خۆمانە و خێزانیی

سەربەخۆیی ئابووریی ژنان

11:55 - 2024-10-27
رۆزا دڵشاد مەریوانی
109 خوێندراوەتەوە

(24)

ژنان لە هەرێمی کوردستان (٪11) ی هێزی کار پێکدەهێنن، لەو رێژەیەش تەنیا (٪1) ی ژنان لە کەرتی تایبەتدان

یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکان بۆ رزگاربوونی ژن لە کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالار، ئەوەیە لەڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت و خاوەن داهاتی خۆی بێت، داهاتێک بتوانێت سەربەرزانە بەبێ ئەوەی پێویستیی بە پیاو بێت پێی بژی، جا ئەو پیاوە مێرد یان باوک و برای بێت، بێگومان زیاتر مەبەستمە وەک مرۆڤێک پێویستی بە هاوکاریی دارایی کەس نەبێت و خاوەن قەوارەی ئابووریی خۆی، لەبەرئەوەی سەربەخۆیی دارایی بۆ ژن بە تایبەتی لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانی وەک کــــۆمەڵگەی ئێمەدا، وادەکات زیاتر متمانەی بەخۆی بێت و لە هەر گۆڕانکارییەک کە لە ژیــــانیدا روودەدات نەترسێت، واتا ئەگەر توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، خێراتر و ئازاتر دەتوانێت لەو ژیانە خۆی رزگار بکات و ناچار نابێت، لەبەرئەوەی کەس نییە بژێوی بۆ دابین بکات، بەرگەی پیاوێکی تونــدوتیژ بگرێت. جگەلەوەی لە دۆخی ئاساییدا ژنێکی خاوەن داهات وەک دایکێک و وەک هاوسەرێکیش بەهێزترە و دەتوانێت پشت و پەنای مێردەکەی بێت و نموونەیەکی باڵاش بێت بۆ منداڵەکانی.
راستە ئەو راپۆرتانەی کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراون دەریدەخەن تەنیا (٪20.5) ی ژنان بەشداریی لە هێزی کاردا دەکەن، هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ڤیم فاوندەیشن بێت کە ساڵی پار بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات ژنان لە هەرێمی کوردستان کەمترین بەشدارییان لە هێزی کاردا هەیە و تەنیا 
(٪11) ی هێزی کار پێکدەهێنن. لەو رێژەیەش تەنیا 
(٪1) ی ژنان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، بە پێی لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوی کاری جیهانییش بێت، ئەگەر عێراق رێژەی ژنان لە بواری کاردا تەنیا بۆ (٪25) زیاد بکات، ئەوا داهاتی ساڵانەی وڵاتەکە بە رێژەی 73 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە رێژەی ئەو ژنانەی دەبنە خاوەن پرۆژەی بچووکی خۆیان و کار بۆ چەندان ژنی دیکە دەستەبەر دەکەن لە زیادبووندایە، وەک دروستکردنی خواردن و شیرەمەنییە خۆماڵییەکان و شیرینی و..هتد، هەموو ئەمانە هیوابەخشن بەوەی نەوەیەک پەیدادەبێت چاوەڕێی کاری حکومیی یان دەستی پیاو ناکەن، بەڵکو خۆیان لەڕووی ماددییەوە سەربەخۆ دەبن، ئەوەش وادەکات بتوانن زیاتر لە مەسەلەکانی پەیوەست بە ئازادیی ژنان و یەکسانیی لەگەڵ پیاودا چەندین هەنگاو بەرەوپێشەوە بچن.

وتارەکانی نوسەر