هەڵوەستەیەك لەسەر وتارەكەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی

10:49 - 2024-10-02
له‌تیف نێروه‌یی
206 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قۆناغی یەكەمی بانگەشەی هەڵبژاردن بەپێی ئەو پلانەی كە پێشتر داڕێژرابوو، بەشێوەیەكی سەركەوتووانە بەڕێكرد و پێی نایە ناو قۆناغی دووەم. لە قۆناغی یەكەمدا میدیای یەكێتی وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی لە رووماڵی سەنگین و گوتاری میانڕەوانەدا، خۆی دورەپەرێز گرت لە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەت و تەشهیر و پەیامە چەواشەكاریانەی كە هەندێ لایەنی سیاسی خەون و خەیاڵی خۆیان لەسەری هەڵچنییەوە، بەپێچەوانەوە بنەما و پنتی سەرەكی كاركردنی راگەیاندن لەژێر رۆشنایی یەكەم پەیامی سەرۆك بافڵ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد و شیكردنەوە و خستنەڕووی رەهەندە هەمەجۆرەكانی سیاسەتی یەكێتی؛ پلانی سەرەكی بوو، كە پەیامەكەی سەرۆك هەموو روانگە و سۆنگەكانی لە پێشكەشكردنی حوكمڕانییەكی تەندروست و دەسەڵاتێكی چاكەخواز و دیدگای راست و دروستی یەكێتی بۆ داهاتوو خستبووەڕوو.
-قۆناغی دووەمی بانگەشەی یەكێتی بە ئەنجامدانی كەرنەڤاڵێكی جەماوەریی فراوان و پێشكەشكردنی دووەمین وتار و پەیامی سەرۆكی یەكێتی بە ستایل و مۆدێلێكی نوێ دەستیپێكرد، كە پێشتر لە هەرێمی كوردستان ئەم مۆدێل و ستایلە خۆڕسك و هاوچەرخە بوونی نەبووە، هەرچەندە لەوانەیە ناوەڕۆكی پەیامەكە بە دڵی هەندێ لایەن نەبووبێت، بەڵام خستنەڕووی راستییەكان و راستگۆیی سەرۆك بافڵ لەگەڵ حزبەكەی خۆی و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان و دواجاریش لەگەڵ هەموو گەلی كوردستان، ئەو راستییە دەسەلمێنێت، كە ئەوە بە تەنها وتار و پەیام نەبوو، بەڵكو نەخشەڕێگەی داهاتووی كورد و بزووتنەوە سیاسییەكەی بوو، دروست وتاری سەرۆك بافڵ تاڵەبانی كە لە پێنج بەشدا پۆلێن دەكرێت، چەند رەهەندێكی كەسیی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، حزبی، ئیداری و حوكمڕانی، لەخۆدەگرێت.
بەشی یەكەم تەرخانكرابوو بۆ دۆخی ناوخۆیی حزب و بەراوردكردنی دۆخی ئێستای یەكێتی بە قۆناغەكانی رابردوو، لەو هەڵسەنگاندنەدا ئەو راستییە سەلمێنرا، كە جاران بەهۆی كێشە ناوخۆییەكان و تەكەتولاتەوە، یەكێتی نەیدەتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام ئێستا یەكێتییەكی بەهێز لە گۆڕەپانی خەباتدایە و تەنها یەك بژاردە لەبەردەم قیادە و قاعیدەی یەكێتی هەیە، ئەویش تەنها و تەنها سەركەوتنە، ئەو سەركەوتنەش بەوە دەكرێت كە سیاسەتی یەكێتی وەك نەخشەڕێگایەكی نوێ بە تەواوەتی لە پلان و سیاسەتی حوكمڕانیی هەرێمدا رەنگبداتەوە، ئەمەش كاتێ دێتەدی كە بتوانین سەرجەم چەوتییەكانی حوكمڕانی لە هەرێم راستبكەینەوە و كۆتایی بە واقیعی تاڵی ئێستای هەرێمی كوردستان بهێنین.
بەشی دووەمی وتارەكە پەیوەست بوو بە شكستی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات كە لە ماوەی 17 ساڵ و نیوی رابردوودا ساڵ لە دوای ساڵ دۆخی هەرێمی كوردستان و بژێویی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم خراپتر دەبێت و ئیدی ناكرێ‌ لەمە زیاتر هەرێمی كوردستان و ئایندەی ئەم وڵاتە بكرێت بە قوربانی بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبی و كاتی ئەوە هاتووە، خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و بۆ ئەم هەنگاوە گرنگەش دوو بژاردە لەبەردەمیدایە، بژاردەی یەكەم ئەوەیە بەردەوامبوونە لەسەر هەمان سیاسەت و پشتگیریكردنە لە حوكمڕانی پارتی، بژاردەی دووەمیش ئەوەیە كە دەرفەتێك بە یەكێتی بدەن و ئەمجارە پشتگیری لە یەكێتی بكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە جۆرەها قەیران و مەترسی دەرباز بكات و رەوشی ژیانی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم باشتر بكرێت و كۆتایی بە كێشەی مووچە بهێنێت.
بەشی سێهەمی وتارەكە تایبەت بوو بە حزبە سیاسییەكانی دیكە و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەمترین قسەی لەسەر ئەو هێزانە كرد، بۆچی چونكە ئەم هێزانە ناتوانن باری لاری هەرێمەكەمان راست بكەنەوە و پێیان ناكرێت، تەنانەت ناتوانن هەڵوێستێكی رۆشنیان هەبێت بەرامبەر بە پارتی، بۆیە هەموویان لە شاری سلێمانی و لە سایەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە سوودوەرگرتن لەو ئازادییەی كە بۆیان رەخساندووە، بۆ هەموو بابەتێك بە هاوسەنگی رەخنە لە یەكێتی و پارتی دەگرن.
بەشی چوارەمی پەیامەكە تایبەت بوو بە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی كە پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو كەشە ئاڵۆز و پڕ مەترسییە ئەمنییەی كە لە سنووری پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر هاتووەتە كایەوە و دەیانەوێ‌ پروسكی ئەو كەشە ئاڵۆزە بگاتە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و بۆ ئەو مەرامە بە بەردەوامی یەكێتی تەخوین دەكەن، سەرۆك بافڵ لەو بوارەدا پەردە لەسەر زۆر نهێنی هەڵماڵی و رایگەیاند كە دەبێ كۆتایی بەم دەسەڵاتە گەندەڵە بهێنین بۆ ئەوەی پارتی لەمەودوا نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی و لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبی دەستی ئەم وڵات و ئەو وڵاتە بگرێت و رایانكێشێتە ناو خاكی كوردستان و بەشێكی خاكی ئەم هەرێمە بە دیاری پێشكەشیان بكات، وەكو ئەوەی ئێستا لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك دەگوزەرێت.
بەشی پێنجەمی پەیامەكە تایبەت بوو بە ژنان و گەنجان و ئەو هاووڵاتیانەی كە تا ئێستا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە چ لایەنێك بدەن و ئۆباڵی كۆچبەربوونی (750) هەزار گەنجی ئەم وڵاتە بۆ دەرەوەی وڵات خستە ئەستۆی سەركردایەتیی پارتی كە بەهۆی سیاسەتی شكستخواردووی ئەو حزبە، گەنجان وڵات بەجێدەهێڵن و رێگەی هەندەران دەگرنەبەر.
دواپەیامیش بۆ هەموو گەلی كوردستان بوو كە یەكێتی هێزە و تەنها بەو هێزە دەتوانین كۆتایی بە دۆخی ئێستای هەرێم بهێنین و لەگەڵمان بن بۆ ئەوەی كۆتایی بە دەسەڵاتی تاكە حزبی بهێنین و بەیەكەوە وڵات بەهێز بكەین و خزمەتی هاووڵاتیان بكەین بەبێ جیاوازی كە شایستەی خزمەتكردنن نەك سزادانیان.

وتارەکانی نوسەر