ژنی کورد دووجار دەکوژرێت

10:13 - 2024-11-11
محه‌مه‌د گۆران
94 خوێندراوەتەوە

محەمەد گۆران

 ژنی‌ كورد،‌ بە‌هۆی‌ كوردبوونییەوە‌‌، لە ‌زۆر شوێندا رووبە‌ڕووی‌ دە‌ستدرێژی‌ دەبنەوە‌، وە‌ك ئە‌وە‌ی‌ لە‌ سە‌ردە‌می‌ ئە‌نفالدا لە‌لایە‌ن رژێمی‌ بە‌عسەوە کرا، یاخود ئە‌وە‌ی‌ لە ‌شە‌نگال بە‌رامبە‌ر كچانی‌ ئێزیدی‌ كرا و پیاوانی‌ داعش وە‌ك سە‌بایە‌ مامە‌ڵە‌یان پێوە‌ دە‌كردن!



دابلیو ئاڕ های‌، كە‌ لە‌نێو خە‌ڵكیدا‌ بە‌ (كاپتن های‌) ناسرابوو، دوای‌ بڕانە‌وە‌ی‌ جە‌نگی‌ یە‌كە‌می‌ جیهانی‌، وە‌ك حاكمی‌ سیاسی‌ ئینگلیز لە‌ هە‌ولێر (1918-1920) دە‌ستبە‌كاربوو. دوای‌ ماوەیە‌كی‌ كە‌م لە ‌گە‌ڕان و سوڕانی‌ بە‌ناو هە‌ولێردا، كاپتن های‌ ئە‌و سە‌رنجە‌ی‌ لا دروستبوو كە‌ عوسمانییەكان لە‌ ماوە‌ی‌ ئە‌و چوارسە‌د ساڵە‌ی‌ لە‌و شارە‌دا دە‌سە‌ڵاتدار بوون‌، زۆر گرنگییان بە‌ مزگە‌وت و تە‌كیە‌ و خانە‌قا و دامە‌زراوە‌ ئاینییە‌كان داوە‌، ئە‌مە‌ش نە‌وە‌ك لە‌بە‌ر دیندارییان بێ، بە‌ڵكو مە‌بە‌ستیان بووە‌ لە‌و رێگە‌یەوە،‌ خە‌ڵكە‌كە‌ زیاتر لە ‌بازنە‌ی‌ قە‌ومی‌ و بیركردنە‌وە‌ لە ‌سە‌ربە‌خۆیی‌ دووربخە‌نە‌وە‌! 
بێگومان ئە‌و قسە‌یە‌ی‌ كاپتن های‌ كە‌ لە ‌كتێبە‌كە‌ی‌ خۆیدا (دووساڵ لە ‌كوردستان دا) سوودمان لێی‌ وە‌رگرت، دە‌روازە‌یە‌كی‌ باشە‌ بۆ بابە‌تە‌كە‌ی‌ ئێمە‌، چونكە‌ مە‌سە‌لە‌ی‌ ژنكوژی‌ لە‌ناو كورد دا (باشووری‌ كوردستان بە‌ تایبە‌تی‌) لە ‌سێ دە‌یە‌ی‌ رابردوودا و بە‌ دیاریكراوی‌ لە ‌دوای‌ راپە‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1991 رێژە‌كە‌ی‌ ئاوا زیاتر بە‌رز بۆوە‌، كە‌ دە‌كرێ ئە‌و هاوكێشە‌یە‌ بە ‌جۆرێكی‌ دیكە‌ لێكدە‌ینە‌وە‌‌: «هە‌ر دوژمنانی‌ كورد،‌ عوسمانییە‌ تازە‌كان (تورك بە‌تایبە‌ت) ئینجا فارس و عە‌رە‌ب، بۆیە‌ مە‌سە‌لە‌ی‌ شە‌رە‌فیان لای‌ پیاوی‌ كورد تۆخ كردە‌وە‌، تا شە‌رە‌فە‌ رە‌سە‌ن و بنچینەییە‌كە‌ كە‌ خاك و نیشتمان و سە‌ربە‌خۆییە‌، لە‌ بیر پیاوی‌ كورد ببە‌نە‌وە‌!».
ژن پیرۆز بووە
پێنج هە‌زار ساڵ لە‌مە‌وبە‌ر، پێش ئە‌وە‌ی‌ بە‌ربوومی‌ دانە‌وێڵە‌ و ئاژە‌ڵداری‌ كە‌ڵە‌كە‌ بێت و بە‌رژە‌وە‌ندیی‌ ئابووری‌ بێتە‌ گۆڕێ، ژن سە‌روە‌ر و خوداوە‌ند و باڵادە‌ست بووە‌ بە‌سە‌ر پیاودا، بە‌ڵام دوای‌ هاتنە‌ ئارا‌ی‌ بە‌رژە‌وە‌ندیی‌ ماددی‌، ئیدی‌ پیاو بە ‌فێڵ و تە‌ڵە‌كە‌بازی‌ خۆیە‌وە‌، توانی‌ دە‌ست بە‌سە‌ر سە‌روە‌ت و سامان و خودی‌ ژنیش-دا بگرێ، ئە‌گینا بە‌ر لە‌م مێژووە‌، لە ‌هە‌موو شارستانییە‌تە‌كاندا (ژن) خوداوە‌ند بووە‌ و لە‌ لایە‌ن پیاوە‌وە‌ بە ‌پیرۆز سە‌یر كراوە‌. 
لە ‌شارستانییە‌تی‌ سۆمە‌ری‌ (ئینانا) ژن‌ خوداوە‌ند بووە‌، هاوكات لە ‌هە‌موو شارستانییە‌تە‌كانی‌ دیكە‌، لە‌سە‌ر شێواز و بیركردنە‌وە‌ی‌ سۆمە‌رییە‌كاندا ژن خوداوە‌ند بووە‌: لە ‌ئاریانی‌ ئە‌ستێرە‌ (ستار) و لای‌ سامییە‌كان (عە‌شتار) لە‌لای‌ هیندییە‌كان (كالی‌) و لای‌ یۆنانییە‌كان (ئە‌فرۆدێت) لای‌ رۆمە‌كان (ڤینۆس) و لەلای‌  فینیقییە‌كان (عە‌شترۆت)، بە‌مجۆرە‌ هە‌ر شارستانییە‌تێك خوداوە‌ندی ژنی‌ تایبە‌ت بە‌ خۆی‌ هە‌بوو، بە‌ڵام پاش یە‌كە‌مین كودە‌تا كە‌ لە ‌ژیانی‌ مرۆڤایە‌تیدا كرا و رێچكە‌ی‌ ژیانی‌ گۆڕی‌، كودە‌تای‌ پیاو بوو بە‌سە‌ر ژندا، كە‌ دواتر هە‌موو شارستانییە‌ت و بیروباوە‌ڕە‌ ئایینی‌ و مە‌دە‌نییە‌كان لە‌سە‌ر ئە‌م بنچینە‌یە، رە‌نگڕێژكرا و تە‌واوی‌ یاسا و رێساكان بە‌ قازانجی‌ پیاو نووسرانە‌وە‌.
بە‌ڵام ئە‌گە‌ر لە‌ تە‌واوی‌ شارستانییە‌ت و نە‌تە‌وە‌كانی‌ دیكەدا‌، ژن بە‌هۆی‌ مێ بوونی‌ كرابێتە‌ پلە‌ دوو، جیاكاری‌ لە‌ زۆر بوار و كاردا لە‌گە‌ڵ پیاودا پێبكرێ، ئە‌وا لە‌ناو كورددا ژن جگە‌ لە ‌مێ بوونە‌كە‌ی‌، بە ‌زۆر هۆكاری‌ دیكە‌ ئە‌شكە‌نجە‌ دە‌درێ و دە‌ستدرێژی‌ دە‌كرێتە‌ سە‌ر! لە‌نێو خودی‌ كۆمە‌ڵگەكە‌ی‌ خۆیدا بە ‌هۆكاری‌ «شە‌رە‌ف» لە‌لایە‌ن پیاوانی‌ كوردە‌وە،‌ تە‌حە‌رووشی‌ پێدە‌كرێت و دە‌كوژرێت، هاوكات بە‌هۆی‌ كورد بوونە‌كە‌یە‌وە‌، دیسانە‌وە‌ لەلایە‌ن پیاوانی‌ نە‌تە‌وە‌كانی‌ دیكە،‌ دە‌كوژرێت و تە‌جاوزی‌ پێ دە‌كرێت، وە‌كو كوشتنی‌ كچە‌ كوردی‌ شاری‌ سە‌قز (ژینا ئە‌مینی‌) لە ‌تارانی‌ پایتە‌ختی‌ ئێران دا، كە‌ دواتر لە ‌زۆربە‌ی‌ شارە‌كانی‌ ئە‌و وڵاتە‌دا ژنان هاتنە‌ سە‌ر جادە‌ و دروشمی‌ «ژن ژیان ئازادی‌» یان دە‌گوتە‌وە‌. 

بەهۆی کوردبوونیانەوە دەکوژرێن
لێرە‌دا ئە‌و پرسیارە‌ دە‌بێتە‌ رۆژە‌ڤ و هە‌ڵوە‌ستە‌كردن، ئایا ئە‌گە‌ر ژینا ئە‌مینی‌ كچە‌ كوردێكی‌ رۆژهە‌ڵاتیی‌ و شاری‌ سە‌قز نە‌بووایە‌، كچێكی‌ تارانیی یاخود ئە‌سفە‌هانی‌ (فارس) بووایە‌، د‌ەوڵەتی ئێران لە‌سە‌ر نیو لە‌چك كردن، ژیانیان لێ دە‌ستاندە‌وە‌.
هاوكات ژنانی‌ كورد، دیسانە‌وە‌ بە‌هۆی‌ كوردبوونە‌كە‌یانە‌وە‌، لە ‌زۆر شوێندا رووبە‌ڕووی‌ دە‌ستدرێژی‌ دە‌بنە‌وە‌ و دە‌كرێنە‌ سە‌بایە‌! وە‌ك ئە‌وە‌ی‌ لە‌ سە‌ردە‌می‌ ئە‌نفالە‌كاندا و لە‌ هە‌شتاكانی‌ سە‌دە‌ی‌ رابردوودا لە‌لایە‌ن رژێمی‌ بە‌عسی‌ عێراقە‌وە‌ روویدا، یاخود ئە‌و ژنانە‌ی‌ لە‌ باكووری‌ كوردستاندا بە‌هۆی‌ بیروباوە‌ڕی‌ كوردانە‌یان لە‌ زیندانە‌كانی‌ رژێمی‌ توركدا، رووبە‌ڕووی‌ ئە‌شكە‌نجە‌ و دە‌ستدرێژیی‌ سێكسی‌ دە‌بنە‌وە‌، یاخود وە‌كو ئە‌وە‌ی‌ لە ‌شە‌نگال بە‌رامبە‌ر كچانی‌ ئێزیدی‌ كرا و پیاوانی‌ داعش وە‌ك سە‌بایە‌ مامە‌ڵە‌ی‌ پێوە‌ دە‌كردن! پرسیارە‌كە‌ ئە‌وە‌یە‌، لە ‌دە‌شتی‌ نە‌ینە‌وا، داعش زۆر شار و گوندی‌ مە‌سیحی نشینی‌ داگیركرد، ئە‌ی‌ بۆچی‌ كچ و ژنانی‌ ئە‌وانیان وە‌ك كۆیلە‌ و سە‌بایە‌ لە ‌بازاڕە‌كاندا نە‌دە‌فرۆشت؟ خۆ ئە‌وانیش غە‌یرە‌دین بوون بە ‌نیسبە‌ت داعشە‌وە‌؟ كە‌واتە‌ ئە‌وە‌ی‌ بە‌سە‌ر كچانی‌ ئێزیدی‌ هات، هۆكارە‌كە‌ی‌ كوردبوونیان بوو، نە‌وە‌ك ئێزیدی‌ بوونە‌كە‌یان.

کوشتنەکەیان جیاوازە
ژنانی‌ كورد، كوشتنە‌كە‌شیان جیاوازە‌ لە ‌ژنانی‌ شوێن و ناوچە‌ و نە‌تە‌وە‌كانی‌ دیكە، وە‌ك گریمانە‌ش: ئە‌گە‌ر دە‌سە‌ڵاتی‌ ژن بۆ پێنج هە‌زار ساڵی‌ بە‌ر لە‌ ئێستا بگە‌ڕێندرێتە‌وە‌ و كۆتایی‌ بە‌و كودە‌تایە‌ی‌ پیاو بهێنرێ، لە‌وانە‌یە‌ گۆڕانكارییە‌كان لە‌ هیچ شوێنێكی‌ دنیا بە ‌قە‌دەر ئە‌وە‌ی‌ كوردستان بە‌رچاو نە‌بێ، چونكە‌ ئە‌وە‌ی‌ كورد، لە‌گە‌ڵ خۆیدا، كۆتایی‌ بە‌تە‌واوی‌ نایە‌كسانییە‌كانی‌ دیكە‌ش دەهێنێ. 
هاوكات باڵادە‌ستیشی‌ دە‌كات بە‌سە‌ر خە‌ڵك و قە‌وارە‌ی‌ غە‌یرە‌ كورددا، بۆیە‌ دروشمی‌ «ژن ژیان ئازادی‌» دروسترین و پوختترین تێگە‌یشتنە‌ بۆ تە‌واوی‌ كێشە‌ چە‌قبە‌ستووە‌كانی‌ دیكە‌، چونكە‌ تا ژنی‌ كورد ئازاد نە‌بێ، پیاوی‌ كورد ئازادی‌ بە‌ چاوی‌ خۆی نابینێ.

وتارەکانی نوسەر