دروشمە ئەبەدییەکەی مام جەلال

«ئازادی و نان، بۆ نووسەران و هونەرمەندان»

12:58 - 2024-10-03
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
795 خوێندراوەتەوە

مێژووی ژیانی سیاسیی سەرکردە ناسراوەکانی کورد و بیر و بۆچوونەکانیان، یەکێکە لەو کایە گرنگانەی کە رووناکبیرانی کورد بە بایەخەوە چ بە باش بێت یان خراپ باسیان کردووە و دەیکەن، ئەویش لە نووسینە ئەدەبی و کارە هونەرەکانیاندا بێت یان لە کتێبی بیرەوەرییەکانیاندا یان لەرێی ژانرە جۆربەجۆرەکانی ئەدەب و هونەرەوە. 
مام جەلال کە بۆ خۆی نووسەرێکی کارامە و رۆژنامەنووسێکی خاوەن ئەزموون بوو، زۆرترین بابەتی لەسەر نووسراوە و قسەی لەبارەوە کراوە لەلایەن یار و نەیاری کورد و نووسەرانی هەموو جیهانەوە، بە چەندین زمانی زیندوو. ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە کەسایەتیی ئەم سەرکردە ناسراوەدا پەیوەندیی پتەویەتی لەگەڵ نووسەراندا وەک بەشێک لە ئەوان و تێگەیشتنیەتی لە جیهان و پەیامە تایبەتییەکەیانی کەسی نووسەر و هونەرمەند. هەروەها مام جەلال ئەو سیاسییە لەخۆبوردووەیە کە لە بواری رووناکبیریی بە گشتیی، نزیکە و باڵانسی نێوان ئەدەبیات و سیاسەتی بەباشیی راگرتووە. راستی خۆشە، هەموو سەرکردەیەک ناتوانێت باوەڕبوونی بە ئازادیی رادەربڕین، تا ئەو ئاستەبێت، بڵێت: «کە ویستتان رەخنە بگرن لە منەوە دەستپێ بکەن» لەبەرئەوەی زۆربەمان سنوورێکی سوورمان هەیە کە ئەو منەیە. لەگەڵ رەخنەدا دەبین بەڵام تا ئەو سنوورەی نەگاتە خۆمان، بەڵام مام لە پرسێکی ئاوا هەستیاریشدا رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەوانی تر بەشێکی دانەبڕاو بوو لە کەسایەتییە فرە رەهەند و سەرسوڕهێنەرەکەی، هەر ئەمەیش وایکرد سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی دروست بکات و بە چەندین هەڵوێستی ناوازە ئەو باوەڕە دووپات بکاتەوە کە ڤۆڵتێر دەیڵێت: «لەوانەیە لە بۆچووندا جیاوازبین بەڵام، ئامادەم ژیانم ببەخشم، لە پێناوی مافی تۆ لە رادەربڕیندا «لەزۆر نووسیندا نووسەرانی کورد باسیان لە بەرگریی مام جەلال لە ئازادیی نووسین کردووە، دوو نموونەی بەرجەستە هەن لەو هەڵوێستە رووناکبیرییانەی مام جەلال کە ئەمانەن:
 بەرگریی کردنی مام لە رۆمانی «سەگوەڕ» ی محەمەد موکری لە سەردەمی خەباتی شاخدا کە تییدا رەخنەی لە پێشمەرگە و ئەو قۆناغەی خەبات گرتبوو، هەروەها بەرگریی کردنی مام لە رۆمانی «مولازم تەحسین و شتی تریش» کە نووسینی فەرهاد پیرباڵە و وەختی خۆی لە دوای راپەڕین بڵاوبۆوە و هێزی پێشمەرگەی تووڕە کرد.لە هەردوو رۆژگاردا مام جەلال بە دەنگێکی دلێرانە بانگەوازی بۆ فراوان کردنی پانتایی ئازادیی کردووە کە بۆ ئەو رۆژگار و سەردەمە پاڵنەری زۆر هەبوون بۆ هەڵبژاردنی بێدەنگیی، بەڵام دەنگ هەڵبڕین لە پێناوی نەخنکاندنی رای جیاوازدا بژاردە دڵخوازەکەی ئەو بوو. 
خاڵێک کە شایستەی ئاماژە پێدانە، پەیوەندیی مام جەلال -ە بە نووسەر و رۆژنامەنووسانی دیارەوە لەسەر هەردوو ئاستی دەرەوە و ناوخۆی وڵات. بیرمە (مام) بە بۆنەی گەڕانەوەی شاعیری ناسراو ئەحمەد هەردی -یەوە سەردانی  ماڵەکەی کرد و ئێوارەیەکیان نووسەرانی بانگهێشت کرد بۆ ئێوارە خوانێک بەو بۆنەیەوە، ئەم نووسەرە ساڵانێک بوو ئاوارەی هەندەران بوو، ئەم سەردانەوەیەی لەسەروەختی رووخانی رژێمی بەعسدا بوو لە ساڵی 2003دا. هەردی ئەو ئێوارەیە بەدیداری زۆربەی نەوە ئەدەبی و هونەرییەکان شادبۆوە و بۆ رێکخستنی ئەو ژووانە لەیاد نەکراوە سوپاسی لوتفی مام جەلالی هاوڕێی کرد. هەر لەناو پەیوەندییە ناوازەکانیدا بە خاوەن قەڵەم و بیرمەندەکانەوە، پەیوەندیی تایبەت و قووڵی مام جەلال لەگەڵ شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی جەواهیریی جێگەی تێڕامانە. لەسەروەختی دانانی پەیکەرێکدا بۆ جەواهیریی، لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانیش کۆڕێک بۆ یادکردنەوەی ئەم شاعیرە رێکخرا کە هاوڕێی گیانی بەگیانیی مام جەلال و دۆستی کورد و دۆزەکەی بوو. تەنانەت جەواهیریی تا کۆچی دواییشی کرد، هەر کڵاوێکی بەردەوام لەسەردابوو کە بە چنین لەسەری نووسرابوو کوردستان، گەلۆ ئەوە بڕیارێکی سەختە ناوی کوردستانت لەسەر سەری خۆت دانابێت و لەگەڵ عەرەبدا بژیت،  هەرئەمە بۆخۆی نیشانەی وەفادارییەکی هەمیشەیی بوو بۆ مام جەلال و کوردستان. لەو کۆڕە تایبەتەدا بە رێزلێنان لە جەواهیریی کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەرانی کورد و عەرەب بەشداربوون تێیدا، مام بە وتارێکی زۆر جوان بەشداربوو کە ئامادەبووانی تەواو سەرسام کرد، بەتایبەتی ئەوکاتەی شیعرەکانی جەواهیریی بەو عەرەبییە رەوان و تۆنە ناوازەیە دەخوێندەوە و شیعرەکانیشی لەبەربوون، وەک شاعیرێک و ئامادەبوویەکی ئەو کۆڕەی بەرزڕاگرتنی یادی جەواهیریی دڵخۆشبووم سەرکردەیەکی کورد هێندە ئاگاداری دنیای ئەدەب و جیهانی شیعرە و بەوەفایە بۆ هەموو ئەو نووسەرانەی رۆژێک لە رۆژان پشتیوانییان لە کورد و داوا رەواکانی کردووە. 
ئەم وشانەی لێرەدا دەیخوێننەوە بە تەنیا ستایش نییە بۆ رۆڵی سەرکردەیەکی کورد لە بواری رووناکبیرییدا، چونکە مام جەلال خۆی حەزی بە ستایش کردن نەبوو، تەنانەت پێویستیشی پێی نەبوو، بەڵکو ئەمە نووسینەوەی بەشێک لە نەخشی ئەوە لەسەر نەخشەی بوارە جیاوازەکانی چالاکیی و بەخششەکانی کە یەکێک لەو بوارە گرنگانە رۆڵی ئەوە لە بواری ئەدەب و هونەردا. بایەخدان بە گوزەرانیی نووسەر و هونەرمەند لەو دروشمە کاریگەرەدا تەواو بەرجەستە و روونە کە دەڵێت: «نان و ئازادیی بۆ نووسەران و هونەرمەندان» ئینجا ئادییش پێش نانەکە دەخەم، لەسۆنگەی ئەو باوەرەوەی ئەو نانە کەی نانە ئەگەر ئازادیی لەگەڵدا نەبێت. وەک هەر وڵاتێک لەو وڵاتانەی جیهان کە بەهرەمەندان تێیاندا رێزلێگیراون و دۆخی ئابووریش هاندەربوو بۆ پیشکەشکردنی رێزلێنانێکی مانگانەی شایستە بە ژمارەیەکی زۆر لە ئەدیبان و هونەرمەندان بەبێ جیاوازی و سەربە هەر بیر و بۆچوونێکیش بووبن. ئەوانەی سوودمەندبوون لەو مینحەیە گەواهیی ئەوە دەدەن، ئازادانە بە وەرگرتنی ئەو رێزلێنانەش دەستیان دەکرد بە رەخنەگرتن و نووسینی ئازادانەی خۆیان. لایەنێکی دیکەی پرسی روانینی مام جەلال بۆ بواری رووناکبیریی و کارایی لە مەیدانەکەدا، هاوکاریی کردنی دەزگا و دامەزراوە هەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستان بووە، هەرلە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ و تەنانەت مام جەلال هاوکاریی نەوشیروان مستەفای کرد بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای وشە، ئەو دامەزراوە رووناکبیرییانە زۆرن کە بەرهەمی میهرەبانیی مامن بەڵام لێرەدا با هێندە بەس بێت.
لە کۆتایییدا ئەوەی ماوە ئاماژەی پێ مام جەلالی نووسەرە کە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە لە بواری وتاری سیاسی و ئەدەبی و روانینی هونەرییدا. سەرەتا وەک رۆژنامەنووسێک بە نازناوی (پیرۆت) بابەتی نووسیوە و دوارتر سەدان وتار و رەخنە و لێکۆڵینەوەی بەهەردوو زمانی عەرەبیی و کوردیی بڵاوکردۆتەوە، ئەم تێکەڵاوییەشی لەگەڵ دنیای نووسین قەزاوەتی بۆ ئاسان کردووە، لەو مەسەلانەدا کە پەیوەستن بە نووسەرانەوە. 

وتارەکانی نوسەر