رێبین عومەر
لە پاراستنی رەوتی پێشكەوتنی كۆمەڵ و کەلەپوری ئەم میللەتەدا، هێرۆخان شۆڕشێکی گەورەبوو
كەم كەس هەیە ناو و ناوبانگی سیاسی ئەم خاتوونە سیاسییەی نەبیستبێت، چونكە هەر كە ناوی لەناواندا دێت، جگە لە بەهێزی و پتەویی راستی و وەفاداری و نیشتمانپەروەری، هیچیتر بەدیناكرێت.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەو كەڵە ژنەی بە تاقانەیی خۆی بە پۆست و بێ پۆست سەنگ و قورسایی خۆی هەرگیز لەدەستنەدا و بۆ جارێكیش بە لاوازی دەرنەكەوت.
ئەو لەو مرۆڤانەیە كە بە دەگمەن لە كۆمەڵگەدا هەڵدەكەون، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەیەك كە دیدی نەریتخوازی هەموو رەوایەتییەك بە دەسەڵات و هەژموونی پیاو دەدا، هێرۆخان لەم جۆرە كۆمەڵگەیەوە بووە جوانترین مۆدێلی سیاسیی بەشداریی راستەقینەی ژن.
لە شاخ و شار هەر بەهێز
وەك خۆی لە دیمانەیەك باسی لێوە دەكات كە لە سەرەتای شۆڕش، هاوشان لەگەڵ هاوژینەكەی كە سەرۆك مام جەلال-ە، دەستی لە ژیانی پۆشتەی شەخسی خۆی هەڵگرتووە و لە كۆتایی ساڵی 1970ی سەدەی رابردوو دا، هاوبەشێكی بەردەوامی شۆڕشی نەتەوەكەی بووە و لەو رێگەیەوە گەلێك بەدبەختی و چەرمەسەری دیوە و بێكۆڵنەدان بەردەوام بووە.
دوور لە سۆزبەخشین بە هەردوو منداڵەكەی چەكی شۆڕش لە كێوە سەختەكانی كوردستان بۆ بەرەنگاری كردە شانی و هێرۆخان بووە شاژنی بێتاجی شۆڕش، بووە مۆدێلێكی بە بەهای شۆڕشگێڕی ژن لە كوردستاندا.
دادەیەكی خاكی و خەڵکی
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێچەوانەی كەڵكەڵەی وەهمی دەسەڵاتداری، بۆ یەكجاریش نەگۆڕا و وەك خۆی بە خاكێتی مایەوە، باس لەوە دەكەن كە بەردەوام لە كۆڕو كۆبوونەوەكان بەوە دڵخۆش بووە كە وەك (دادە) بانگی بكەن نەك بە پاشگر پاشگرێنە، چونكە ئەو لەبنەڕەتەوە لە ژانی گەلی وڵاتەكەیەوە لەدایكبووە.
بۆیە هیچكات پلە و پۆست و دەسەڵات نەیتوانی ئەم خانمە سیاسییە بەهێزە بگۆڕێت، بەجۆرێك بووە مۆدێلێكی جیاواز بۆ سیاسەتكردن و بەرەنگاربوونەوەی دیدی پیاوسالاری لە كۆمەڵگەدا.
لە سەروبەندی نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلال، تا كۆچکردنی كە شۆكێكی گەورە بوو بۆ یەكێتی و خەڵكی كوردستان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە بەهێزی وەك تاقانە ژنێك دڕیدا بەسەر بیری پەرت پەرت بوونی یەكێتی و وەك سەیوانی پارێزگاری یەكێتی مایەوە، دوور لە گروپ و تاقم تاقمێنە، نەیهێشت كەشتی یەكێتی نقووم بێت. بەڵكو بە حیكمەتی سیاسیی خۆی پارێزگاری لە چەپكە گوڵەكەی مام كرد.
لە ژیانی شارنشینیدا، هێرۆخان بە بەردەوامی لە رێگەی پەرەپێدان بە توانای گەنج و دروستكردنی پانتایی خۆبینینەوە بۆ گەڕان بەدوای چاند و هونەری رەسەنایەتیی گەلی كورد کاری گەورەی لەو بوارە مەدەنییەدا کرد، لەرووی مرۆییەوە، پارێزگاریكردن لە مافی منداڵ و گەورە و بێنەوایان.
هەر بەوەشەوە نەوەستا شوێنەوار و مۆزە و رەسەنایەتی كوردایەتی دیدێكی مەزنی کارەکانی بوو.
لە پاراستنی رەوتی پێشكەوتنی كۆمەڵ و کەلەپوری ئەم میللەتەدا، هێرۆخان شۆڕشێکی گەورەبوو.
هەندێك لە سیاسییەكان دەستیان لە بردنی سامانی ئەم وڵاتەدا هەبوو، بەڵام ئەو بیری لای «چەسپاندنی مافی منداڵ و رێگریكردن لە رووخانی بینایەكی وەك ئەمنەسوورەكە و خەمی پیر و كاڵی ئەم میللەتە بوو». هێرۆخان بۆ ئەم شاری شارانە قەڵای پارێزگاریكردن و خزمەتی ئەم شارە بوو بەردەوام چاوی لەوە بوو كە دەبێت خزمەت بەم شاری شارانە و تەواوی كوردستان بكرێت.
دیدی وەها بوو كە ئەم گەلە قوربانی زۆری داوە، بۆیە ناكرێت، خزمەت بەم گەلە ستەم لێكراوە نەكرێت.
هێرۆ ئیبرایم ئەحمەد