گوناهـ نین و ماندوو نابین

01:12 - 2022-03-19
رۆزا دڵشاد مەریوانی
462 خوێندراوەتەوە

ئەوە چۆن تاقەتی کارکردنت هەیە زۆر ماندوو دیاریت؟ واباشتر نییە لە ماڵەوە بحەوێیتەوە، بۆخۆت تەنیا خەریکی ماڵ و مێرد و مناڵەکانت بیت باشتر نییە؟ چیت داوە لەم کارە ئەو مووچەیە چەندت بۆ دەمێنێتەوە؟ بەرپرسیارێتی پیاوە بەخێوت بکات! ئەمانە و زۆر پرسیار و قسەوباسی دیکە بەردەوام و رۆژانە هێشتا سەرەڕای پێشکەوتنی دونیا و سەردەم کەسانێک هەن ئەو جۆرە ئامۆژگارییانە ئاراستەی ئەو ژنانە دەکەن کە لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەن، بێگومان ئەگەر ژنێک بیت و لەسەرەتای ژیانتەوە دوای تەواوکردنی خوێندن کارت کردبێت زۆر ئەستەمە بتوانیت لە ماڵەوە دانیشیت و تەنیا کارت ماڵ و منداڵ بێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی منداڵەکانت کەمێک گەورە دەبن و ئیتر هەست دەکەیت بوونی تۆ ئەوەندە لە ماڵەوە سوودێکی ئەوتۆی نییە.
من چی دەکەم؟
ئەگەر ژنێک بیت فێری کارکردن بووبیت لە دەرەوەی ماڵ و واز لەکاربێنیت چەندە ماندووش بیت دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و دووان تەماشا دەکەیت هەموو ئەو شتانەی کاتی دیکە بوارت نەبووە بیکەیت کردووتە و تەواو بووە، ماندووێتی کار نەماوە، بەڵام ماندووێتی کاری ماڵ و منداڵ هەر ماوە، دوای ماوەیەک لە زۆریی کاتە بەتاڵەکاندا دەبیتە بوونەوەرێکی ئالوودە بە پاکوخاوێنی ماڵ و منداڵەوە، کەچی هێشتا کات هەر ماوە، کاتێکیش منداڵان دەچن بۆ خوێندنگە لە خۆت دەپرسیت من چیدەکەم یان چی بکەم؟ هەندێکجار پرسیاری وجودی و فەلسەفی لە خۆت دەکەیت من چ سوودێکم هەیە لەم ژیانەدا! بێگومان مەبەستم لەوە نییە کاری ژنی ماڵ و دایکایەتی بێ نرخ بکەم، چونکە هەموو لەسەر ئەوە کۆکین ئەوە گەورەترین و پیرۆزترین کارە ژن بیکات، بەڵام شتێکی دیکە هەیە ژن وەکو مرۆڤێک نەک وەکو دایک و هاوسەری یەکێک پێویستێتی بۆ خۆی بکات و تێیدا وەکو مرۆڤێک هەست بە بەها و بوونی خۆی بکات، بێگومان ئەوەش ئەو کارەیە جگە لە کارە سروشتییەکانی وەکو ژنێک پێویستێتی بۆخۆی بکات، چونکە ئەوانی دیکە لەبەر منداڵ مێرد دایک..هتد دەیکەیت، بەڵام ئەو کارەی حەزی پێدەکەیت ئەوە ئەو شتەیە کە تەنیا لە پێناو خودی خۆتدا دەیکەیت، مەرجیش نییە ئەوە تەنیا کار و پیشەیەک بێت لە پێناو خۆتدا بیکەیت، بەڵکو زۆر شتی دیکە هەیە پێویستە رۆژانە لە پێناو تەندروستی دەروونی و جەستەیی خۆتدا بیکەیت وەکو مرۆڤێک، تاوەکو زیاتر هەست بە بەهای خۆت بکەیت لەم ژیانەدا و بزانیت شتێک دەکەیت جێدەستی تۆی پێوەدیار دەبێت.

وتارەکانی نوسەر