تێگەیشتن لە 16ی ئۆكتۆبەر بەبێ تێگەیشتن لە ریفراندۆم كورت دەهێنێت، هەروەك تێگەیشتن لە 16ی ئۆكتۆبەری كەركوك بەبێ تێگەیشتن لە 16ی ئۆكتۆبەری شنگال و پردێ و سحێلا و تانكی ئەبرامزیش هەر كورت دەهێنێت.
بۆ تێگەیشتنی دروست لە رووداوەكانی ئەو رۆژە لە كەركوك و دەوروبەری، پێویستمان بە وردبوونەوە و دیقەت دانە لە رووداوە هاوشێوەكانی هەمان رۆژ بۆ نموونە هەڵاتن و كشانەوە لە شنگال و باشیك و ناوچەكانی تر
هاتنی داعش و داگیركردنی پانتاییەكی فراوانی خاكی سوریا و عیراق و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت، سەرەتا و تا ئەو كاتەی ئاگرەكە خۆمانی نەگرتەوە؛ لە بەرژەوەندیی كوردستان بوو، هەندێك كەس و لایەن شاگەشكە بوون و هەر ئەوە مابوو بروسكەی پیرۆزبایی بنێرن بۆ دامەزراندنی.
هەندێك ئەوەندە كورتبین بوون، كە پێیانوابوو داعش هەقی بەسەر ئەوانەوە نییە، لەوەشدا تەماشای كونسوڵی توركیا لە موسڵ- یان دەكرد كە ماوەیەك دەستگیركرا و پاشان بەبێ ئەوەی ئوتوی یەخەی كراسەكەی بژاكێت؛ ئازادیان كرد، هەر ئەوەش بوو وای لێكردن (پێشمەرگە)یەك بە قاتی كوردیی ئوتوكراوەوە بچێتە نزیك باشیك، وەك ئەوەی بۆ پیاسە یان ئاهەنگی شەكراوخواردنەوە بچێت!.
بەڵام تیرۆریستان بە چەند رۆژێكی كەم ئەو پێ وابوونەی پێچەوانە كردەوە، لێ ئەوە كۆتایی چیرۆكی لەخۆگۆڕان نەبوو، بەڵكو لە رێگەی ریفراندۆمەوە كورتبینی و خراپبینییەكان بەردەوام بوون، كە دواجار هەموو ئەوانە پێكەوە رووداوێكی ناخۆش و لەبیرنەكراویان لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەردا تۆماركرد، رووداوێك كە لاپەڕەكانی مێژووی بە فۆنتێكی زەق و سایزێكی گەورە و بە بۆڵدكراوی دەنووسێتەوە.
ئەوانەی بەهۆی ئەو رووداوەوە بوونە قوربانی و زەرەر و زیانی زۆر بە ناوچەكانیان كەوت، باشتر لە ریسكی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر تێدەگەن، تا ئەوانەی بە خەیاڵەوە دەژین و پێیانوایە هێزی عیراقیان لە پردێ راگرت و تانكێكی ئەبرامزیشیان تێكشاند، عیراق، بەهێز و یەكە جیاوازەكانییەوە، تا ئەو جێیە هات كە بۆی دیاریكرابوو، هەرگیز بڕیار نەبووە پردی پردێ تێپەڕێنێت، جا پردەكە نەتەقێنرایەتەوە باشتر بوو و پێویستی نەدەكرد هەر لە سەر خەرجی تەقێنەرەوەكان چاك بكرێتەوە!.
بۆیە؛ بۆ تێگەیشتنی دروست لە رووداوەكانی ئەو رۆژە لە كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری، پێویستمان بە وردبوونەوە و دیقەت دانە لە رووداوە هاوشێوەكانی هەمان رۆژ لە دووریی سەدان كیلۆمەتر، بۆ نموونە هەڵاتن و كشانەوە لە شنگال و باشیك و ناوچەكانی تر.
ئەگەر لە كەركوك شەڕ روویدا بێت و یەكێتی شەهیدی دابێت، خۆ لە شنگال هەڵاتنەكە زۆر خێرا و بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو، نەك فیشەكێك نەتەقی، بەڵكو زۆر گشتگیر و فراوان بوو، هەرنا لەو پردێیەی زۆرجار فەرماندە هەڵاتووەكەی بە فارسییەكی جوان قسە دەكات، هەڵاتنەكە ئەوەندە شەرمهێن و ئابڕووبەرە تەنانەت تەقینەوە بێ هودەكەی پردەكە و فیلمە هندییەكەی تانكی ئەبرامزیش قەرەبووی ناكاتەوە.