قۆناغی دوای هەڵبژاردن و دانوستانی ناڕاستەوخۆ

09:37 - 2024-11-04
له‌تیف نێروه‌یی
157 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

 

ئەنجامی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەك گۆڕانكاری هاتووە بەسەردا كە لەسەر ئایندەی هەرێم و شێوازی حكومڕانی و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ جۆرەها سیناریۆ لە هزری راڤەكاراندا پەنگیان خواردووە و ئاسان نییە بتوانن پشت بە تاكە بژاردە و سیناریۆیەك ببەستن، لەبەرئەوەی هیچ لایەنێك وەكو جاران ناتوانێت بە تەنیا و بە پشت بەستن بە رێژەی (50+1) دیزاینێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ نەخشەڕێژ بكات و فەرموو لە لایەنەكانی دیكە بكات بۆ بەشداریكردن و پەسەندكردنی كابینەكە و كارنامەكەی، بۆیە چاوی چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەكارانی رووداوە سیاسییەكان لەسەر جووڵە و هەڵوێستی ئەو لایەنانەیە كە سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و هەر یەكێك لەو لایەنانە ئەجێندای تایبەت بە خۆیان هەیە لەسەر ئایندەی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ و شێوازی حكومڕانی.
ئەگەر بە بەرنامە بێت، یان بە رێكەوت و سودفە، لە دوای هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، كۆمەڵێ دیدار و كۆنفرانس و بۆنەی جیا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دران، كە بۆ ئەم قۆناغە گرنگ و كاریگەر بوون، چونكە شەقام و رای گشتی، تەنانەت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چاوەڕوانی هەڵوێستی نوێی لایەنەكان دەكەن بۆ ئەوەی بزانن كام لایەن جددی بووە لەو پەیام و بەڵێنانەی كە لە بانگەشەی هەڵبژاردن ئاڕاستەی جەماوەر كران و لە دوای هەڵبژاردنیش كامیان سوورە لەسەر جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی خۆی و كامە لایەنیش پەیام و بەڵێنەكانی تەنها بۆ راكێشانی سۆزی جەماوەر و كۆكردنەوەی دەنگی دەنگدەر بووە، هەروەك بۆ ئەوەی بزانن دیدگا و سیاسەتیان چییە لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ، بۆیە لایەنە سیاسییەكان لەڕێی مایكی ئەو دیدار و كۆنفرانس و بۆنە جیاوازانەوە، پەیامی دانوستانێكی ناڕاستەوخۆیان بە لایەنی بەرامبەر و جەماوەری كوردستان گەیاند، دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەو مانایە دێت كە سەرۆك و سەركردەی لایەنەكان لەڕێی لایەنی سێیەمەوە پەیامی خۆیان بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیەنن و زۆرجار بەهۆی دانوستانی ناڕاستەوخۆ زەمینە دەڕەخسێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی راستەوخۆی رووبەڕوو. 
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو مایكانە توانیویانە ئەو زەمینەیە بۆ سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بڕەخسێنن، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دانوستانی راستەوخۆ ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لەنێوان ئەو لایەنانەی ناكۆكی توندیان هەیە لەسەر شێوازی حكومڕانی و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ و نەهێشتنی چەوتییەكانی حكومڕانی؟.
وەڵامی ئەم پرسیارە بە بەڵێ یان نەخێر نادرێتەوە تاوەكو بەرچاوڕوونییەكی زیاترمان نەبێت لەسەر ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان تا چەند ئەزموونیان وەرگرتووە لە هەڵەكانی رابردوو.

وتارەکانی نوسەر