مام جەلال و هەڵبژاردن و سەركەوتنی یەكێتی

09:50 - 2024-10-22
عیماد ئەحمەد
150 خوێندراوەتەوە

لەماوەی كەمپینی هەڵبژاردندا، زنجیرە وتارێكم سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە كە زادەی باوەڕ و رەنگدانەوەی ویژدان و تێگەیشتنم بوون لەم پڕۆسە گرنگ و نیشتمانییە. دوای تەواوبوونی بانگەشە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و ئەو سەركەوتنە گەورەیەش كە یەكێتییەكەمان تۆماری كرد، دەمەوێت بەبۆنەی ئەو كەرنەڤاڵە دیموكراسییەوە كە بەڕێمانخست، شتێك بنووسم، لەم رووەوە، لە راستیدا زۆر شت بە خەیاڵمدا گوزەری كرد، هەتا سەرئەنجام كەشتیی بیركردنەوە و یادەوەریم لەسەر رووباری روونی مام جەلال و هەڵبژاردن، خۆی لەنگەری گرت.
ئاشكرایە مام جەلال رێبەرێكی هەرە مەزن و شۆڕشگێڕێكی بە باوەڕ چەپ و بە كردەوە دیموكراسیخوازی ناو بزووتنەوەی سیاسی و كوردایەتیی پێشكەوتنخواز بوو، یەكێك بوو لە سەركردە هەڵكەوتووەكانی ناو مێژووی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تەنانەت جیهانیش. رێبەرێك كە بەندە زیاتر لە (18) ساڵ لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بەشانازییەوە لەگەڵیدا خەباتم كردووە، لەو ماوەیەشدا لە زۆربەی هەرە زۆری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی بەشداریم كردووە.
دەتوانم بڵێم لەو سەردەمانەدا، كەسم نەبینیوە بەقەد مام جەلال باوەڕی بە دیموكراسی و ئازادیی بیروڕا و سەربەستیی ویژدان هەبێت، لە كاروباری سیاسی و رێكخراوەییدا. لە كۆبوونەوەكاندا پەیڕەویی نۆبەت و هاوبەشیی هەمووانی بۆ یەكلاكردنەوەی هەر بڕیار و چارەسەركردنی هەر كێشەیەك دەكرد و بێ دوودڵی لەگەڵ دەنگی زۆرینە بوو، بێگومان بەڕێزلێگرتنی بۆچوونی كەمینەش، چونكە بە بڕوای تەواوەوە زەمینەسازیی دەكرد بۆ رەخساندنی كەشی گونجاو و دەستەبەربوونی بێ قەیدوشەرتی ئازادیی بیروڕا و رای ئازاد.
لە روانگەی سەرۆك مام جەلال -ەوە، دەنگدان هەم ماف و هەم ئەركیش بوو، هەر بۆیە بۆ هەموو هەڵبژاردنێك دەنگی خۆی دەدا و دەبوو بە پێشەنگ لە پڕۆسەكەدا. هەروەك دەشبینرا كە بۆ هەڵبژاردنی خولەكانی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان و عیراقی فیدراڵ، هەتا لە ژیاندابوو بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی پرۆسەكەی دەكرد و بە شەوقەوە دەنگی خۆی دەدا.
یادی بەخێر مام جەلال، بەیانیان زوو هەر وەكو نەریتی جەژنی جاران، جلێكی فەرمی و جوانی دەپۆشی و لەگەڵ هێرۆخانی هاوسەر و هاوخەبات و هاوڕێی تەمەنی پڕ لە سەروەریدا، پێكەوە دەچوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدا و وەك دوو رێبەر و رێنوێن، ماف و ئەركە نیشتمانییە لەپێشینەكەیان جێبەجێ دەكرد.
پەرۆشیی مام جەلال بۆ پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكانی عیراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستاندا زۆر پڕبایەخ بوو، بۆیە هەرگیز وەكو ماف لە كیسی خۆی نەدەدا، تەنانەت لە رۆژانی دوایی ژیانیدا و لە نەخۆشخانەی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و لەسەر عەرەبانە لە 28/4/2014 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ دەنگی خۆی دا، كە بەم كردارەش هانی هەزاران كەسی دیكەی دا بچن بۆ دەنگدان.
سەد حەیف و مخابن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، مام جەلال سەفەری ئەبەدیی كردووە و لەگەڵمان نەبوو هەتا بە لیاقەی سەرۆكێكی مەزن، پەنجەی دۆشاومژەی بۆ نوێكردنەوەی دیموكراسیی نیشتمانەكەی شین بكاتەوە. هەروەك چۆن بەداخەوە هێرۆخانی هاوڕێ و پشتوپەنای مام جەلال و ئێمەش، بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی بەشداریی كەرنەڤاڵی سەركەوتنی ئەم جارەی پەرلەمانی كوردستان بكات، بەڵام بۆ رۆشن هێشتنەوەی بیرەوەریی و بەردەوامیی خەباتی ئەوان و سەركەوتنی یەكێتی لەم خولی پەرلەمانەدا، هەردوو كوڕە نازدار و بەوەفاكەی مام جەلال و هێرۆخان (سەرۆك بافڵ و كاكە قوباد) لە رۆژی دەنگداندا، بیرەوەریی مام و هێرۆخان زیندوو و رۆشنیان كردەوە و پەنجەی وەفا و باوەڕیان شین كرد، دواتریش وەك بینیمان پێكەوە چوونە سەر مەزاری سەرۆك مام جەلال و بەڵێنیان دایەوە كە لەسەر رێبازەكەی بن.. ئەوان وەكو دوو مۆم؛ هەرێم رووناك دەكەنەوە، بەمەش دەیان هەزار گەنج و لاوی كورستان بە هەردوو رەگەزەوە و بەتایبەتی كەسوكاری شەهیدانی سەربەرزی رێگای رزگاریی، لە تەنیشت سندوقی دەنگدانەوە پەنجەی دۆشاومژەیان شین كرد و پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێم و هەڵكشانی زۆری دەنگەكانی یەكێتی و سەركەوتنەكەیان سەرخست.
بێگومان ئەركی ئەخلاقی و نیشتمانیی ئێمەمانان و هەر كوردێكی ژیر و بەپەرۆشە، هاوكار و پشتیوانی ئەوان و پرۆسە چارەنووسسازەكان بین تا بەو ئەنجامە شادبینەوە كە تیایدا دەنگەكانمان گەیشتۆتە نزیكەی نیو ملیۆن دەنگ و سەركەوتنی گەورەمان تۆمار كردووە، دڵنیام ئەمە رۆحی مام جەلال و هەموو شەهیدانی كوردستان شاد و دڵی پڕ لە خورپە و خۆشەویستی هێرۆخانیشی خۆش كردووە.

وتارەکانی نوسەر