پرۆفیسۆری یەکەم د.جەزا تۆفیق تالیب*
لەگەڵ هەرەسهێنانی رژێمی ئەسەددا، بنیامین نەتەنیاهۆ سەردانی بەرزاییەکانی جۆڵانی کرد بۆ دوو مەبەست، یەکەمیان وەک بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەی جۆلاندا و زیاتر تۆکمەکردنیان، لەو دۆخەی کە سوریای پێدا تێدەپەڕێت، دووەمیان دەرکردنی فەرمان بوو بۆ سوپای ئیسرائیل، تاوەکو زیاتر لە سنووری رۆژهەڵاتی بەرزاییەکانی جۆلانەوە بچنە پێشەوە بەرەو قووڵایی نێوخاکی سوریا و ئەو ناوچەیەی، کە لە ساڵی 1974ەوە(بەناوچەی جیاکەرەوە) دەناسرێت و بەرزاییەکانی جۆلان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، لە سوریا جیا دەکاتەوە.
ناوچەی جیاکەرەوە چۆن دروستبوو
پاش شکستی وڵاتە عەرەبییەکان لە جەنگی حوزەیرانی ساڵی 1967 دژی ئیسرائیل، میسر نیمچە دوورگەی سینای لە دەستداو ئیسرائیل داگیری کرد، سوریاش بەرزاییەکانی جۆلانی لە دەستداو سوپای ئیسرائیل تائێستاشی لەگەڵدا بێت لە سوریای زەوت کردووە، هەرچەندە سوپای سوریا گەلێک هێرش و پرۆسەی سەربازی ئەنجامدا، بەمەبەستی بەدەستهێنانەوەی بەرزاییەکانی جۆلان کە رووبەرەکەی نزیکەی(1800کم2) دەبێت، بەڵام سوپای ئیسرائیل جۆلانی نەدا بەدەستەوە و هێزێکی گەورەی سوپای ئیسرائیلی تێدا جێگیرکرد و ئەم مانەوەی سوپای ئیسرائیل لە جۆلاندا، بووە دیفاکتۆیەکی سیاسی و سەربازی و ئیدی سوریا بە شێوەیەکی پراکتیکی دەستی لە جۆلان هەڵگرت.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و پێکدانەدانی هەردوو دەوڵەت لە ساڵی 1974دا ناوچەی جیاکەرەوەی لە نێوان بەرزاییەکانی جۆلان کە بە شێوەیەکی پراکتیکی ببووە بەشێک لە خاکی ئیسرائیل و خاکی سوریادا پێکهێنا، ئیدی لە ساڵی 1974ەوە ئەم ناوچەجیاکەرەوەیە، رۆڵی هێڵێکی سنووری دەبینێت لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا، بڕوانە نەخشەی ژمارە(1).
ئیسرائیل ناوچەی جیاکەرەوە داگیر دەکات
هەر لە دوای کۆتاییهاتنی رژێمی ئەسەد لە سوریا، بە یەک رۆژ بە سەرپەرشتی بنیامین نەتەنیاهۆ سوپای ئیسرائیل ئەو ناوچە جیاکەرەوەیەی داگیرکرد، کە درێژی وەک لە نەخشەکە بەدەردەکەوێت نزیکەی 75کم دەبێت و تێکڕای پانییەکەشی نزیکەی 14کم دەبێت، ئەم ناوچە جیاکەرەوەیە نزیکەی 50کم لە دیمەشقی پایتەختی سوریاوە دوورە، واتا لە روانگەی جوگرافیای سیاسی و سەربازییەوە بە ئاسانی دەتوانرێت لەم ناوچەیە مەترسی بخرێتە سەر دیمەشقی پایتەخت.
ئیسرائیل لە ساڵی 1974وە بەم سنوورە جیاکەرەوەیە رازی بووە، بەڵام لە ئێستاداو دوای پەنجا ساڵ کە رژێمی ئەسەد کۆتایی پێهاتووە، ئیسرائیل لەلای خۆیەوە کۆتایی هێنا بەو رێکەوتننامەیەی لەلایەن سوریا و ئیسرائیل و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئیمزا کرابوو، سەبارەت بە پێکهێنانی ناوچەی جیاکەرەوە و رۆژی 2024/12/8 سوپای ئیسرائیل ناوچەی جیاکەرەوەی داگیرکرد، هەرچەندە دەڵێت داگیرکردنەکە کاتیەو کۆتایی پێدێت.
ئامانج لە داگیرکردنەکە
ئیسرائیل مەبەستێتی رووبەڕو قوڵایی ستراتیژی وڵاتی ئیسرائیل بەرفراوان بکات و هێزی سوپای ئایندەی سوریا زیاتر لە سنوورەکانی ئیسرائیل دووربخاتەوە، تابتوانێت لە کێشەو خاڵە لاوازە جیۆپۆلەتیکییەکانی رووبەڕو شێوەی ئیسرائیل کەم بکرێتەوە، ئیسرائیل هەمان ستراتیژیی لەگەڵ کەرتی غەززەدا بە شێوازێکی دیکە جێبەجێ کرد، ئەویش بەوەی لە ئێستادا سەرقاڵی دابڕاندنی باکووری کەرتی غەززەیە لە رێگەی(هێڵی نەتسادیم) و چۆڵکردنی دانیشتوانەکەیەتی، بەمەبەستی پاراستنی باشووری ئیسرائیل لەو مەترسییانەی کە لە کەرتی غەززەوە لەوانەیە لە ئایندەدا سەرچاوە بگرن، هەروەها داوای دوورخستنەوەی چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ باکووری رووباری لیتانی دەکات، لەسەر ئەم بنەمایەش رێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ لوبنان کردووە، کەواتە ئیسرائیل ئامانجی ستراتیجی لەم هەنگاوانەی دوورخستنەوەی هێزی نەیارە لە سنوورەکانییەوە، تاوەکو ئاسایشی سەربازی ئیسرائیل بپارێزێت، مەبەستێتی لەسەرەتای کەوتنی رژێمی ئەسەدەوە، داگیرکردنی ناوچەی جیاکەرەوە بکاتە دیفاکتۆیەک و لە ئایندەدا بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
*پسپۆڕی جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی