توێژینەوەی زانستیی دەبێت چۆن بێت؟

11:23 - 2024-12-05
‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
187 خوێندراوەتەوە

‎توێژەر لە کاتی نووسینی توێژینەوەی زانستیدا بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندن، پێویستە بەم شێوەیە توێژینەوەکەی دابڕێژێت، هەروەها ئەو دیزاینەی کە پێویستە لە توێژینەوەی زانستیدا پەیڕەو بکرێت بریتییە لەمانە:
‎1. لاپەڕەی ناونیشان (بەرگ): لاپەڕەی یەکەمی توێژینەوەکە لە گۆشەی سەرەوە (ئەگەر توێژینەوەکە بە زمانی عەرەبی یان کوردی بێت لای راستەوە دەبێت، بەڵام ئەگەر بە زمانێکی بیانیی بێت لەلای چەپەوە) ناوی حكومەت، وەزارەت، ئەو زانکۆ یان پەیمانگەیە دەنووسرێت کە خوێندكار تێیدا دەخوێنێت، هەروەها ئاماژەدان بە ناوی بەشی زانستیی، پاشان لە ناوەڕاستی لاپەڕەکەدا ناونیشانی توێژێنەوە زانستییەكە دەنووسرێت و لە ژێریدا سامپڵەكە دەناسێنرێت، لە خوارترەوە ناوی خوێندكار و مەبەستی پێشكەشكردنی توێژینەوەكە بۆ بەدەستهێنانی چ بڕوانامەیەكە، پاشان ناوی سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە دەنووسرێت و لە كۆتایشدا ئاماژە دەدرێت بە ساڵی دەرچوونی خوێندكارەكە.
‎2. رەزامەندیی سەرپەرشتیار: لێرەدا سەرپەرشتیار رەزامەندی دەدات بە پەسەندكردنی توێژینەوەكە، پاشان ئاراستەی لیژنەی رەزامەند دەکرێت.
3. رەزامەندی لیژنە: لیژنەی هەڵسەنگاندن یان ئەو دكتۆر و مامۆستایانەی گفتوگۆی توێژینەوەكە دەكەن لەگەڵ توێژەر، بڕیاری خۆیان لەسەر توێژینەوەكە دەدەن و پاش بڕیار، راگری كۆلێژ لە كۆتاییدا توێژینەوەكە پەسەند دەكات.
4. پێشكەشكردن: توێژەر سەرپشكە توێژینەوەكەی پێشكەشی هەر كەسێك یاخود دامەزراوەیەكی خوێندن و كتێبخانەیەك دەكات.
‎5. سوپاس و پێزانین: توێژەر بە زۆریی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئەو کەسانە دەکات کە یارمەتیان داوە لە نووسینی توێژینەوەکە و ئامادەکردنی و..هتد. هەروەها لە سوپاس و پێزانیندا دەبێت ئاماژە بدرێت بە چ هۆكارێك سوپاسی ئەو كەسانە دەكات، واتە ئاماژە بە شێوازی ئەو هاوكارییکردنە بدرێت. 
6. پوختە: نووسینی پوختە پشت ئەستوور بە تێگەیشتن لە ئەزموون و ئەنجامەكانی توێژینەوەكە ئەو كاتە دەستپێدەكات، كە كۆی توێژینەوەكە تەواوكراوە، لە پوختەدا ئاماژە دەدرێت بە: بەشەکانی توێژینەکە و یەکەکانی، واتە لە پوختەدا ئاماژە بە ناونیشان، گرنگی و ئامانج، میتۆد و سامپڵی توێژینەوەکە دەدرێت.
7. لیستی ناوەڕۆک: دوای لاپەڕەی پوختە باس دەکرێت، ئەگەر لێکۆڵینەوەکە درێژ بێت و دابەشکرابێت بەسەر بابەت و بەشدا، ئەوا ناونیشانی بابەتەکان بە هەمان ریزبەندی کە لە جەستەی توێژینەوەکەدا دەرکەوتوون ریز دەکرێن، هەریەکەیان پەیوەست بە ژمارەی لاپەڕەکانیانەوە.
8. لیستی خشتەكان: لەپاش لیستی ناوەڕۆك، لیستی خشتەكان دادەنرێت، ناونیشانی هەر خشتەیەك بە ژمارەی خشتە و ژمارەی لاپەڕەكە دادەنرێت.
‎9. پێشەکی: سەرەتای توێژینەوەکەیە، تێیدا توێژەر هۆکارەکانی هەڵبژاردنی بابەتەکەی روون دەکاتەوە، هەروەها باس لە بەشەکانی توێژینەوەکە دەکات بە شێوەیەکی کورت، لە کۆتاییشدا گرنگترین راسپاردە و پێشنیاری نێو توێژینەوەکە ئاماژە پێ دەدات. 
10. ماددە ناوەکییەکانی توێژینەوەی زانستیی: کۆی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە دەگرێتەوە، ئەوانیش پلانی توێژینەوە و لایەنی تیۆری و لایەنی مەیدانی کە شیکردنەوەی داتاکانیش لەخۆ دەگرێت.
11. دەرئەنجامەکان: ئەو شتانە لە خۆدەگرێت کە توێژەر لە راستیدا بەدەستیهێناوە دوای کردنی ئەو تاقیکردنەوانەی باسی کردووە دەیخاتە روو.
‎12. راسپاردەکان: ئەوانە لە خۆدەگرێت، کە توێژەر پاش گەیشتنی بە دەرئەنجامەکان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکات.
‎13. پێشنیارەکان: توێژەر لێرەدا بۆچوونی خۆی لە بارەی توێژینەوەکەوە دەخاتە روو، تێیدا چەند پێشنیارێک دەخاتە روو.
‎14. پاشکۆکان: دەکەوێتە پاش کۆتاییهاتنی کارەکانی توێژینەوەکە، کۆمەڵێک بابەت لەخۆ دەگرێت لەوانە: فۆڕمی راپرسیی، راستیی توێژینەوەکە و جێگری فۆڕمی توێژینەوەکە، هەروەها دانانی بەرگ و پوختەی توێژینەوەکە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی، لەگەڵ ئەوەشدا هەر پاشکۆیەک ژمارەیەکی تایبەت بەخۆی وەردەگرێت.

وتارەکانی نوسەر