ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئەمریكا باسی لە نەخشەی خۆرهەڵاتێكی نوێ كردووە، هەرچی ئیسرائیلیشە بە كردار، كار لەسەر نەخشەیەكی نوێی قەڵەمڕەوی خۆی دەكات كە بە هێڵی داود ناودەبرێت، ئەم دوو هەنگاوە چ بەلای ئەمریكا و چ بەلای ئیسرائیلیشەوە كورتمەودا نییە، بۆ ئەم مەبەستە هەردوو وڵات پێكەوە كاریان لەسەر پاككردنەوەی تەواوی ئەو هێز و بەربەستانە كردووە كە رێگرە لەبەردەم خۆرهەڵاتە نوێیەكەدا.
هەرچی ئیسرائیل، ئێران و سعودیەیە، مادام ئەم سێ وڵاتە وەك نمایندە و رانەندی سێ جەمسەری دیینی تا ئێستا پێكدادانی دینی و مەزهەبییان لەنێواندا نییە، كەواتە هەرگیز مەترسی نین بۆسەر هەڵگیرساندنی جەنگی سێیەمی جیهانی، چونكە ئەگەر جەنگی دیینی و پێكدادانی مەزهەبییان نەبێت، ئەوا هەر ئەوەندە بەرهەمدێت كە ئەمرۆ دەبینرێت، لەبەرامبەردا ناكرێت سێ وڵات بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە بن لە ناوچەكەدا، بەڵام بمانەوێت هیچ لێكەوتە و شوێنەوارێكی نەرێنی جێنەهێڵن.
لە ماوەكانی رابردوودا ئەمریكا و ئیسرائیل دوو هەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ پاككردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دروستكردنی خۆرهەڵاتێك كە ئەوان نەخشە و دیزاینیان كردووە:
هەنگاوی یەكەم: لەناوبردنی تیرۆر و دیكتاتۆرییەت، ئەمریكا و بە هاوكاریی هاوپەیمانان و ئامادەیی ئیسرائیل، توانرا لە دوای ساڵی 2003ەوە ئەو هێزە سەرەكییانە لەناوبەرن كە گومانی لێدەكرا رێگری گەورە بن لەبەردەم نەخشەنوێیەكەی ئەمریكا كە بە ئاسانی جێگەی ئیسرائیلی تێدا ببێتەوە، ئەوەبوو لە ئەفغانستان و عیراقدا ئەم هەنگاوەمان بینی.
هەنگاوی دووەم: پشتیوانی و هێزی نهێنیی پشتەوەی خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011 و لەناوبردنی چەند سەركردەیەك كە هەم خاڵی بەهێزبوون لە رێگەگرتن لە كرانەوەی ئیسرائیل بە رووی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەدا و هەم مەیلدارێكی هێندە رووشیرینی ئەمریكا نەبوون كە رازی بكەن پشتیوانییان بكات و لەسەر كورسی دەسەڵات بمێننەوە.
ئەو دوو هەنگاوەی سەرەوە بۆ ئیسرائیل و ئەمریكا هەنگاوی گەورەن كە تا ئەندازەیەك هەناسەیەكی بە ئەمریكا و ئیسرائیل بەخشیوە و ئێستا نەخشەكە لە كاری بنەڕەتی دەرچووە، هاوكات سعودیە و میسریش كە خاوەن هێز و پێگەی تایبەتیی دینیی و نەوت و ئابووری ناوچەكەن، چەندە دوو وڵاتی گەورەی ناوچەكە بن، بەڵام مەترسی نین بۆ سەر ئەو نەخشەیەی كە هێڵكاری و كاری بنەڕەتی تێپەڕیوە و ئیشی لەسەر دەكرێت.
هەنگاوی سێیەم دەمێنێت كە ئێستایە، لەم هەنگاوەدا پێمانوایە ئیسرائیل زۆر زیرەكانەتر تێیدا دەچێتە پێشەوە، هیچ هێزێك نییە ئیسرائیل رابگرێت، پرسیارێكیش لێرەدا دێتەپێش ئەوەیە: ئەی بۆچی ئەردۆغان و توركیا، زۆر دەترسن لەبەردەوامیی ئەو جەنگەی ئیسرائیل دەستیداوەتێ لە ناوچەكەدا؟ ترسەكە لەو جێگەیەدا نییە كە ئیسرائیل دەتوانێت توركیا داگیر بكات، بەڵكو ترسەكە لەوەدایە كە نەخشەكەی ئیسرائیل و ئەمریكا لە پاككردنەوەی خۆرهەڵاتدا لە نەیاری سەرسەختەوە دەستپێدەكات بۆ دۆستی بڕواپێكراو و نوێ، ئەوەش بە زیانی گەورەی توركیا دەشكێتەوە و سوودمەندی یەكەمی ئەم نەخشەیە كوردەكانن لە هەر سێ بەشی باشوور، خۆرئاوا و باكووردا، چونكە نەخشەكەی ئیسرائیل بە خاكی كوردستانیشدا تێدەپەڕێت و تا سەر دەریای سپی ناوەڕاست هەنگاودەنێت، لێرەدا هەم كوردەكان بەهێزدەبن و هەم ئەو ویستەی كوردەكان كە توركیا لە 2011وە رێگری لێدەكات بۆ گەیشتن بە دەریا، دەبێتە ئەمری واقیع.
پاككردنەوەی خۆرهەڵات بۆ ئیسرائیل و ئەمریكا بەو مانایە نییە كە هەردوو وڵاتەكە، ئێران لە ناودەبەن، بەپێچەوانەوە ئێران لەو سەرە رێگەیەدا نییە كە ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێت پاكی بكەنەوە و بگەنە ئامانج، هاوكات دۆستی نوێی تێدایە كە دەبێتە مایەی بەهێزیی زیاتری ئیسرائیل و ئەمریكا لەخۆرهەڵاتدا.
جەنگی غەززە دوای کاولکاری، هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەش دەگۆڕێت