چەند پێشنیازێک بۆ ئەندامانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان

تا پەرلەمان بە راستی دەسەڵاتى یەکەم بێت

10:25 - 2024-12-17
تاریق جامباز
26 خوێندراوەتەوە

تاریق جامباز*



بە ژمارەى یاسایى ئەندامانى پەرلەمان دەتوانن پێشنیاز بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان بکەن تا بخرێتە کارنامەى دانیشتنێکەوە و دواتر لە لیژنە پەیوەندیدارەکاندا تاوتوێ بکرێت. ئەمەش بە رێکارە یاساییەکەی، پێشتر لە فراکسیۆنەکاندا شەنوکەو دەکرێت، پاشان بە یاساى نوێ یان هەموارکردن یان بڕیار دەردەچوێندرێ.
 بە پێویستم زانى کە ئەو پێشنیازانەى کە پێویستن بۆ ئایندە ئامادەیان بكەم. ئەم کەموکووڕیانەی کە هەن بە ئەرکى وڵاتپارێزیم زانى کە بە وردى و قووڵى بخوێنینەوە. مەبەستم ئەوەیە تا پەرلەمان بە راست و دروستى دەسەڵاتى یەکەم بێت و حکومەت لە حزب جیابکرێنەوە، بۆ یەکگرتنەوەى راستەقینەى پێشمەرگە و هێزى ناوخۆ... هتد. یاسا سەروەربێت بە کردەیی، هەوڵ بدرێت گەندەڵى کارگێڕى و دارایى نەهێڵرێت.

 

ئەوانەى دەبنە پەرلەمانتار، وەزیر و بریکارى وەزارەت، راوێژکار و بەڕێوەبەرى گشتى و سەرۆکی فەرمانگە سەربەخۆکان، پێویستە فۆڕمى ئەستۆپاکى پڕبکەنەوە، تا بزانرێت چیان هەیە و دواى ئەوەی لە پۆستەکەیان نامێنن چیان هەیە و بەراورد بکرێت تابزانرێت ئاخۆ پۆستەکەى بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن قۆستووەتەوە یان نا؟

دژوارە بەڵام مەحاڵ نییە
قسەو پێنووسمان راستەڕێ بن یان سەرلەنوێ بە خۆیاندا بچنەوە، کە جێگایان لە کوردستاندا نابێتەوە ئەگەر (کوردستان یان نەمان)یان لە هزر و بیردا نەبێت، ئەمەش کاتى  پێویستە و لە پێشنیازەکان باشتر و چاکتر بۆتان روون و دیار و ئاشکرا دەبێت. ئەگەر راستەڕێ بن و کاروانى خەباتى  وڵاتپارێزى بە ئاسۆى پڕ لە هیوا و گەیشتن بە ئامانج و ئاوات و هیواى دواڕۆژ کە خەون ببێتە راستی، ئەمەش ئاسان نییە، بەڵکو دژوار و ئاڵۆزە، بەڵام مەحاڵ نییە و زۆرمان دژى یەکتریی کرد و دوژمنانمان دڵخۆش  کرد، دەبا چیتر بەم جۆرە هەڵسوکەوت نەکەین، بەڵکو بە لۆژیک دەبوو هەموو لایەنەکان و تاکەکانى کوردستان لە بەرپرسەوە لەهەر بوارێکدا تا تاکێکی ئاسایی، بەو لۆژیکە کاربکەین کە کوردستان وڵاتمانە و چیتر بیری خۆمان بەملاولادا تەخشان و پەخشان نەکەین و چیتر بەرژەوەندیى و خۆخۆرى زاڵ نەکەین بەسەر نیشتمان و نەتەوەدا، بەڵکو بە ستراتیژى بیر لە دواڕۆژێک بکەینەوە کە هەموومان ئاسودە و دڵنیا بکات و بە ئارامی و خۆشەویستییەوە پێکەوە بژین.

سەربەخۆیی دامەزراوەکان لە دەستوەردانی حزب 
1- مافى دەنگدان مافێکە لە دەستوور و یاسادا لە مافە فەراهەم کراوەکانە، هەر کەسێک ئازادە دەنگ بدا یاخود نا و قەدەغەیە خەڵک ناچاربکرێت بە ترساندن و برساندن، چونکە ئەمەیان دژى مافى مرۆڤ و دیموکراسى و ئازادیی رادەربڕینە و پێویستە ئەو لایەنەى ئەم شێوازە کار و گوشارە دەکات، سزاى یاسایی بۆ دابنرێت و هەرگیز نابێت لەنێو کەرتى گشتى و تایبەتیدا حزبایەتى بکرێت و بە زۆر و لەژێر گوشاردا بەشداریى بۆنە و یادەکانیان پێ بکرێت، هەروەک ناشبێت میوانداریى لەکاتى دەوامدا بکرێت، چونکە پێویستە کاتەکە بۆ راییکردنى ئیشوکارى هاووڵاتیان بێت، چونکە دواى دەوام دەتوانرێ لە شوێنێکى دیکە میواندارى و حزبایەتى بکرێت و حکومەت لە حزبایەتى جیابکرێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە دەبێت دادوەرەکان و زانکۆکان سەربەخۆ بن و حزب لە دانان و لابردنی دادوەر و سەرۆک زانکۆ و راگری پەیمانگە و کۆلێج و سەرۆک بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگەو...هتد-دا دەستوەردان نەکات.
2- کاندیدى پەرلەمانى کوردستان، دەبێت خوێندەوار بێت بەگوێرەى پێویست و لانیکەم قۆناغى ئامادەیى تەواو کردبێت.
3- لیژنەى زمان لە حکومەت و پەرلەمان هەبێت بۆ داڕشتنى پێشنیاز و پڕۆژەکان بەزمانى کوردى و عەرەبی و لەلایەن پسپۆڕانى یاسایى و زمانەوانییەوە، ئەوانەى لەم دوو بوارەدا جێپەنجەیان دیارە و بە کردەیی کاریان کردووە.
4- ناوى یاساى ئەکادیمیاى کوردى، بکرێتە ئەکادیمیاى زمانى کوردى، وەکو وڵاتان و هەرێمەکانیان.
5- وێنەى سەرۆک کۆمار و سەرۆکى هەرێم لە دامودەزگاکانى حکومەتدا دابنرێت و نابێ وێنەى دیکەى تێدابێت.

کەناڵ و پەخشێکی راستەوخۆی  تایبەت بە پەرلەمان

6- ژمارەى بارەگاى لایەنەکان لە سنووری پارێزگا و قایمقامیەت و ناحیەکاندا دیاری بکرێت.
7- ژمارە و قەبارەى وێنەى کاندیدەکان لە یاساى هەڵبژاردنەکاندا دیاری بکرێت.
8- نابێت ماشێنى حکومەت لەدواى دەوام بە مۆڵەتى تایبەت نەبێت، بەکاربهێنرێت.
9- کەناڵێک هەبێت بۆئەوەى پەخشى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستان بە بەردەوامى و راستەوخۆ قسەکانى پەرلەمانتارانیش ماوەى بۆ دابنرێت و ئەگەر داخراویش بێت ئەمەیان شتێکى دیکەیە.
10- یاساى تەکنۆلۆجیاى ئەلەکترۆنى دەربچێت کە سەرجەم لایەنەکانى میدیا بگرێتەوە.
11- نابێت کادرى لایەنە سیاسییەکان لە بارەگاکانیاندا دەوام بکەن و لە حکومەتیش مووچە وەربگرن.
12- نابێت فۆڕم بەسەر ماڵاندا لەلایەن موختارەوە بۆ زانیاریى سیاسى دابەش بكرێت، تەنیا وەزارتى پەیوەندیدار بەم کارە رابێت.
13- کاندیدەکانى هەڵبژاردنەکان ناویان چۆن لە کارتى نیشتمانیدا نووسراوە، بەهەمان جۆر بنووسرێت و ئەگەر بەناوێکى دیکەوە ناسراو بێت لەنێو دوو کەوانەدا دابنرێ و جگە لە وێنەکانیان، نابێت وێنەى کەسێکى دیکە لە تەکیدا بڵاوبکرێتەوە.
14- ئەوانەى کاندید دەکرێن، پێویستە لیژنەیەک لە بوارى لێهاتوویى بۆ هەڵبژاردنەکان پێکبهێنرێت تا بتوانێ بەم ئەرکە رابێ و بۆ کاندیدە سەربەخۆکانیش لیژنەیەک لە کەسانى سەربەخۆ پێکبهێنرێت.
15- ژمارەى پاسەوانى بەرپرسان دیاری بکرێت، تا کۆمەڵگەیەک بۆ هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى و کەسە سەربەخۆکان) دروست بکرێت.

لیژنەی زمانەوانی لە دەرەوەی پەرلەمانیش
16- فەرمانگەکانى حکومەتى کوردستان خانوویان بە کرێ گرتووە و لایەنەکانیش دەستیان بەسەر خانووەکانى رژێمی پێشوودا گرتووە، ئەمە دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و بەم جۆرە سەیرە نابێ و ناکرێ بەردەوام بێت.
17- سانسۆر لەسەر میدیاکان بۆ بەکارهێنانى زمانى کوردى دابنرێت لەلایەن لایەنی پەیوەست بە زمانەوانییەوە، چونکە زمانى کوردى زۆر دەشێوێنرێت لە تابلۆى کەرتى تایبەتى و تەنانەت کەرتی گشتیشدا، بۆیە پێویستە چەند لیژنەیەکى زمانەوانى لە پارێزگا، قایمقامییەت و ناحیەکان دابنرێن تا بەکوردییەكی پاراو وشە و دەستەواژەکان بنووسرێن.
18- ئەوانەى دەبنە پەرلەمانتار، وەزیر و بریکارى وەزارەت، راوێژکار و بەڕێوەبەرى گشتى و سەرۆکی فەرمانگە سەربەخۆکان، پێویستە فۆڕمى ئەستۆپاکى پڕبکەنەوە، تا بزانرێت لە موڵکى گوازراوە و نەگوازراوە چییان هەیە و دواى ئەوەی لە پۆستەکەیان نامێنن وردبینى بکرێت لەوەى هەیبووە و دوای دەسبەرداربوون لە پۆستەکەی هەیەتى، تابزانرێت ئاخۆ پۆستەکەى قۆستووەتەوە بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن یاخود نا؟
19- نابێت زەوى دابەشکراو یان شوێنى نیشتەجێبوون تا 10 ساڵ بفرۆشرێت، چونکە پێشتر زۆرینەى ئەوانەى وەریانگرتووە دەستبەجێ فرۆشتویانە.
20- لە ئایندەى زۆر نزیکدا راییکردنی مامەڵەى هاووڵاتیان بکرێتە ئەلەکترۆنى، تا چیتر هێندە کاغەز بەکارنەهێنرێت و بوارى واستەش نەمێنێت و بەخێرایش مامەڵەکە جێبەجێ بکرێت.

ئەو یاسا پێویستانەی دەبێت دەربچوێنرێت
21- یاساى ئارامیى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەربچوێنرێت.
22- یاساى سروودى هەرێمى کوردستان دەربچوێنرێت.
23- کتێبێک ساڵانە لەبارەى هەرێمى کوردستان لەهەموو بوارەکاندا دەربچێت و بدرێتە ئەو میوانە رەسمییانەی کە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن.
24- وەرگرتنى کوردانى هەندەران لە زانکۆکانى کوردستان بۆ نموونە (لەبنان، ئوردن و میسر) تا کوردبوونیان بەردەوام بێت و ناوى کوردى لە جگەرگۆشەکانیان بنێن.
25- ئەوانەى لە هەرێمى کوردستان دەژین و زمانى کوردى نازانن، خولى زمانى کوردییان بۆ بکرێتەوە، چونکە لە دەستوورى کۆمارى عیراق(2005) لە ماددەى چوارەمیدا زمانى کوردى لەتەک زمانى عەرەبیدا یەکسانە.
26- سندوقى دەنگدانى  گەڕۆک بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە ناتوانن بچنە بنکەکانى دەنگدان لەبەر نەخۆشى یان پیرى و هەروەها بۆ زیندانیان.
27- پەرلەمانى کوردستان بۆ ئەوەى کارا و کاریگەر بێت، پێویستە کەسى یەکەم یان دووەمى حزبەکان بچنە پەرلەمان.
ئەگەر بە خۆماندا نەچینەوە و بەگوێرەى گۆڕانکارییەکان ئێمەش خۆمان نەگونجێنین، ئەوا لە کاروانى پێگەیشتن و پێشکەوتن دوا دەکەوین، دەبێت کوردستانیان (کوردستان) لەپێش بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەت و ناوچەگەرى و حزبایەتیى تەسکدا بێت، ئەوکات لە سەرکەوتن و ئاوات و ئامانج و هیواکانمان نزیک دەبینەوە، پەنجا بە پەنجا توڕدەینەوە و بە پەڵەیەکى قێزەونی بزانین و هەرگیز یەکى من و یەکى تۆ یان هى خۆم دەخۆم و بەشى تۆش دەخۆم دووبارە نەکەینەوە.

ئەمەیە حکومەت لە خەڵک دووردەخاتەوە
 ئەگەر خاکمان کوردستان بێت، مافی هاووڵاتیبوون فرە نەتەوە و ئایین و رەنگەکان لەخۆبگرێت، ئەوا بۆنى چەپکە گوڵەکە هەمووان ئارام دەکاتەوە و خۆشى دەخاتە هزر و بیرى گشتمانەوە. 
حکومەت بۆ هەمووان بێت، نەک بۆ ئەوانەى پشتیوان و پشتگیر و لایەنگرى لایەنێک دەکەن، چونکە ئەمەی دووەمیان حکومەت لەخەڵک دوور دەخاتەوە، ئەگەر هێز و پارەیان نەما، نەک بچووک دەبێتەوە، بەڵکو دەتوێتەوە، ئەوکات دەگوترێت حزبێکى ناسراو هەبوو.
دەبێ ستراتیژمان وڵاتپارێزیى کوردستان بێت، پێش (حزبستان و منستان). دەنا بەرە و تونێڵێکى نادیار دەچین كە بەداخەوە ئێستا لە باشوورى کوردستان لەناو دۆخێکی لەو جۆرەدا دەژین!
*ئەندامى خولى یەکەم و دووەمى پەرلەمانى کوردستان

 

وتارەکانی نوسەر