بەڵێ عیراقیش دەگرێتەوە، بەڵام...

09:47 - 2024-10-30
ئارام عه‌لی عه‌زیز
271 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

 

* ئایا ئاگری جەنگی غەززە، كە ئەمڕۆ گەیشتۆتە لوبنان، سوریا و عیراقیش دەگرێتەوە؟ 
- بەڵێ!
* ئایا ئەگەری هەیە، ئاگری جەنگەكە بگاتە سنوورەكانی  توركیاو، توركیاش بگرێتەوە وەكو سیاسەتمدار و میدیای توركیا باسی لێوە دەكەن؟
- بەڵێ!
 * ئایا دوای وەڵامدانەوە و لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئیران وەڵام دەداتەوە؟
- بەڵێ!
* ئایا هەڵكشانی پێكدادانەكان، ناوچەكە بەرەو جەنگێكی سەرتاسەری دەبات؟
- بەڵێ!
* ئایا لەو حاڵەتانەدا،  هەرێمی كوردستان دەبێتە گۆڕەپانێكی جەنگ و توركیا و ئێران لەشكركێشی دەكەنەسەر؟
- بەڵێ!
* ئایا ئیسرائیل و توركیا و ئێران لەو ململانێ و هاوسەنگییە تازانەی كە هەیە هەوڵی راكێشانی هێز و لایەنە كوردییەكان بۆ بەرەی خۆیان دەدەن؟
- بەڵێ!
* ئایا هێز و لایەنە كوردییەكان، بە تایبەت هێزەكانی سوریای دیموكرات و پەكەكە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل – توركیادا دەبن بە هێلكەی قوبان؟ 
- بەڵێ...
* ئایا ئەم جەنگ و باهۆزی گۆڕانكارییە گەورەیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، نەخشەی سایكس- پیكۆ هەڵدەوەشێنێتەوە، هاوسەنگیی هێز و نەخشەی تازەی لێدێتە كایەوە و فرسەتێك بۆ كورد فەراهەم دەكات؟ 
- بەڵێ، بەڵام...
«بەڵام»ی  مەسەلەكە لەوەدایە، كە مەسەلەی كورد یەك مەسەلە نییە، بەڵكو چەند مەسەلەیەكە،  سیستەمی ستەمكاریی ئیقلیمیی كە داگیركەرانی كوردستان پارچەیەكن لێی و لەسەر پشتی دابەش و داگیركردنی كوردستان و بزركردنی كورد لە ناو مێژوودا دروستكراوە، بە پێی تیۆری دژایەتی ئایین و شارستانیەت داڕێژراوە، كە بەردی بناغەی سیستەمی ستەمكاریی جیهانییە.  ئینگلیز و فەرەنسا دوای جەنگی یەكەمی جیهان، رۆڵی سەرەكیان هەبوو لە دووبارە داڕشتنەوەی سنووری دەوڵەتانی پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و بە گورگان خواردوو دانی كورد و دامەزراندنی كۆماریی سوریا و توركیا و عیراق و لوبنان،  دابەشكردنی خاك و سەرزەمینی كوردستان بە پێی رێككەوتننامەی سایكس – پیكۆ. 
* ئایا ئەو هەموو مەسەلەیە، كە خۆی لە چەندین بازنەدا دەبینێتەوە، هەرهەمویان پێكەوە بە شێوەیەكی بابەتیی و زاتیی كۆسپن لەبەردەم كورد و كوردستانیش وەكو بێشكچی  دەڵێ:»كۆڵۆنییەكی نێودەوڵەتییە»، دەتوانرێت لە شەو و رۆژێكدا بەرتەرەف بكرێن و تێپەڕێنرێن، بەم عەقڵیەت و فكر و هێز و سیاسەتەی، كە حزبەكانی كوردستان هەیانە؟ 
- نەخێر!
كەواتە چی بكەین؟ دەبێت مەسەلەكە تەنها لە باسوخواسی رۆژنامە و میدیادا نەمێنێتەوەو حزبەكان باش دەرك بەوە بكەن كە باهۆزەكە هەمووان دەگرێتەوە، بابە گەورەكانی هەمووان نامێنێت، لەبەرئەوە  پێویستە هەمووان بكەونە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و قۆستنەوەی ئەم فرسەتە گەورەیەی دێتە كایەوە، لەسەرووی هەموویاندا، پێویستە یەكێتی و پارتی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوانەی ناوچەكە ئامادەبكەن و تای هەڵبژاردن تێپەڕێنن و بەرنامەیەكی ئاوارتەی تێروتەسەلی هەمەلایەن دابنێن. كورد گوتەنی: « تۆ ئەوەی لەسەر خۆتە بیكە، ئەوەی دیكە لەسەر خودا».

وتارەکانی نوسەر