کەرکوکمان بەدەنگ هێنایەوە نەک بە خوێن

10:05 - 2024-10-16
هیوا محەمەد
525 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

ئەوە ی.ن.ک بوو زیرەکانە توانی بەر لە روودانی ئەو شەڕە خوێناوییە بگرێت و بە پشوو درێژییەوە دوای حەوت ساڵ لەرێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەوە ئیدارەی کەرکوک بگەڕێنێتەوە بۆ کورد

 توڕەیی ئێران و تورکیا لە ریفراندۆم، وایکرد پشتگیری عیراق بکەن لە بەکارهێنانی هێز بۆ گرتنەوەی کەرکوک و گوشارخستنە سەر هەرێم، ئەمە جگە لەوەی، ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەکێتی (لەسەر خواستی تورکیا و بە دەستپێشخەریی پارتی) روویدا و گرتنی کەرکوکی بۆ عیراق ئاسانتر کرد، بەڵام ئەوانەی پێیانوایە ئەگەر ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی نەبوایە، عیراق نەیدەتوانی کەرکوک بگرێتەوە، هەڵەن، چونکە  هەرێم یان کورد توانای ئەوەی نییە هیچ کات بێ پشت و پەنای هێزێکی دەرەکی بە رووی بەغدادا بوەستێتەوە، لایەنی دەستوورییش رێگە بەوە نادات، چونکە هەرێم بەشێکە لە عیراقی فیدراڵ و پێشمەرگەش بەشێکە لە داکۆکیکاری عیراق و لەناو سوپای نیشتمانی عیراقدایە، ئیتر چۆن دەبێت لەگەڵ سوپای عیراق بکەوێتە شەڕەوە؟
ئەگەر وڵاتێکی دراوسێ لە پشت هێزە کوردییەکانی هەرێمەوە بوایە، ئەوا دەکرا بڵێین پێشمەرگەی هەرێم بە هەموو حزبەکانەوە دەیان توانی بەرگریی بکەن و نەهێڵن سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بێنە پێش.
 لەدوای ریفراندۆمە فاشیلەکەی سەرانی ئەوکاتی هەرێمەوە کە سەرچاوەکەی تاکڕەوی و عینادی بوو ( بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای تورکیا کە ریفراندۆم خۆی دایڕشتبوو بە رەزامەندی پارتی)، هەریەک لە تورکیا و ئێران داوایانکرد لە حکومەتی عیراق، کەرکوک و ناوچەکانی تر بگەڕێنێتەوە سەر ئیدارەی عیراق، ئەمە پێشتر لەکاتی هاتنی داعشدا هەریەک لە سەرۆکی هەرێم و بەغدا و ئەمریکییەکان رێکەوتنیان لەسەر کردبوو کە دەبێت ئەو ناوچانەی پێشمەرگە تێیدا ماونەتەوە بەهۆی راوەدوونانی داعش، لەدوای کۆتاییهاتنی داعش بگەڕێندرێنەوە سەر بەغدا، بەڵام کاتێک عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند کۆتاییمان بە داعش هێنا(وەک ئاماژەیەک بۆ کورد کە ئیتر کاتی جێبەجێکردنی رێکەوتننامەکەیە). 
لەو سەروبەندەدا سەرۆکی هەرێم ریفراندۆمی راگەیاند، ئەمەش بەو مانا رواڵەتییەی کە لەبری گەڕاندنەوەی ئەو شوێنانە، ئێمە ریفراندۆم دەکەین و دەسەڵاتمان فراوانتر دەکەین. 

تورکیا ئەمەی پێ باش بوو
تورکیا پێی باش بوو، چونکە دەیزانی بەمە نەبێت شۆفێنیستانی عەرەب بەئاگانایەنەوە کە هەموویان سەرسامی سیاسەتی سەرۆک مام جەلال بوون و هیچ مەترسییەکی جوداخوازی یان فراوانبوونی دەسەڵاتی ئیداریی هەرێم نەدەدیت، بەڵام ریفراندۆم راو هەڵوێستی هەموویانی یەکخست، لێکەوتەی کەرکوکی لێکەوتەوە.
بە شوین هۆکاردا بگەڕێن
ئێستا دەپرسین، چ زەمینەیەک لەبار بوو بۆ سوپای عیراق کە ئەو کارە بکات؟ یەکەم ئەو رێککەوتنە بوو کە هەرێم و بەغدا بە ئامادەیی ئەمریکییەکان کردبوویان کە پێشتر باسمان کرد، دووەم کاردانەوەی ریفراندۆم بوو، سێیەم دەسەڵاتی یەکێتی بەسەر کەرکوکدا زۆر زیاتر بوو لەوەی کە پارتی لەو شارەدا هەیبوو، لەو روانگەشەوە کە تورکیا لەڕیگەی تورکمانەکانەوە چاوی بڕیوەتە کەرکوک، پێی باش نەبوو ئەم دەسەڵاتەی یەکێتی درێژخایەن بێت و پێگەی فراوانتر ببێت، چونکە بۆ تورکیا پارتی دۆستێکی بە ئەمەکی دێرینە نەک یەکێتی کە هەمیشە لە ریزی نەیاری خۆی دایناوە، تەنانەت لەدوای راپەڕینەوە، هەموو ئەو کوردانە شاهیدحاڵن کاتێک لە ئیبراهیم خەلیلەوە دەهاتینەوە و دەیانزانی خەڵکی سلێمانین، میتەکانی سەر سنوور زۆریان ئازار دەداین و بیانوویان پێدەگرتین بەڵام بۆ دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، زۆر بە گەرمی مامەڵەکانیان بۆ راییدەکرا. ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی.
وەک هەر رووداوێکی دیکە بەدرایژایی مێژوو، پارتی ویستی 16 ی ئۆکتۆبەر بخاتە ملی یەکێتی و خۆی نەکاتە خاوەنی، ئەمە لە کاتێکدا کە سەرۆکی هەرێم بڕیار بەدەست بوو، ئەو خۆی لەگەڵ ئەمنریکییەکان و بەغدا لە گفتوگۆدا بوو، خۆ ئەمریکییەکانیش ئاگاداری هەموو پلانەکانی حەشد و سوپای عیراق بوون و دەیانزانی ئەمە ڕوودەدات و بەبەرچاوییانەوە ئەو سوپایە هاتۆتە کەرکوک و دەوروبەری.
لای پارتی و تورکیا ئەوە چاوەڕواندەکرا کە یەکێتی شەڕی سوپای عیراق بکات، چونکە ئەمە دەبووە هۆی لاوازبوونی یەکێتی و گەورەترین زیان بە هێزی پێشمەرگە دەگەیشت، بەڵام زیرەکیی ی.ن.ک لەوەدا بوو کە بڕیاری پاشەکشەی دا و خەڵکی شارەکەشی پاراست لە ماڵوێرانی.
ئەوان کە بکەری سەرەکیی ریفراندۆمە فاشیلەکەن، دەبێت بزانن کە هەرچی نەهامەتییە بەسەر کورددا هات بەهۆی ریفرانۆمەوە بوو، ئەو ریفراندۆمەی کردیان بۆ ئەوەی 16ی ئۆکتۆبەری لێبکەوێتەوە.
لە دوای سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم، سەرۆکی هەرێم چەندین جار داوای لە بەغدا کرد لەگەڵیان کۆببێتەوە، بەڵام هەر رەتیان دەکردەوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، ئەگەر سوپای عیراق داگیرکەرە و دەبوا رێگریی لێبکرێت، ئەی بۆچی داوای دانیشتنیان لەگەڵ دەکردن و ستایشی بەغدایان دەکرد تا لەو میحنەتەی بەهۆی ریفراندۆمەوە بەسەریاندا هات رزگاریان بکات؟
دیسان بەغدا ئەو درواسێ باشە نەبوو کە سەرۆکی هەرێمی ئەوکات دەیووت؟ ئەی چۆن دەبێت لەگەڵی بچێتە شەڕەوە؟
ئێستا دەتوانین بڵێین ئەوە ی.ن.ک بوو زیرەکانە توانی بەر لە روودانی ئەو شەڕە خوێناوییە بگرێت و بە پشوو درێژییەوە دوای حەوت ساڵ لەرێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەوە ئیدارەی کەرکوک بگەڕێنێتەوە ژێر کورد.

 

وتارەکانی نوسەر