چۆن سەرۆک وڵاتێکی شیاو دەناسینەوە ...؟

مەعریفەناسیی سەرۆکێکی سێ جار گەورە

10:47 - 2024-10-21
مەحمود شێرزاد
203 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد


بۆ دەبێ هەموو سەرۆکێک سێ جار گەورە بێ؟ ئەم سێ جارە کامانەن؟ کێ دەڵێ دەبێ سەرۆک وابێ و بۆ وا دەڵێ؟ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەوەپێش، کەسێک لە میسری ئێستا لەدایک بووە بە ناوی (تات)، کە ئێمە ئێستا بە (هێرمەس) دەیناسین. نزیکەی (850) ساڵ لەمەوپێش کوردێک، لە رۆژگارێکدا کە عەقڵ و حیکمەت لەم ناوچەیە لە ماددە هۆشبەرەکان مەترسیدارتر و یاساغتر بوون، بە وردی هێرمەسی خوێندۆتەوە. سوهرەوەردی لە پێشەکی کتێبی (حیکمەتی ئیشراق)دا دەڵێ هێرمەس دەستپێک و سەرەتای زانست و مەعریفەی خواناسییە، هەروەها لە کتێبی (المشارع و المطارحات)دا، دەڵێ: (حیکمەتی هێرمەس لە دوو قۆڵەوە بەو گەیشتووە و یارمەتی ئەوی داوە، یەکەم لە رێگەی کیومەرس و فەرەیدون و بایەزیدی بەستامی و حەلاج و خەرەقانییەوە، دووەم لە رێگەی سقبلیوس و فیساغۆرس و ئەنبازقۆلس و ئەفلاتوون و زۆلنونی میسری و ئەبوسەهلی تەستەرییەوە جارێکی دیکە بەو گەیشتووە و کەڵکی لێوەرگرتووە. هەروەها دەڵێ هێرمەس خاوەنی حیکمەتی رووناکی و خاوەنی بینین و زانینی رووناکیی رووناکییەکانە! هێرمەس بە سێگۆشەی مەزن و گەورە بەناوبانگە!. 

بۆ هێرمەس سێ جار گەورە بوو؟
 هێرمەس بە (سێگۆشەی مەزن) بە ناوبانگە، خاوەنی حیکمەتی (هێرمەتیکا)یە کە بە مەعریفەی ونبووی سەردەمی فیرعەونەکانیش بەناوبانگە. هێرمەس لە سێ بواردا لە لووتکەدابوو، یەکەم: سەرۆک بوو، واتە لە لوتکەی دەسەڵاتدا دابوو، دووەم: حەکیم بوو، واتە لە لوتکەی حیکمەت و داناییدابوو، یانی خاوەنی هزری دڵانە و ونبینی بوو، کە دواتر سوهرەوەردی ئەمەی ناو نا (ئیشراق/ رووناکبوونەوە و درەوشانەوە)، سێیەم: زانا بوو، واتە لە لوتکەی عەقڵ و عەقڵانییەتدابوو، جا لەبەر ئەوەیە پێی دەڵێن: هێرمەسی سێ جار گەورە.
 لە یۆگاشدا گورویەک، واتە مامۆستایەکی مەزن هەیە ناوی (ئاتیشای سێ جار گەورەیە)، یانی سێ مورشیدی هەبووە، یانی بۆ رووناکبوونەوە سێ مامۆستای مەزنی هەبووە، کە هەرکامەیان بە رێگە و شێوازی خۆی یارمەتی (ئاتیشا)ی داوە رەهەندێکی رووناکبوونەوە ئەزموون بکات، یانی بۆ یەک بابەت سێ مامۆستای مەزنی هەبووە، کە تەواوکەری یەکتریی بوون. لەڕاستیدا مامۆستا مەزن و راستەقینەکان، سەرۆکە مەزن و راستەقینەکان و...هتد، تەواوکەری یەکترین.
دواتر ئەفلاتوون لە ژێر کاریگەریی هێرمەسدا، وتی: (سەرۆکی وڵات دەبێ فەیلەسوف بێ)، ئینجا هەر لە ژێر کاریگەریی ئەودا، ئەرەستۆ هەوڵیدەدا ئەسکەندەری مەقدونی، سەرۆکێکی زانا و دانا بێ، بەڵام ئەگەر ئەسکەندەر بە جێگەی ئەرەستۆ، حەکیمی مەزن (دیوجانس)ی کردبا بە راوێژکاری خۆی ئاوای بەسەر نەدەهات. بەهەرحاڵ لە هەمووی گرنگتر بۆ ئێمە، کوردێک بە ناوی سوهرەوەردی، ئەم سێگۆشەیەی بە جۆرێکیتر بۆ سەرۆکی وڵات بەکارهێنا و هەوڵیدا یارمەتی زاهیرشا بدا ببێ بە سەرۆکی سێ جار گەورە، بەڵام بەداخەوە وەک هەمووتان دەزانن، بەرچاوتەنگ و چاوچنۆک و نەزانانی ئەو کات بە کوشتیاندا و دەرفەتەکە لەدەستچوو. بەهەرحاڵ هیچکەس لەسەر ئەم گۆی زەوییە، بەئەندازەی سەرۆکی وڵات، پێویستیی بە یارمەتی و راوێژی کەسانی حەکیم و زانای راستەقینەی مەزن نییە، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی هەمووان لەژێر کاریگەریی کەسایەتی و دنیابینی و جووڵەکانی سەرۆکدایە.

 

 سەرۆکی لێهاتوو بەهەشت و جەهەننەمی وڵاتە، سەرۆکی لێهاتوو ژینگەی سەرەکیی تاک و کۆمەڵە، پێشمه‌رجی‌‌ لەئارادابوونی دەسەڵات و وڵاتێکی ئاوەدان و خۆشەویستە 


 
سێگۆشەی سوهرەوەردی لەبارەی سەرۆکی وڵاتەوە
سێگۆشەی سوهرەوەردی بەمشێوەیە بوو، دەیگوت سەرۆکی وڵات دەبێ یەکێک لەم سێ کەسە بێ، ئەگەرنا چارەنووسی خۆی و خەڵک و خاکەکەی باش نابێ، یەکەم: دەبێ حەکیم بێ، یانی هەم شارەزای زانستی دڵانە و ونبینی بێ (شهود – عەقڵی ناخەکی)، هەم شارەزای زانستی عەقڵانی بێ، ئەم کەسە دەتوانێ هەم سەرۆکی رۆحی و هەم سەرۆکی دنیایی هەمووان بێ. دووهەم: ئەگەر ئەو کەسەتان دەست نەکەوت، کەسێک دیاریی بکەن کە شارەزای زانستی دڵانە و ونبینی بێ (شهود)، یانی بتوانێ کار بە عەقڵی ناخەکییەکەی بکات، چونکە سەرۆک شارەزای دیوی ناوەوەی مرۆڤ بێ گرنگترە تا شارەزای دیوی دەرەوە و دیوی دنیایی مرۆڤەکان بێ، لەم حاڵەتەدا باشتر دەزانێ خەڵکەکەی چ شتێکیان دەوێ و چۆن دەتوانێ بەڕێوەیان بەرێت، سێیەم: دەڵێ ئەگەر ئەویشتان دەست نەکەوت، کەسێک بکەن بە سەرۆک کە خاوەنی عەقڵ و عەقڵانییەت بێ، تا لانیکەم بتوانێ کۆمەڵ و ژیانی دنیایی کۆمەڵ بەجۆرێک رێکبخات کە هەمووان سوود و چێژ ببینن. واتە سەرۆکی سێ جار گەورە دەبێ، یەکەم: هەم خاوەنی عەقڵی ناخەکی و هەم خاوەنی عەقڵی دەرەکی بێ، دووەم: خاوەنی عەقڵی ناوەکی بێ، سێیەم: خاوەنی عەقڵی دەرەکی بێت. هەر سەرۆکێک ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێ سەرۆکێکی راستەقینەیە و بە قەولی «ناپلیۆن هیل»یش، سەرۆکی راستەقینە ئەو سەرۆکەیە هەمیشە بە سەرۆکی بمێنێتەوە. 
 ناپلیۆن هیل کە یەکێکە لە بیرمەندە سەرکەوتووەکانی بواری سەرکەوتن، بەمشێوە سێگۆشەی پێکهێنەری سەرۆکی راستەقینە دیاری دەکا، یەکەم: ئامانجێکی روون و دیاریکراوی هەبێ، دووەهەم: متمانەی بە خۆی هەبێ و ئیرادەی بەرز بێ، سێیەم: لیهاتوو و داهێنەر بێ. دوو خاڵی یەکەم روونن، بەڵام خاڵی سێیەم زیاتر شی دەکاتەوە. لێهاتوویی یانی بە بێ ئەوەی کەس پێی بڵێ چی راست و دروستە، خۆی کارە راستەکە بکات، دوای ئەوە ئەگەر خۆشی نەیزانی چی راست و دروستە، بەڵام کەسێکیتر پێیگوت، بیکات. کەواتە لێهاتوویی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی سەرۆکێکی سێ جار گەورە. لەبەرامبەردا سەرۆکی نالێهاتوو نە خۆی دەزانێ کارە راست و دروستەکە چییە و نە بەقسەی کەسیش دەکات، بۆیە بەرئەنجامی سیاسەتەکانی زۆربەی کاتەکان نەرێنی و ماڵوێرانکەرن. 
 ئەگەر سیستەمی سیاسیی وڵات بە دەست سەرۆکێکی سێ جار گەورەوە بێ، دەبێتە هۆی، یه‌كه‌م: حکومەتێکی خۆشەویست، دووهه‌م: زۆربەی کاتەکان ستراتیژیی و تاکتیکی دروست هەم لەناوخۆ و هەم لەگەڵ وڵاتانیتر و تەنانەت لەکاتی شەڕیشدا بەکاردێنێت، سێهه‌م: خەڵک پشتیوانی لێدەکەن، واتە بە ئاسانی کارێک دەکات پشتیوانی زۆرینەی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتەکەی بەدەست بێنێ و کەس لە هیچ رێگەیەکەوە نەتوانێ لەبەرچاوی خەڵکەکەی رەشی بکات. 

‌رێگاکانی بوون بە سەرۆکێکی سێ جار گەورە
سەرۆک، چۆن ببێ بە سەرۆکێکی سێ جار گەورە؟ سەرۆکی لێهاتوو هەم هەڵدەکەوێ، هەم خۆی دەتوانێ لە رێگەی حیکمەت و داناییەوە خۆی پێبگەیەنێ، هەم حەکیم و زاناکان دەتوانن یارمەتی بدەن، واتە سەرۆک سێ رێگەی بوون بە سەرۆکێکی سێ جار گەورە و راستەقینەی لەبەردەستە. لە حیکمەتی رووناکبوونەوەی یۆگادا (ئیشراقی یۆگا) دەڵێ: (هەموو کەس دەتوانێ بەم سێ رێگەیە پێبگات، یەکەم: خۆی لە رێگەی خەڵوەت و تێڕامانەوە بە هەقیقەتی ئەو بوارە رووناکبێتەوە کە حەزی لێیەتی، دووەم: مامۆستایەکی راستەقینەی ئەو بوارەی دەست بکەوێ تا رێگەکەی نیشان بدا، سێیەم: ئەگەر خۆی نەیتوانی، یان مامۆستای دەست نەکەوت، ئەوە کەڵک لە کتێبێک یان چەند کتێبێک وەربگرێ کە مامۆستا و حەکیمێکی راستەقینەی بوارەکە نووسیویانە و خۆیان رێگاکە رۆیشتوون. ئەم سێ رێگەیە، سێ رێگەی بوون بە سەرۆکێکی راستەقینەیە لە عیرفانەوە تا سیاسەت.

گەڕاندنەوەی چییەتی سەرۆکایەتی
لەم سەردەمەدا و لەسەرتاسەری جیهان چۆنایەتی (کوالێتی) سەرۆک و سەرۆکایەتی لە دابەزیندایە، یانی کاراکتەری سەرۆکەکان، رۆژ لە دوای رۆژ لە هەموو روویەکەوە لاوازتر دەبێ، هۆکارەکەشی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵ و دامەزراوە و رێکخراوەکانە لە حیکمەت و دانایی راستەقینە، کۆمەڵەکان ئێستا لە جاران رووکەشترن، تەنیا سەرۆکی لێهاتوو، دووبارەی دەکەمەوە، تەنیا سەرۆکی سێ جار گەورە دەتوانێ ئەو هاوکێشەیە بگۆڕێ، بەو نەبێ ئەو کارە بە هیچکەس ناکرێ، تەنیا ئەو دەتوانێ ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت. بۆیە ئەگەر سەرۆکێک هەبێ بگەڕێتەوە بۆ حیکمەت و دانایی، بەرە بەرە سنووری سەرۆکایەتییەکەی لە سنووری حوکومڕانییەکەی فراوانتر دەبێتەوە، تەنانەت بەشێکی زۆر لە خەڵکی جیهان ئەو سەرۆکە بە سەرۆکی مەعنەوی خۆیان دەزانن. بە پێچەوانەی هەندێ بیروبۆچوون، کۆمەڵ و مرۆڤی هیچ سەردەمێک، بە ئەندازەی کۆمەڵ و مرۆڤی ئەم سەردەمە پێویستییان بە سەرۆکێکی کاریزمایی راستەقینە نییە. 

تایبەتمەندییەکانی سەرۆکێکی سێ جار گەورە
بۆ زیاتر روونبوونەوەی باسەکە، لە خوارەوە و  لە ژێر تیشکی ئەو باسانەی سەرەوە، ئاماژە بە هەندێک تایبەتمەندیی سەرۆکێکی لێهاتوو دەدەین: یەکەم: لە کاتێکدا کە کەس چاوەڕاونی هەڵکەوتنی سەرۆکێکی لێهاتوو ناکا، ئەو هەڵدەکەوێ و دەردەکەوێ. دووەم: لە هەموو حاڵەتێکدا و لە هەموو بارودۆخەکاندا خاوەنی بیروباوەڕ و ستراتیژییەکی کاریگەرتر و دروستترە لە هەمووان، واتە تەسلیمی بارودۆخی نالەباری باوی ناوخۆیی و دەرەکی نابێ، واقیع و بارودۆخە جۆراوجۆرەکان رێبەری ئەو نین، بەڵکو ئەو رێبەری ئەوانە، واتە هەنگاو بە هەنگاو کاریان تێدەکا و زۆربەیان بە گوێرەی ستراتیژییەکانی خۆی دەگۆڕێ، یان لانیکەم ئەو بارودۆخە نەخوازراوانە لاواز و بێ کاریگەر دەکات، لە هەموو باوردۆخێکدا ئەوە دەکات کە دروستە و دەبێ بیکات. سێیەم: ئەگەر هەڵەی کرد، ئازایەتی ئەوەی هەیە دان بەهەڵەکەیدا بنێ و هەوڵ بۆ چاککردنەوەی هەڵەکەی بدات. چوارەم: ئامانجی ئەوە نییە بە دەسەڵات بگات، بەڵام واقیع و پێویستیی سەردەمەکە ئەو دەکەن بە دەسەڵاتدار و سەرۆک، سەرۆکایەتی و دەسەڵاتداریی لای ئەو کەرەستەن نەک ئامانج، یانی پێویستیی بارودۆخەکە سەرۆکایەتی بەسەردا دەسەپێنێ و ئەویش ئەو دەرفەتە بە دروستی بەکار دێنێت. پێنجەم: سەرۆکی راستەقینە و لێهاتوو لەناو خەڵکەکەیدایە و خۆی لە خەڵکەکەی جیا ناکاتەوە. شەشەم: سەرۆکی راستەقینە و لێهاتوو، سات بە سات لەناوخۆ و دەرەوەدا، لەهەموو لایەکەوە و لەهەموو روویەکەوە پێگەکەی قووڵتر و بەربڵاوتر دەبێت، هەوڵدەدا رۆژانە پەیوەندییەکانی چڕتر بکات و پەیوەندیی تازە و لە رەهەندی تازەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانیتر دابمەزرێنێ، لە هیچ حاڵەتێکی کرداری و پەرچەکرداریدا لە ستراتیژی و تاکتیکێک کەڵک وەرناگرێ کە کەلێنەکان بەرینتر بکات. حەوتەم: رێبەری هەڵکەوتە (بەرزە مرۆڤ) یان (زەفەر مرۆڤ)ە، واتە زەفەری بە کەموکوڕی و حەزوئارەزووە تاکەکەسییەکانی خۆی بردووە، هەمیشە چاوەدێری خۆی دەکا، خۆی لەگەڵ خۆیدا بەراورد دەکا، هەوڵدەدا هەموو چرکەیەک لە رابردووی خۆی باشتر بێ. هەشتەم: سەرۆکی سێ جار گەورە، هەر لە خەمی کۆمەڵی مرۆییدا نییە، بەڵکو رێک بەو ئەندازەیە لە خەمی ژینگە و مافی ئاژەڵەکانیشدایە، نۆیەم: سەرۆکی هەڵکەوتە خاڵی هاوبەشی هەموو لایەکە، هەمووان لەودا پێکدەگەن، یانی  
بەگشتی سەرۆکی لێهاتوو و راستەقینە بەهەشت و جەهەننەمی وڵاتە. سەرۆکی لێهاتوو ژینگەی سەرەکیی کۆمەڵە، پێشمه‌رجی‌‌ لەئارادابوونی سیستەم و دەسەڵات و وڵاتێکی ئاوەدان و خۆشەویستە، چونکە ئەوەی لەهەموو سەردەم و لە هەموو کۆمەڵەکاندا، زۆرینەمان نایزانین ئەوەیە، کاراکتەری سەرۆک، دەبێ بە واقیعی کۆمەڵ، یانی کاراکتەر و تایبەتمەندییە رۆحی و زەینییەکانی سەرۆک، سیاسەتی ئەو پێکدێنن و سیاسەتەکانی ئەویش دیاری دەکەن کە وڵات ببێتە بەهەشت یان ببێتە جەهەننەم، مرۆڤەکان بەختەوەر بن یان چارەڕەش بن. سەرۆکی سێ جار گەورە هەمیشە، تەنانەت لەدەرەوەی سیستەم و هەروەها لە دوای مردنیشی هەر بە سەرۆکی دەمێنێتەوە و ئیلهامی لێوەردەگیرێ، خۆزگەم بەوەی ئەوەندە بەختەوەرە دەبێتە سەرۆکێکی سێ جار گەورە.

 

هێرمەس

 

سوهرەوەردی

وتارەکانی نوسەر