دابەشكردنی هەولێر بۆ چەند زۆنێك

01:22 - 2024-11-27
هێدی گەڵاڵی
143 خوێندراوەتەوە

 

هەركەسێك بە دیقەت سەیری سیمای شار بكات بۆی دەردەكەوێت، كە لەلایەن دەستەڵاتدارانی خۆجێییدا جیاوازی زۆر لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەكرێت، وەك ئەوە وایە لە دوو هەولێردا بژیت

هەرچەندە شاری هەولێر، لەڕووی رێگاوبان و دروستكردنی بەرزە پرد و تونێل و فراوانكردنی شەقامەكان پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام خزمەتگوزارییەكان و دروستكردنی پرۆژەكان وەك یەك هەموو دەروازەو ناوچەكانی شارەكە ناگرێتەوە.
هەركەسێك بە دیقەت سەیری سیمای شار بكات بۆی دەردەكەوێت، كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی خۆجێییەوە، جیاوازی زۆر لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەكرێت، وەك ئەوە وایە لە دوو هەولێردا بژیت، هەولێرێك كە دەكەوێتە رێگای پیرمام و شەقڵاوەو لەوێوە بۆ پشت عەنكاوە و رێگای فڕۆكەخانە، لەوێشەوە بۆ پشت گوندی گەزنە ئەو شەقامە قیڕتاوکراوە تازە دروستكراوانەی كە بەرەو ئاكرێ‌ و دهۆك دەچێت، دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگا و بەرپرسانی حكومەت لە هەولێر گرنگی بێشوماریان بەو شوێنانە داوە، بەو هۆكارەی ئەو سنوورانە رێگای هاتووچۆی بەرپرسە باڵاكان و سەرە رێگای وەفدە بیانیەكانن بۆیە بەو جۆرە بایەخی پێدراوە.لەبەرامبەردا شەقام و گەڕەكە میللی نشیینەكان پەراوێزخراون لە دەرەوەی بازنەی هەولێرەكەی رێگای شەقڵاوەن، ئەوانیش گەڕەكەكانی كوران و نەورۆز و كوردستان و بەهاری نوێ‌ و شادی، بە دیوی دەرەوەی شەقامی سەدوبیست مەتریش گەڕەكەكانی توڕەق و سەركارێز و قەتەوی و مامزاوە دەگرێتەوە، سەرجەم خەڵكی ئەو گەڕەكە هەژارنشین و كاسبكارەكانن، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پەراوێز خراون، ئەوان لە دەرەوەی بازنەی گرنگییپێدان و پرۆژەی خزمەتگوزارین، تەنانەت كە سەیری ئەو شوێنانە دەكەیت وا دەزانیت لە هەولێرێكی دیكە دایت و جیاوازە لە هەولێرەكەی رێگای پیرمام.
لەم روانگەیەوە پێموایە سیاسەتی كاركردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی رێگاوبان و قیرتاوكردندا لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێك و لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تری شارەكە جیاوازی پێوەدیارە، بۆ نموونە چەندین ساڵە بە دوو سایدكردنی رێگای گشتی(هەولێر- كۆیە) تەواونەكراوە، لەكاتێكدا بڕیاری بەدوو سایدكردنیشی بۆ دەرچووە، خۆ ئەگەر كێشەی دارایی و نەبوونی پارەی بەردەست، بەهۆكاری دەست پێنەكردن و تەواونەكردنی ئەو رێگایە دابنێن، ئەی بۆچی بۆ ئەو شوێن و سنوورانەی خۆیان مەبەستیانە، بودجەی تەرخان كراو هەیە!.

وتارەکانی نوسەر