-35-
برادەرێکم کە نووسەرە و گەلێک لە خەڵکی وڵات دەیناسن، بە نووسین و وەرگێڕان و وانەکانی لە کۆڕ و کۆنفرانسە ناوخۆیی و جیهانییەکانی جینۆسایدی کورددا فرەجار بەشدارە، بۆی گێڕامەوە لە وڵاتێکی ئەوروپی بانگهێشتی بۆنەیەکی لەوچەشنە کراوە و باسێکیشی لەسەر جینۆسایدی کورد پێشکەش کردووە و مایەی ستایش و پەسەندیی ئامادەبووان بووە. پاشان بۆ کاری هاوشێوە بە قیتار سەردانی دوو وڵاتی تری کردووە و لە سنووری نێوان ئەو سێ وڵاتەدا کەس هیچی لێ نەپرسیوە، هەرچەندە ئەم کەسێکی بیانی بووە لەو وڵاتانەدا.
بە گوێرەی باسەکەی ئەو برادەرەم گەشتەکەی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بووە و زۆر ئاسوودە بووە لە مامەڵەی شارستانییانەی کارمەندانی ئەو فڕۆکەخانەیە، بەڵام لە رۆشتنیدا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و گەڕانەوەی لەوێشەوە بۆ سلێمانی باسی لە رەفتاری نەشیاوی هەندێک لە کارمەندانی بازگەکانی نێوان هەردوو شاری سەرەکیی ئەم هەرێمەمان کرد، بە هەردوو بەریەوە بەبێ جیاوازی چ لە رێگەی کەرکوکەوە، لە سلێمانییەوە بچیت بۆ هەولێر یان لەوێوە بە رێگەی سماقوڵی یان کۆیەدا بگەڕێیتەوە بۆ سلێمانی.
بێگومان مایەی نیگەرانیی هەمووانە و بە تایبەت ئەوانەی بە تاکسی و پاس هاتوچۆ دەکەن. تێناگەم حیکمەت لەوەدا چییە کارمەندی ئەو بازگانە لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە سەر دەکێشێتە ژوورەوە و بە زمانێک کە دەکرێت بڵێین نا دۆستانەیە و لە زمانی ئەفسەری لێکۆڵینەوە دەچێت لێت دەپرسێت حاجی لە کوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەڕۆیت؟ بۆئەوەی بزانێت تۆ کوردی یان عەرەبیت، ئەگەر کورد بیت کاکی کارمەند دڵنیا دەبێت لە ساغڵەمی و پیاوچاکی تۆ و لێت دەگەڕێ و پرسیاری تر ناکات، خۆ ئەگەر بە عەرەبی وەڵامت دایەوە ئەوە پرسیاری تری بەدوادا دێت و تێناگەم ئاخۆ ئەو کارمەندەی ئاسایش هێندە راهێنراوە لە رێگەی ئەو پرسیارە بێتامانەوە بزانێت برای چاوڕەشی سەرنشین تیرۆریست نییە و هاووڵاتییەکی عەرەبی ئاساییە؟. بێگومان پرسیارەکانی ئەم کارمەندە دەیخاتە خانەی رەگەزپەرستییەوە و هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ ئەو کارمەندە ئەمنە عەرەبەی ئێستا و لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا کە بە جۆرێک سووکایەتییەوە لە کوردێکی سەرنشینی دەپرسی کاکە لە کوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەڕۆیت؟ لێرەدا هەموومان دەخوازین کارمەندی ئاسایشی بازگەکانی ئێمە جیاوازیی ئەرز و ئاسمانیان هەبێت لەگەڵ ئەمنە بەعسییەکانی جاران و هاوشێوە عیراقییەکانی ئێستادا.
پێویستە کارمەندانی بازگەکانی هەرێم نوێنەری ئەتەکێت و رەفتاری میواندۆستیی کوردبن بۆ هەموو گەشتیارێک، کورد بێت یان عەرەب یان کەسانی تر و تۆ بەو رەفتارانە دەبیتە نموونەی باڵای میللەتەکەت و بە پێچەوانەوە مۆرکێکی دزێو و ناپەسەند دەبەخشیتە خۆت و ئەو میللەتەش کە لە رێگەی تۆوە یەکەم بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی خۆیدا.
هەڵبەت تائێستا نەمان بیستووە بەم رەفتارانە هیچ تیرۆریست و پیاوخراپێک لەم بازگانەوە رێگەی دەربازبوونیان لێ گیرابێت، لەبەرئەوەی ئەوانە هەزار و یەک هۆکاری تێپەڕبوونیان هەیە و لای خۆشمان هاوکار زۆرە. گەلێ لە ئێمەمانان گەشتی کردووە بۆ ئێران، کە ئەویش بەشی خۆی دەرد و ناسەقامگیریی هەیە و کەس باس لەوە ناکات کە تەنانەت لە ناوچە کوردییەکانیشدا هیچ بازگەیەک هەبێت، لەبەرئەوەی زۆرباش لێیان روونە سەقامگیریی وڵات تەنها بە چاوکراوەیی بازگەی چەشنی ئەمانەی لای خۆمان ناپارێزرێت.