بەدواداچوون و كاركردن لەسەر كۆی كێشەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن و دەرخستنی راستی و دروستی بابەتەكان و گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری بۆ جەماوەر، لە ئەرك و كارە گرنگەكانی میدیایە لە جیهاندا.
كاتێك دامەزراوەیەكی میدیایی بەم جۆرە كاردەكات و خۆی بە دوور دەگرێت لە بەلاڕێدابردنی زانیارییەكان و كاركردن بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، دامەزراوەكە دەبێتە جێی متمانەی جەماوەر، ئەمەش كاری دامەزراوەكە ئاسان دەكات لە ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگە و جووڵاندنی رای گشتی لە پرسە سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و پرۆسە جیاجیاكانی وڵات و كۆی كایەكانی حوکمڕانیدا، چونكە راگەیاندن بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێت و هەندێك جاریش رۆڵی دەسەڵاتی یەكەم دەگێڕێت لەم جۆری كاركردنەدا، كە دامەزراوەكە پێگەی میدیایی خۆی پاراستووە.
ئاستی جووڵاندنی رای گشتی و ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەی كوردی لەلایەن دامەزراوە میدییاییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بەشێوەیەكی سنووردارە و ناتوانرێت هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكان بچێتە ژێرباری دامەزراوەیەكی میدیایی، چونكە لە هەرێمی كوردستاندا دامەزراوەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە، ئەوەی هەیە هەر دامەزراوەیەك لەژێر سایە و سێبەری ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراودایە، هەر ئەمەشە وایكردووە متمانەی گشتی و بێ جیاوازی بۆ یەك دامەزراوە بەدەست نەیەت، هەر دامەزراوەیەك دەتوانێت كاریگەریی و رۆڵی هەبێت لە ئاڕاستەكردنیدا، تەنها ئەو جەماوەرەی كە هەمان ئایدۆلۆژیای سیاسی خۆی هەیە، واتە سنووری جووڵاندنی رای گشتی بۆ هەر دامەزراوەیەك دیاریكراوە و ناتوانێت ئاڕاستەی كۆی كۆمەڵگەی كوردی بكات بۆ پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتی و كایەكانی حوکمڕانی، لەم بارەشدا دامەزراوەكە كۆی ئەو جەماوەرەی هەمان ئایدۆلۆژیای خۆی هەیە ناتوانێت ئاڕاستەی بكات، چونكە متمانەی هاووڵاتییان بە راگەیاندنی كوردی و پرسەكانی پەیوەندیدار بە حكومڕانی لە ئاستێكی بەرزدا نییە.