گەنجان لە چاوەڕوانی یەكێتیدا

09:33 - 2025-02-12
‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
126 خوێندراوەتەوە

 

ئومێد دەكەین لە دووەمین دیداری یەكێتیدا، بەڕەسمی گرنگیی بە بەشەكانی ژنان و گەنجانی مەڵبەندەكان بدەن و پەیامەكانی پەیوەندیدار پێیانەوە لە چوارچێوەی دروشمدا نەمێنێتەوە

هەوڵەكان و ئامانجەكان و راسپاردەكانی یەكەمین دیدار و پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئومێدی بەخشییە كچان و كوڕانی گەنج لە بەشداریی سیاسی و هاتنە پێشەوەیان لە نێو ئۆرگانەكانی یەكێتی، بووە مایەی چاوەڕوانیی بۆ كۆتاییهێنان بە بەربەستەكان و قبووڵنەكردنیان، بەڵام تائێستاكە لە چاوەڕوانی ئەوەدان بە رەسمی و كردارەكی، ئومێدەكانیان ببێتە واقیع و بەبێ گرفت و بەربەستی فكری دەرگای كاری حزبییان لە ئۆرگانەكاندا بۆ بكرێتەوە
دیپلۆمی كاری حزبی و مەرجەكانی
‎بڕیاردان لەسەر پرۆگرامی دیپلۆمی كاری حزبی و كردنەوەی خولی تایبەت بۆ پێگەیاندنی كچان و كوڕانی گەنج، بۆ بونیادنانی كادری نەوعی و سوود بینین لە توانای فكری و جەستەی گەنج، بڕیارێكی گرنگ و پێویست بوو بەرامبەر گۆڕانكارییە خێراكانی كاری سیاسەت لە ناوچەكە، تائێرە هەموو شتێك بەباشی ئامادەكاری بۆكراوە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی و تێڕامان و چاوەڕوان نەكراو بوو، دیاریكردنی مەرجی تەمەن بوو كە ژمارەیەكی زۆر گەنجی سەروو تەمەن 28 ساڵ بێ ئومێد كران لە سوود وەرگرتنیان لە پرۆگرامێكی وەها گرنگ بۆ فراوانكردنی بیر و درككردنیان بە ئاڵانگارییەكان و ئاشنابوونیان بە كار و باری سیاسی.  ئێستا ژمارەیەك لە كوڕ و كچی گەنج لە رێكخستن و ئۆرگانەكاندا هەن، كە تەمەنیان رێگە نادات بەشداریی لە دیپلۆمی كاری حزبیدا بكەن و لەهەمان كاتیشدا پێویستیان بە خولێكی گرنگی لەو جۆرە هەیە، تاوەكو لەگەڵ ئەزموون و توانا جەستەییەكەیاندا یەكی بخەن بۆ خزمەتكردن، بۆیە گرنگە مەڵبەندی دیراساتی گشتی و مەكتەبی رێكخستن بە هاوبەشی، خولێكی تایبەت بۆ كچان و كوڕانی گەنج بكەنەوە كە تەمەنیان سەرو 28ساڵە و لە ئۆرگانەكانی یەكێتیدا لە ئەرك و بەرپرسیارێتی حزبیدان، هەر بۆ ئەو مەبەستەش ژنان و گەنجانمان لە ئۆرگانەكاندا لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە.

‎كۆنفرانس و دووەمین دیدار
پاش پەیامەكان لەبارەی گرنگیدان بە گەنجان و ژنان لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، چاوەڕێ بوون لە دوایین كۆنفرانسی مەكتەبی هەڵبژاردندا، بە كردار بەشداریی كۆنفرانسەكەیان بكردایە و بیانكردایە بە دەرفەت بۆ گەیاندنی نیگەرانی و پێشنیازەكانی پەیوەندیدار بە گەنجان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. 
هەربۆیە گرنگ بوو، بەشەكانی گەنجان و ژنان لە كۆی مەڵبەندە تێكۆشەرەكان، بێ جیاوازی بەشداریی كۆنفرانسەكەیان بكردایە، ئومێد دەكەین لە دووەمین دیداری یەكێتیدا، بە رەسمی گرنگیی بە بەشەكانی ژنان و گەنجانی مەڵبەندەكان بدەن و پەیامەكانی پەیوەندیدار پێیانەوە لە چوارچێوەی دروشمدا نەمێنێتەوە، چونكە گەنجان و ژنان دەبێت خۆیان بەرگری لەخۆیان بكەن و پێشنیازی خۆیان بۆ دەوڵەمەندكردنی سیاسەتی یەكێتی و داهاتووی بخەنەڕوو.

وتارەکانی نوسەر