کەرکوکیانە

کەرکوک وەک دەردی دەردان

09:17 - 2024-11-19
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
228 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 

لە کاتی ئاساییدا دەبینی کەرکوکییەکان توڕەن، رەخنە دەگرن، لەو بارودۆخەی هەیە قەڵسن، کە تەنگانە دێتە پێش، کە کوردستان و کورد و کەرکوک پێویستی پێیان دەبێت هەموو شتێک لەبیر دەکەن، یان باشترە بڵێین لە دووتوێی خەمەکانی خۆیاندا هەڵیدەگرن و دەڵێن واچاکە جارێ لەوە گەڕێین و رۆژی هیمەتە.
لەم رۆژانەدا، چەند دۆستێک نامەیان بۆ ناردم کە پشتگیری گەڕانەوەی خەڵک بکەم بۆ کەرکوک، بۆ ئەوەی بەشداریی سەرژمێری بکەن، بە یەکێک لەهاوڕێکانم گوت، بۆ ئەوە بکەم لە کاتێکدا، خەمی مادەی 140 نەخورا، پڕۆژەی هاوبەشی چارەسەری کێشەی کەرکوک نییە، زۆرێک بە ناوی حزبەوە کەرکوکیان دۆشی و پشتیان تێکرد، برادەرەکە وەڵامی نەدامەوە، وەک بڵێی پێمبڵێ کاتی ئەوقسانە نییە، دواتریش  من ماوەیەکی زۆرە و لە مێژە لەسەر خەم و ئازاری کەرکوک دەنووسم، وتم ئێ ناکرێ ئەمجارەش پشتی تێبکەین، لەو شارەی لە زەرەر زیاتری لێنەداوم، خێرا ناسنامە و شتەکانم برد و بڕیارمدا ئێمەش سەری خۆمان بژمێرین، بەڵام گەلۆ کەرکوک پێویستی بە چارەسەری ریشەیی هەیە، دەنا ئایندەی کەرکوکیش وەک حەویجە باشتر نابێت، حەویجە رۆژگارێ هەموو ناوبازاڕەکەی بەدەست کوردەوە بوو، ئێستا سێ چوار دوکان ماون، ئەوانیش  متەقیان لە خۆ بڕیوە نەوەکو دەریان کەن.
راستە ئێمە باسی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکتر قەبوڵکردن دەکەین، لێ هێشتا ئەوی تر وابیر ناکاتەوە، کێ گوێ لە پەیامی موکەڕەم تاڵەبانی دەگرێت، کە دەڵێ رۆژگارێ کەرکوک عەرەبی تیا نەبووە، لەو سلێمانییە پرسیاری ماڵێکمان کرد، ئەوەی پرسیارمان لێکرد عەرەب دەرچوو، مامۆستا جەمال نەبەز لە کەرکوک مامۆستا بووە، ناڵێ لە دوا ناوەندی عەرەب هەبوو دەڵێ کورد و تورکمان هەبوون، ئێستاچی؟.
چوارسەت بۆ پێنج سەت هەزار ئاوارەی عەرەب لە کەرکوک خۆ تۆمار دەکەن، زۆرێکیان خانویان کڕیوە، یان سەرپێچی و تەجاوزیان کردووە، سبەی ئەو شوێنە وەک موڵکی خۆیان تۆمار دەکەن، ئەسڵی پڕۆژەی عیراق هەر کەرکوک نییە ئەو چاوی لەهەولێر و سلێمانی و دهۆکیشە، ئەمە میلییش کراوە، واتە هاووڵاتی شیعە و سوننەی عەرەبیشی بۆ ساز دراوە، خەمەکە ئەوەیە، بۆیە دەبێت عیلاجی ریشەیی بدۆزینەوە، من هاوارم بۆ دوای سەرژمێرییە، کێ دەڵێ ئەوەی باسی سەرژمێری 57 دەکات وەک بنەما، سبەی وەک حوشترمل سەری خۆی ناشارێتەوە.
ئەمریکییەکان لە 2007 بۆ دە ساڵ جێبەجێکردنی مادەی 140یان دواخست، دوای دە ساڵەکە حەشر درووست بوو، ئەی ئێستا چی، هەقە کورد لەو بارەیەوە برینەکانی خۆی بەرێتە بەردەم ئەمریکا و دنیا، چ نادادیەک دەگوزەرێ، نیوە دوورگەی ڤارۆ دەوڵەتە و کوردیش مافی ئەوەی نییە خۆخاوەنیشی لەناو دەوڵەتی کۆڵۆنیالدا هەبێت.
کەی ئەم کۆڵی سیزیفە دادەنێین و ئیدی ترسی ئەوەمان نابێت غلۆر بێتەوە، وەک شانۆیەکەی ئەو بابا کوردەی تاکۆڵەکەی دەبردەوە سەر قەڵای کەرکوک دایکی غلۆر دەبووەوە، تا دایکی دەبرد کۆڵەکە، تا ئەو کاتەی ئۆتۆمبیلێکی عەرەبی تەعریب لێیداو  کوشتی، دواساتی بەر لە مەرگی یەکجاری چاوی لەسەر غلۆربوونەوەی دایکی بوو.

وتارەکانی نوسەر