با خەمی ناوماڵی خۆمان بخۆین

09:53 - 2024-12-04
هیوا سەرهەنگ
94 خوێندراوەتەوە

هیوا سەرهەنگ/ هۆڵەندا 

تەنها ئاشتی و زمانی هەڤپەیڤین و یە‌كڕیزی و تەبایی و یە‌كتر خوێندنە‌وە‌ بكە‌ینە‌ دیاری و بیدە‌ینە‌وە‌ بە‌ كۆمە‌ڵانی دڵسۆز و ماندووی خە‌ڵكی كوردستان

 

رەوشی پرسی نەتەوایەتی کورد، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر هۆشداری و ئاژیری ترسناکی ئەم قۆناغەمان دەداتێ و دەسەڵاتداران و بەرپرسانی لەبەردەم دیرۆکی نەتەوایەتی کورددا بەرپرس دەکات. 
دەکرێت بپرسین: بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی وڵاتەکەمان ئەوەندە هۆشیار و ژیر و زرنگ بن لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیاندا، ململانی و کێشە و ناتەباییەکانی خۆیان وەلاوە بنێن و دژ بەم میللەتەی ئێمە یەکبگرن؟. بەڵام میللەتی کورد خۆی لەپێناوی ئازادی و دژ بە چەوسانەوە و کاولکردنی خاک و نیشتماندا بیر لە یەکگرتن و یەخکستنی ریزەکانی و رێکخستن و تەبایی ناو ماڵی خۆی نەکاتەوە؟.

تادێت نەیارانی کورد زیاتر دەبن
ئاشکرا و روونە کە ناحەزان و داگیرکەرانی کورد ناوبەناو وەکو بڵقی سەر ئاو سەرهەڵدەدەن و پلان و نەخشەی تۆکمە دادەڕێژن بۆ تێکدان و شێواندن و ناسەقامگیری ناو ماڵی کورد و لەباربردنی ئەم دەستکەوتانەی کە لە ئەنجامی بەرخۆدان و شۆڕش و خوێنی پیرۆزی هەزاران شەهید و ئەنفالکراوان و راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەدەستهاتووە و گێڕانەوەی کۆمەڵگەی کوردەواری بۆ دواکەوتن و رۆژانی تاریکی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و دەربەدەری. دووبەرەکی و ناتەبایی هەرگیز بە‌ سوود و قازانج و بەرژەوەندی ئە‌مڕۆی میللە‌تە‌كە‌مان ناشكێتە‌وە‌ و دە‌بێتە‌ نە‌ك درز، بە‌ڵكو دە‌لاقە‌ی گە‌ورە‌ بۆ‌ پە‌ڕینە‌وە‌ و جێبەجێکردنی پلانە‌كانی نە‌یاران و ناحەزانی میللەتەکەمان و هێندە‌ی تر بە‌ری رەنج و خە‌باتی كۆمە‌ڵانی خە‌ڵكی كوردستان و شە‌هیدانی شۆڕشی نوێی گە‌لە‌كە‌مان، لاواز و پە‌رتە‌وازە‌ دە‌كات.

سوود وەرگرتن لە رابردوو
 بۆیە ئە‌مڕۆ كاتی ئە‌وە‌ هاتووە‌ سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگیرێت و راستگۆیانە‌ و بە روونی مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بكرێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە و ئارام و دواڕۆژێکی گەش و سەرفراز و پاراستنی مافی مرۆڤ بۆ گەلەکەمان.
 دە‌بێت باش لە‌و راستییەش‌ تێبگە‌ین‌ كە‌ هە‌ر هە‌موو كورد بە‌ هە‌موو جە‌ماوە‌ر و سە‌ركردایە‌تی و پارتە‌كانە‌وە‌، تەنها ئاشتی و زمانی هەڤپەیڤین و یە‌كڕیزی و تەبایی و یە‌كتر خوێندنە‌وە‌ بكە‌ینە‌ دیاری و بیدە‌ینە‌وە‌ بە‌ كۆمە‌ڵانی دڵسۆز و ماندووی خە‌ڵكی كوردستان. با هە‌رگیز تووشی دڵە‌ راوكێیە‌كی بێ بنە‌مایان نە‌كە‌ین. ئیتر چما خۆڵ بكرێتە‌ چاوی میللە‌ت كە‌ سە‌رچاوە‌ی هێز و بوونی حزبە‌كان و هەمووانە‌، با ئە‌و هە‌ل و دەرفەتانەی رە‌خساون بۆ كورد، هە‌لی‌ هە‌مووان بن و بە هە‌مووانیش وڵات بەڕێوە دە‌برێت و ئایندە‌ش هی هە‌مووانە‌. رە‌نگە‌ ئە‌و دەرفەتە زێڕینە جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە‌، دەبا لە خەمی ناو ماڵی خۆماندا بین و هەر هە‌موومان پێكە‌وە‌ شان بدە‌ینە‌‌ بە‌ر هە‌ڵسانە‌وە‌ و بە‌رە‌و پێشبردن و بووژانەوە و سەرکەوتنی وڵاتەکەمان و کۆمەڵی کوردەواریمان.
هەزار رەحمەت لە گۆڕت شاعیری مەزن حەزرەتی شوکری فەزڵی نەمر، پاش ئەم هەموو زەمەنە زۆرە، نەک هەر پێش نەکەوتووین، بەڵکو دەبێ تازە بگەینە ئەو زەمەنەی رووت لە میللەت کرد و پێتووت: سەرەتای ئیش هەمووی یەکبوونە، ئەویش نابێ هەتا، هەر برینێ، کە لە دڵدا هەیە، ساڕێژی نەکەی !.

وتارەکانی نوسەر