کابینەی نوێ، کێشەکان چارەسەر دەکەن؟

09:54 - 2025-02-27
‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
182 خوێندراوەتەوە

‎هەر كابینەیەك و هەر خولێكی پەرلەمانیی سەركەوتوو، جێی رەزامەندیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان نییە، ئەگەر گۆڕانكاریی جددی نەهێنێتە ئاراوە و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان نەباتە قۆناغێكی ئەرێنی و دڵخۆشكەرەوە، جیاواز لە خول و كابینەكانی پێشوو. 
كێشەی كارەبا، گرفتی بێ ئاوی، دوو كێشەی بەردەوامی هاووڵاتییانە كە تا ئێستا چارەسەر نەكراون و هەوڵی جددییان بۆ نەدراوە لە هیچ كابینەیەكدا، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە دوو وەرزی سەرەكی زستان و هاویندا، پێویستیان بە پێدانی كاتژمێری زیاتری كارەبا هەیە، بەڵام لەو دوو وەرزەدا كارەبا كەمترینە. 
هەروەها كێشەی مووچە و گرفتەكانی بەردەم كردنەوەی دەرگای دامەزراندن دوو گرفتی دیكەی هاووڵاتییانن، كە زیاد لە 10ساڵە ئەم كێشانە بەردەوامی هەیە و هاووڵاتییانی نیگەران و بێ هیوا كردووە لە حكومەت و كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم، كە پێویستە لە كابینەی نوێدا لۆژیكانە و بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە، كار بۆ چارەسەركردنی بكرێت. 

كێشەی كارەبا، گرفتی بێ ئاوی، دوو كێشەی بەردەوامی هاووڵاتییانە كە تا ئێستا چارەسەر نەكراون و هەوڵی جددییان بۆ نەدراوە لە هیچ كابینەیەكدا

لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆر لە نەخۆشخانە گشتی و مەڵبەند و بنكەكانی تەندروستی لە قەزاو ناحییەكاندا، پزیشك و كارمەند و پێداویستیی پزیشكی و دەرمانی لە ئاستی پێویستدا نییە كە گرنگە لە كابینەی نوێیدا كێشە و كەموكووڕیی تەواوی نەخۆشخانەكان چارەسەر بكرێت، چونكە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە، ئەمانە كۆمەڵە گرفت و كێشەی سەرەكیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانن، لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی ئەم كەموكووڕیی و گرفتانە لە كابینەی نوێدا و نەبوونی نییەتی چارەسەركردن بۆیان، ئەوا با لەئێستاوە كابینەی نوێ پێك نەیەت، چونكە بوون و نەبوونی لە كەموكورتییەكانی پێداویستییە گرنگەكانی هاووڵاتییان كەم ناكاتەوە، بەڵكو زیاتر رق ئەستوریان دەكات بەرامبەر بە حكومەت.

وتارەکانی نوسەر