ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ماوەیەکە بیرکردنەوەی بەشێکی زۆرینەمانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بەتایبەتی لای ئەوانەمان کە بەجۆرێک رۆژئاوای کوردستان بۆتە بەشێک لە شانازی و خەم و بەرپرسیارێتیی نیشتمانمان، بۆیە کە بووە واقیع کەوا رۆژی 20ی کانونی دووەمی 2025، دۆناڵد جەی ترەمپ دەبێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیتر ئەو پرسیارە زیاتر لە بیرکردنەوەماندا ئامادەیی دەبێت و ناتوانین وەکو ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوی مەترسیدار سەیری نەکەین، بەڵام خۆ دەبێت ئەو ئەگەرەش وەربگرین رەنگە بارودۆخەکە پێچەوانە ببێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی زیاتر بۆ لای کورد، رۆژئاوای کوردستان سوود لە سیاسەتەکانی ترەمپ وەربگرێت و ئەزموونەکەیان زیاتر بگەشێتەوە لەوەی ئێستا هەیە. رۆژئاوای کوردستان تەنها ئەو مەترسییەی نییە کە لە سەردەمی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپدا وەکو پرسیار لە خۆمانی دەکەین، بەڵکو مەترسیی تورکیا و ئاگاربارانکردنی و تاقیکردنەوەی نوێترین چەکی سەربازیی خۆی لەسەری، هەروەها سەرهەڵدانەوەی داعش و گروپەکانی سەربە تورکیا کە چەندین شوێنی گرنگیان لە سوریا هێشتا بەدەستەوەیە، دیسانەوە مەترسیی پەیوەندیدار بە تورکیا و مەترسییەکانی لەسەر رۆژئاوای کوردستان، ئەگەری رێککەوتنی سوریا و تورکیاش مەترسیی گەورەیە کە روسیا هەوڵی بۆ دەدات و ویستی ئەوەی هەیە لەو رێگەیەوە تورکیا زیاتر بەلای خۆیدا کێش بکات.
یەکێک لە ویستەکانی سوریا و تورکیا هەر ئەوەیە کە ئیدارەی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان نەمێنێت، بەو مانایەی کورد لای ئەوان خاڵی شایان بە قوربانیکردنی نێوانیانە و هیچ لایەکیان ویستی بوونی ئیدارەی کوردی زۆر بچووکیشیان نییە.
ترەمپ بەهەمان شێوەی ڤیلادمیر پۆتین، دەیەوێت تورکیا زیاتر بەلای خۆیدا ببات، تورکیا لای ئەمەریکا وڵاتێکی گرنگە و ساڵانێکی زۆرە هاوپەیمانی یەکترن، بۆ ئەوروپاش هەر تورکیا گرنگە، بۆیە لە بەرامبەر ئەو هەموو گرنگییەدا، تورکیا نازی هەیە و دەستکەوتی دەوێت، ئەمە ئەگەرە بەهێزەکەی بە قوربانیکردنی کوردە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی پێشوویدا، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا وتی ئەوان بۆ نەوت لە سوریان، ئەو سەرۆکێکە هەموو شتێک بە پێوەری قازانجی ئابووری و بازرگانی دەپێوێت، بۆیە خاڵە مەترسیدارەکە ئەوەیە ئەمجارە تورکیا بەرامبەر لەناوبردنی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان قازانجی زیاتر بداتە ترەمپ و ئەو دەستکەوتە کوردییەش لەدەستبچێت.