خۆمانە و خێزانیی

ئەتەکێتی داواکردنی لێبوردن

10:15 - 2024-11-04
رۆزا دڵشاد مەریوانی
160 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

(25)

لە سوپەرمارکێتێک خەریکی کڕینی شتومەکی ماڵ بووم، لە ساتێکدا بۆ هەڵگرتنی بابەتێک لە عەرەبانەکەم دوورکەوتمەوە کە کۆمەڵێک کەرەستەم تێکردبوو، گەڕامەوە عەرەبانە دیارنەماوە، ئەی خوایە ئەو عەرەبانەیە بەو شتانەوە بۆ کوێ چوو! تەماشا دەکەم ژنێک منداڵە بچووکەکەی تێکردووە و دەیگێڕێت. لێرەدا باس لەوە ناکەم دانانی منداڵ بەو جۆرە لە عەرەبانەدا لە رووی سەلامەتییەوە کارێکی هەڵەیە، بەڵکو باس لە نەبوونی ئەتەکێتی پرسیارکردن، هەروەها داوای لێبوردن دەکەم لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا، دوای ئەوەی بەو ژنەم وت ئەو عەرەبانەیە هی منە و شتەکانی ناویشی هی منن، کەچی لەبری داوای لێبوردن بە لالوتێکەوە پاساوی بۆ ئەو کارە ناشیرینەی هێنایەوە بەوەی، وەڵڵا لە ژوورەوە عەرەبانەی تری لێنەبووە. ئەمـــجۆرە رووداوە بچـــــووکانە دووپاتی دەکەنەوە کە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە نازانن بڵێن ببورە و ئەتەکێتی داواکردنی لێبوردن نازانن، بێگومان ئەوەش نیشانەیە بۆئەوەی چەند وەک مرۆڤ لە رووی شارستانییەوە دواکەوتووین، راستە نوێترین کەرەستە و جلوبەرگ و ئۆتۆمبێل لێدەخوڕین و تازەترین مۆدێلی مۆبایل هەڵدەگرین، بەڵام وەک مرۆڤ هێشتا زۆربەمان هی سەدەی رابردووین، وادەزانین داواکردنی لێبوردن و داننان بە هەڵەکانماندا دەمانکات بە کەسێکی لاواز و ترسنۆک، ئەوەشە زۆرجار وادەکات لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانماندا شکستبێنین. 
زۆرجار ناکۆکی ژن و مێرد بەهۆی هەندێک هۆکارەوەیە، زۆر لەوە سادەترن کە وێنای دەکەین، بەڵام کەڵەکەبوونی وردە کێشەکانی ژیانی رۆژانە و خۆ بەڕاستزانینی هەردوولا، جگەلەوەی لەکاتی پێویستدا دان بە هەڵەکانیاندا نانێن و داوای لێبوردن ناکەن، دەبێتە هۆی جیابوونەوەیان، کە ئەگەر وەک دوو مرۆڤی پێشکەوتوو لەکاتی خۆیدا داوای لێبوردن لە یەک بکەن، بێگومان زۆر کێشەی سادەی رۆژانە چارەسەر دەبن و مەسەلەکان گەورەتر نابن.

ئەگەر وەک دوو مرۆڤی پێشکەوتوو، داوای لێبوردن لە یەک بکەن، بێگومان زۆر کێشەی رۆژانە چارەسەر دەبێت و مەسەلەکان گەورەتر نابن


وەک کورد دەڵێت: جام کە پڕبوو لێی دەڕژێت. کێشەکانی ژیانی رۆژانەی نێوان هاوسەرانیش بەو جۆرەیە، ئەگەر وەک مرۆڤی وڵاتە پێشکەوتووەکان پەرە بەخۆمان بدەین، تێبگەین لەوەی لە رووی دەروونییەوە ئەو کەسەی دان بە هەڵەکانیدا دەنێت و دەستپێشخەر دەبێت لە داواکردنی لێبوردندا، کەسێتییەکی بەهێزی هەیە و نیشانەیە بۆئەوەی متمانەی بەخۆی پتەوە و لە کاردانەوەی بەرامبەر ناترسێت و ئامادەیە ئەنجامی هەڵەکانی هەڵبگرێت، بەوەش زۆر کێشەی نێوان هاوسەران چارەسەر دەبێت. دواجار بوونی ئەو جۆرە لە پەیوەندیی لەنێوان ژن و مێرددا، بابەتێکە دەبێت هەردوولا وەک دوو مرۆڤ کاری لەسەر بکەن.     

وتارەکانی نوسەر