیدون* 


سەرپەرشتیکردن، بە گشتی کارێکی سەرکردایەتی و راوێژکارییە، بە درێژایی مێژوی خۆی وەک پرۆسەیەکی پاڵپشتیکردنی مامۆستایان و قوتابخانەکان لە چەندین قۆناغدا دەرکەوتووە.
لە پێشتردا، سەرپەرشتیکردن پشکنینێک بوو، کە لە رێگەیەوە بە وردی بەدواداچوون بۆ هەڵەکانی قوتابخانە و مامۆستایان دەکرا و هان دەدران بۆ راستکردنەوەیان، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی چەمکە نوێیەکانی پەروەردە، کاری سەرپەرشتیکردن گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە ئێستادا لە روانگەیەکی گشتگیرەوە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە شێوەیەکی رێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بەرجەستە دەکات. 
سەرپەرشتیکردنی مۆدێرن رێبازێکی دیموکراسییە، سەرنج دەخاتە سەر بەڕێوەبردنی کوالێتی گشت کایەکان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، خاوەن بیری پەروەردەیی مۆدێرنە، وەک ئۆرگانێکی کارای پەروەردەی، سەرکردایەتی ژیرانەی هاوکارەکانی لە پیشە و هەماهەنگی هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان لە بواری پەروەردەدا دەکات.

 

پێویستە لەسەر حکومەت پلانێکی تۆکمەی هەبێت بۆ پەرەپێدانی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لەڕووی پیشەیی و ئەکادیمی و رەفتاری کارکردنەوە لەکاتی خزمەتکردندا

سەرپەرشتیاری کاریگەر کێیە؟
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کاریگەر چەندین ئەرکی لەسەرشانە، لەوانە دامەزراندنی پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ کارگێڕی قوتابخانەکان و مامۆستایان بە مەبەستی هاندانیان بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچوون لە رێگەی بە مۆدێلکردن و رێنوێنی و بەدواداچوون و پشتیوانیکردن و هەڵسەنگاندنی کارامەییەکانیان، هەروەها ‎گواستنەوەی ئەزموونی پەروەردەیی و خستنەڕووی ئەزموونی سەرکەوتوو بۆ کارگێڕی قوتابخانەکان و کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و لێهاتوویی لە نێوان قوتابخانەکاندا بە ئامانجی هاندانیان بۆ داهێنان، هەروەها نوێنەرایەتی شارەزایی و رێنماییە پەروەردەییەکان دەکات کە لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەییەوە دادەبەزێنرێنە ناو قوتابخانەکان.
کەواتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، رۆڵی ناوبژیوانێکی رۆشنگەر دەگێڕێت لەنێوان ناوەندەکانی خوێندن و ئەو پڕۆژە پەروەردەیی و زانیاری و رێنماییە نوێیانەی کە ساڵانە لە وەزارەتی پەروەردەوە فەرمانیان بۆ دەردەچێت. 
تەوژمی گۆڕانکاریی لە رۆڵی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بە شێوەیەکی بەرچاو لە دوای هاتنە کایەی پڕۆژەی بنیادنانی تواناکان دەرکەوت، کە لێرەدا وەک هاوڕێیەک پەیوەندیی راستەوخۆ و بەردەوامیان لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکاندا هەیە، چونکە بە پێی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەران رۆڵی سەرکردەی قوتابخانەیان پێدراوە، ئەم سیستەمە نوێیە بەربەستی دەروونی و ترسی بەهێزی نێوان سەرپەرشتیار و مامۆستای لابردووە و، سەردانی پۆل کەم بۆتەوە، تەنها لە کاتی پێویست و لەسەر داواکاری و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەر ئەم سەردانە دەکرێ، یان لە کاتی هەڵسەنگاندنی دەرەکی قوتابخانەکە لەلایەن ئەو سێ سەرپەرشتیارەی وەک لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەکی سەردانی قوتابخانە دەکەن، دیدەنی وانەی مامۆستایان دەکرێت کە مەبەست و ئامانجی سەرەکی لە هەڵسەنگاندنەکە پەرەپێدانی پرۆسەی پەروەردەیی و پێداگۆژییە بە ئامانجی باشترکردنی فێرکردن و فێربون و بەرەوپێشچوونی قوتابخانەکان و مامۆستایان.

کاری سەرپەرشتیاریی ئەرکێکی راوێژکارییە
کەواتە کاری سەرپەرشتیاران حوکمدان نییە لەسەر لێهاتوویی مامۆستایان و کۆنترۆڵکردنیان، بەڵکو کاری راوێژکاری و هاوکاریکردنە بەمەبەستی بەرەوپێشچوون و گۆڕانکاری لە ئەدای مامۆستایان و یارمەتیدانیان بۆ تێگەیشتن لە رەوت و پێشهاتە مۆدێرنەکان لە پەروەردەدا، چونکە ئاشکرایە هەموو کارێک لەسەر بنەمای فەرمانکردن و قەدەغەکردن دەبێتە هۆی کوشتنی بەهرە و داهێنان و رێگری لە گەشەکردنیان دەکات. 
پێشمەرجی ژمارە (یەک) بۆ کاری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، دامەزراندنی پەیوەندییە و پێویستە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەیوەندیکردندا شارەزا و گفتوگۆکارێکی سەرنجڕاکێش و لێهاتووبێت و قسەکەرێکی ئیلهامبەخش و قایلکەربێت. 
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەسەڵات و پێگە و کاریگەریی خۆی لە قوتابخانەکاندا لە بەهێزی بیرۆکەکانی و لێهاتووی و زانیارییە نوێیەکانی و ئەزموونە پێشکەوتووەکانی و گەشەسەندنی خۆیەوە وەردەگرێت، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەت پلانێکی تۆکمەی هەبێت بۆ گەشەی ئەم توێژە لەڕووی پیشەیی و ئەکادیمی و رەفتاری کارکردنەوە لەکاتی خزمەتکردندا، چونکە لە بنەڕەتدا سەرپەرشتیکردن ئەرکێکی هەستیار و گرنگە، دەبێت لەلایەن کەسانی لێهاتووەوە ئەنجام بدرێت کە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و هەست بە گرنگی ئەرکی سەرشانیان دەکەن و جێبەجێی دەکەن، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ رەواندنەوە و نەهێشتنی ئەو هەڵوێستە نەرێنی و لێکدانەوە هەڵە و ئەو گومانە خراپانەی لەسەر چەمکی سەرپەرشتیکردن هەیە لە لایەن بەڕێوەبەر و مامۆستایانەوە.
لە کۆتاییدا سەرجەم پەروەردەکاران (سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەران و مامۆستایان) بۆ یەک ئامانج کار دەکەن، ئەویش پەروەردەکردن و بنیادنانی خوێندکارە لەڕووی کەلتوری و زانستی و کەسێتی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و رۆحی و ئاینییەوە، کە ئەمەش لە رێی  هەماهەنگی و کارکردن بە تیم و بوونی دڵسۆزی و تەباییەوە دەکرێت.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی


وتارەکانی نوسەر