د.هیوا جاف *
ناوبانگ ئاماژەیە بۆ ئەو «وێنەیە یان تێڕوانینێکی گشتی» کە دەوڵەتێک لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیەتی. ئەم وێنەیە هۆکارێک و فاکتەرێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی رەفتار و پێگەی دەوڵەتێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. چەمکی ناوبانگی دەوڵەت تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن فاکتەر و هۆکارە جیاوازەکان وەک سیاسەتی دەرەوە و بازرگانی و رووداوە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر ناوبانگی دەوڵەتێک هەیە. زۆرێک لە شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە کە ناوبانگ بزوێنەرێکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکانە و ئەو دەوڵەتانەی ناوبانگێکی باشیان هەیە بە زۆری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا رێز و کاریگەریی زیاتریان هەیە. زۆر هۆکار کاریگەرییان لەسەر ناوبانگی دەوڵەتێک هەیە، لەوانە:
سیاسەتی دەرەوە
سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک هۆکارێکی چارەنووسسازە بۆ دیاریکردنی ناوبانگەکەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بۆ نموونە ئەگەر وڵاتێک سیاسەتێکی دەرەوە بگرێتەبەر کە هەوڵی بەدیهێنان و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا دەدات، ئەم سیاسەتە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوبانگی وڵاتەکە دەبێت، لەم رووەوە نموونە زۆرن: ئەڵمانیا و ژاپۆن وڵاتانێکن کە بە سیاسەت میانڕەوی و رێژەی زۆری هاوکاری نێودەوڵەتی ناسراون و بە ناوبانگن، هەروەها سویسرا بە یەکێک لە سەقامگیرترین وڵاتەکانی جیهان دادەنرێت، ئەمەش لە ئەنجامی بێلایەنی و ناوبانگی لە بوارەکانی داهێنان و تەکنەلۆجیا و گەشەی بەردەوامدا.
ئابووری
ئابووری فاکتەرێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی ناوبانگی وڵات، بەو پێیەی سەقامگیری دارایی و ئابووریی وڵات بە هۆکارێکی گرنگ دادەنرێت بۆ باشترکردنی ناوبانگەکەی، وەک پێگەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە یەکێکە لە خێراترین وڵاتانی گەشەسەندنی ئابووریی لە جیهاندا، بەو پێیەی ئابوورییەکی هەمەچەشنی هەیە کە پشت بە نەوت و گاز و خزمەتگوزارییە دارایی و ناداراییەکان و گەشتیاریی دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە کە ئیمارات ببێتە شوێنی سەرەکی بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان. جگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین، دوو لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهانن، بەو پێیەی خاوەنی ئابوورییەکی هەمەچەشن و بەهێزن کە پشت بە داهێنان و تەکنەلۆژیا و پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی نێودەوڵەتی دەبەستێت.
رۆشنبیری
رۆشنبیری، هونەر، ئەدەب، مۆسیقا و فیلمی تایبەت دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ناوبانگی وڵاتێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. رەنگدانەوەی مێژووی دەوڵەمەند و میراتی کەلتوری و هونەری نەتەوەیی خۆی. فەڕەنسا بە یەکێک لە وڵاتە رۆشنبیریی و کەلتورییەکان بەناوبانگەکانی جیهان دادەنرێت، بەو پێیەی مێژوویەکی دوور و درێژی لە بواری هونەر و ئەدەب و فەلسەفەدا تۆمارکردووە، پاریس بە پایتەختی هونەر لە جیهاندا ناوزەد کراوە، هەروەها میوانداری بارەگای رێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و کەلتوری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) دەکات.
وەرزش
وەرزش هۆکارێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی ناوبانگی وڵاتێک، وە رەنگە وەرزش وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیپلۆماسییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنرێت. ناوبانگ لەسەر بنەمای دەستکەوتە وەرزشییەکانی وڵاتێک بە درێژایی مێژووی وڵاتەکەی حیسابی بۆ دەکرێت. لە نێو ئەم وڵاتانەدا ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، روسیا، بەرازیل، هەریەکەیان لە بوارێکی وەرزشی جیاوازدا.
پەیوەندیی نێوان دیپلۆماسیی وەرزشی و ناوبانگی دەوڵەت
پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان ناوبانگی دەوڵەت و دیپلۆماسیی وەرزشیدا هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەردووکیان بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجیان لەسەر فاکتەری کاریگەرییە، دیپلۆماسیی وەرزشی کاریگەریی لەسەر جەماوەری دەرەوەی وڵات هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای کارنامەی دەرەوەی دەوڵەت یان گۆڕینی وێنەی دەروونی و باشترکردنی ئاستی پەیوەندییەکان لە مامناوەند و درێژخایەندا. بۆیە وڵاتان کێبڕکێ دەکەن بۆ میوانداریکردن یان بەشداریکردن لە چالاکییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی. میوانداریکردنی جامی جیهانی فیفا لە ساڵی 2010 لەلایەن وڵاتێکی وەک ئەفریقای باشوور سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا و بووە هۆی ئەفریقای باشوور وەک وڵاتێکی خاوەن کەلتورێکی دەوڵەمەند و شێوازی ژیانی پێشکەوتوو. ئەم بۆنەیە یارمەتیدەر بوو بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی گەشتیار و وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا. هەروەها ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی میوانداری زۆرێک لە چالاکییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکانی کردووە، وەک پاڵەوانێتی جیهانی گۆڵف و جامی جیهانی یانەکانی فیفا. ئەم بۆنانە یارمەتیدەرن بۆ بەرزکردنەوەی وێنەی ئەرێنی وڵات و بەدەستهێنانی سوودی ئابووری و گەشتیاری. ئیمارات وەبەرهێنانێکی زۆر لە وەرزشدا دەکات، بەردەوام پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە وەرزشوانەکانیان دەکات.
دیپلۆماسیی وەرزشی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ناوبانگی وڵات هەیە و چەندین کاریگەری بەرهەم دەهێنێت، لەوانە:
کاریگەرییە کەلتورییەکان
دیپلۆماسیی وەرزشی بەشدارە لە بەرزکردنەوەی ناوبانگی وڵاتێک لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەلتور و میراتی نیشتمانی وڵاتەکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کە دەتوانێت لێکتێگەیشتن و رێزگرتنی یەکتر لە نێوان وڵات و کەلتورە جیاوازەکاندا بەرز بکاتەوە، وەک ئەوەی لە مۆندیالی قەتەر 2022 روویدا.
کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان
دیپلۆماسیی وەرزشی یارمەتیدەرە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی و هاوکاری نێوان وڵاتان لە بوارە جیاجیاکاندا، وەک هاوکاریی وەرزشی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و گەشەپێدان، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
کاریگەرییەکانی ژینگە
دیپلۆماسیی وەرزشی، هۆشیاریی ژینگەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەرەوپێش دەبات، ئەمەش لە بەرامبەردا یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان.
کاریگەرییە ئابوورییەکان
دیپلۆماسیی وەرزشی بەشدارە لە بنیاتنانی ناوبانگی وڵات لە چەند رێگایەکەوە، لەوانە بەرەوپێشبردنی گەشتیاری لە رێگەی راکێشانی سەردانکەری زیاتر بۆ وڵات، بەو پێیەی خەڵکێکی زۆر دەچنە ئەو وڵاتانەی کە میوانداریی رووداوە وەرزشییە گەورەکان دەکەن وەک جامی جیهانی فیفا، یارییە ئۆڵۆمپیەکان و...هتد، جگە لە پێشخستنی دەرفەتی وەبەرهێنان وەرزش سەرنجی جیهانی بۆ خۆی رادەکێشێت و دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان دروست دەکات. هەروەها دیپلۆماسیی وەرزشی بەشدارە لە بەهێزکردنی براند و مارکەی نیشتمانی وڵات و زیادکردنی ناوبانگی جیهانی. هەروەها بۆنە وەرزشییەکان هەلی کاری نوێ دروست دەکەن و هاندەری وەبەرهێنانن.
لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ژینگەی دیپلۆماسیی وەرزشی، گرنگیدان بە دیپلۆماسیی وەرزشی پەرەی سەندووە، ئەمەش وایکردووە دیپلۆماسی خۆی لەگەڵ رێبازە نوێیەکاندا بگونجێنێت و تاقیبکاتەوە. دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی جەنگی سارد، حکومەتەکان زیاتر حەزیان لە دیپلۆماسیی وەرزشی وەک ئامرازێکی ناڕاستەوخۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوە و وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی وێنای زەینی سەرنجڕاکێش لە بەردەم بینەرانی بیانیدا بەکارهێنرا.
لە کۆتاییدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست جگە لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و قەتەر و بەم دوایەش عەمان و سعودییە، هیچ وڵاتێکیتر جگە لە هەندێ هەوڵ لێرە و لەوێ، بە تایبەتی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دور و نزیک لە نەخشەکەدا نین و پلانێکی دیارییان نییە بۆ سوود وەرگرتن و بەکارهێنانی دیپلۆماسیی وەرزشی وەک هێزی نەرم و هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ گەشتن بەم مەبەستە، هەرچەند فاکتەر و دیاردەکان هەن و بەردەستن.
چەمکی دیپلۆماسیی وەرزشی لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا جێگەیەکی گرنگی لە کۆریدۆرەکانی دیپلۆماسیی گشتیدا داگیرکردووە، وەرزش بووەتە یەکێک لە ئامرازەکانی داڕشتنی وێنەی وڵاتان لەسەر شانۆی جیهانی لە ئەنجامی ورووژاندنی هەستی، وەک چۆن رووداوە وەرزشییە گەورەکان سەرکەوتوو دەبن لە راکێشانی سەرنجی ملیارەها کەس، بیرۆکەیەک کە جۆزێف نای لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێکردووە «هێزی نەرم ئامرازی سەرکەوتنە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا»، کاتێک وەرزش دەتوانێت رۆڵی گرنگ لە گواستنەوە و گەیاندنی بەهاکان هەبێت.
* توێژەر لە ACNS
تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە دیپلۆماسیی وەرزشی نەداوە