ستونی کراوە

خوێندن بە كوردیی، لە قۆناغێكی هەستیاردا

10:03 - 2024-10-23
مەریوان مەسعود
154 خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

 

دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958، یان هەندێك ناوی دەنێن (كودەتا)، كە عەبدولكەریم قاسم و هاوڕێكانی نیزامی پاشایەتییان لە عیراق رووخاند و حكومەتی كۆمارییان دامەزراند، لەم پێناوەدا و لەبەرئەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد لەو سەردەمەدا، هاوكاری شۆڕشەكە بوو، بۆیە هەر راستەوخۆ دوای سەركەوتنی شۆڕش-ەكە، (ئەنجومەنی فەرماندەی شۆڕش) لە بابەت مافە خوێندەوارییەكانی نەتەوەی كورد، چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد، سەرەتا بڕیاریدا خوێندن لە سەرجەم خوێندنگەكانی ناوچە كوردییەكان لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی بكرێت بە كوردی، پاشان بۆ قۆناغی ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگەكانیش چەند بڕیارێكی دەركرد، كە گرنگترینیان ئەمانە بوون:
-دەبێت زمانی كوردی لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی و هەموو زانستگەكان و ئامۆژگاكانی مامۆستایان و كولیەی ئەفسەر و كولیەی پۆلیس بخوێندرێ.
-هەموو كەرەستەی روونكردنەوەو پێ خوێندن دەبێ بە زمانی كوردی بێ.
-زمانی عەرەبی لە هەموو ئەو خوێندنگایانە دەخوێندرێ كە بە زمانی كوردی دەخوێنن.
لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی فەرماندەی شۆڕش، چەند خاڵێكی گرنگتریش هاتبوو، كە دوایی بووە بناغەی دامەزراندنی چەندین رێكخراو و سەندیكا و یەكێتی رۆشنبیریی و كەلتوری لە كوردستان، لەم بڕیارانە:
* دامەزراندنی بڵاوخانەیەك بە زمانی كوردیی.
* دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی خوێندەواری كوردی لە وەزارەتی خوێندەواری و پروپاگەندە.
* دەركردنی رۆژنامەیەكی هەفتانە و گۆڤارێكی مانگانە بە زمانی كوردی لە دەزگای گشتی چاپەمەنی.
* فرەكردنی بەرنامەی كوردی لە تەلەفزیۆنی كەركوك، تائێستگەیەكی تایبەتی تەلەفزیۆن بە زمانی كوردی دروستدەكرێت.
* هەموو خوێندنگە و فەرمانگە رەسمییەكان لە ناوچە كوردییەكان دەبێ بە ناوی مێژوویی و جوگرافی كوردی بنرێن.
لە كۆتایی بڕیارە گرنگەكەی ئەنجومەنی فەرماندەی شۆڕشدا، نووسراوە: "پێویستە لەسەر هەموو وەزارەتەكان ئەوەی وتراوە جێبەجێیان بكات".
ئەم كۆمەڵە بڕیارەی (شۆڕش)، ئەوەندە گرنگ بوو بۆ كورد، لە هەموو شارە كوردنشینەكان بوو بە زەماوەند و بەشێوەیەكی خێراش زۆربەی خاڵەكان جێبەجێكرا، هەرچەندە دواتر سەركردایەتی شۆڕشی كورد لەگەڵ حكومەتەكەی عەبدولكەریم قاسم تێكچوو، بەڵام ئەم بڕیارانە جێبەجێكران و بوو بە بناغەیەكی باش بۆ ئەوەی لە رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 رەنگبداتەوە و زیاتر بكرێت. بۆیە دەركردن و جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە، وەچەرخانێكی گەورە بوو لە پێگەی كورد لە عیراقی عەرەبی، كە كورد هاوشانی عەرەب هەموو مافێكی بۆ گەڕایەوەو ئەم بڕیارانە سەرەتای جێگیریی پێگەی كورد بوو لە باشووری كوردستان، بەتایبەت كە لەو ساڵانی كۆتایی پەنجاكاندا پێگەی كورد لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان زۆر لاواز بوو، بەڵام كە لە باشوور خوێندن بوو بە كوردیی و دامەزراوەكان لەپاڵ زمانی عەرەبی، زمانی كوردیش لە نووسراوەكانیاندا بەكاردەهات، رەنگدانەوەی لەسەر هەموو كوردێك هەبوو لە پارچەكانی تری كوردستان و تاراوگەش.

وتارەکانی نوسەر