ستونی کراوە

مامۆستای سەركەتوو، كێیە؟

12:19 - 2024-11-27
رۆزا دڵشاد مەریوانی
82 خوێندراوەتەوە

لە درێژایی تەمەنی خوێندكارییم دا زۆر جۆر مامۆستام هەبووە، زۆریان باش و هەندێكیان خراپ بوون، وەك چۆن باشەكان یادگاریی جوان و وانەی باشیان دەربارەی ژیان فێركردووم، خراپەكانیش هەندێ وانەیان فێركردووم كە وەك ئاسەواری برینێك بە نەستی نەك من هەموو ئەوانەوە ماوەتەوە كە وانەیان پێ وتوون  و كاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر كەشی خوێندن و كۆی ئەو ساڵەی تەمەنی خوێندكار و بگرە ژیانیان جێهێشتووە.
بێگومان ئاستی زانستیی مامۆستاكان پەیوەندیی نییە بەوەوەی تا چەند ئەو مامۆستایە مرۆڤێكی باش و پۆزەتیڤە بۆ خوێندكارەكانی، هەروەها بە پێچەوانەشەوە راستە، یەكەمجار لە تەمەنی خوێندكاریمدا ئەوە مامۆستایەكی زانكۆی خاوەن بڕوانامەی بەرز بوو لە پۆل كردمییە دەرەوە، بە بیانووی ئەوەی تۆزێ جووڵە جووڵمان كردووە، دیاربوو ئەو مامۆستا بەڕێزە رای وابوو پێویستە خوێندكار وەك بت دابنیشێت و گوێ لە وانە وشكە یەك سەعاتییەكەی بگرێت. هاوكات ئەو مامۆستا بەڕێزەی وانەی كوردی سەرەتایی پێدەوتم، كە بە داخەوە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، فێری ئەو زمانە كوردییەی كردووم كە بتوانم ئێستا پێی بنووسم، جگە لەوەی خۆشەویستی كورد و كوردستان و سروودە نیشتمانییەكانی فێركردم، ئەوەندە وزەی پۆزەتیڤی لەسەر زمانی كوردی و كوردبوون پێ داوم رەنگە بەشی هەموو ژیانم بكات. دواجار ئەوەی مامۆستایەك دەكاتە كەسێكی سەركەوتوو لە بوارەكەیدا بە رای من بڕوانامە و پلە و پۆستە باڵاكان نییە، بەڵكو ئەوەیە تا چەند مرۆڤێكی باشە و كاریگەریی پۆزەتیڤی لەسەر خوێندكارەكانی هەیە، بێ گوێدانە ناو و نازناو ژیانی خوێندكارەكانی بەرەو باشتر دەبات.
كاتێك كەسێك پیشەی مامۆستایی هەڵدەبژێرێت، دەبێت درك بەوە بكات ئەو كارە چەندە هەستیارە و چەند كاریگەریی لەسەر ژیانی ئەو خوێندكارانە جێدەهێڵێت كە وانەیان پێ دەڵێتەوە، گرنگیش نییە لە چ قۆناغێكی زانستیی یان تەمەندان، مامۆستا پێویستە ئەو نموونە باڵایە بێت كە خوێندكار لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان چاوی لێدەكات و كاریگەریی دەبێت لەسەری، رەنگە تۆی مامۆستا هۆكار بیت بۆ رزگاربوونی مرۆڤێك لە بەلاڕێدا رۆیشتن و بوونی بە زانا و سەركردە و كەسایەتییەكی سەركەوتوو، هەروەها بەداخەوە دەكرێت هۆكار بیت بۆ وێرانكردنی كەسێك لە قۆناغێكی هەستیاری ژیانیدا و بەهۆی تۆوە وە بەرەو خراپتر بچێت.

وتارەکانی نوسەر