كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

10:59 - 2024-12-12
ئەدەب و هونەر
2998 جار خوێندراوەتەوە

 لایبنیز و گرفتی خراپە

 

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(14)



لە ئەڵقەی پێشوودا باسی ئەوەم کرد کە لایبنیز -م بانگهێشت کرد بۆ سلێمانی. شەوێک لای من مایەوە و رۆژی دواتر چووینە کافێی سندی -ی کە خاوەنەکەی هونەر تۆفیقی هاوڕێمە و بەدەم قاوەخواردنەوەوە دەستمان کرد بە گفتوگۆکردن، لایبنیز وتی:
-خوا خراپەی دروست نەکردووە.
-ئیپیکۆرسیش وا ناڵێت، ئەو دەڵێت: خراپە لە جیهاندا هەیە.
-شتێکی ئاساییە، بوونی خراپە بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی ئێمە پێویستە، لە کتێبەکەمدا بە وردیی باسی ئەمەم کردووە.
کەمێک لێی ورد بوومەوەوە، پاشان وتم:
-لای ئێمەش خەڵکانێک هەن کە دەڵێن خراپە دەستکردی خوا نییە، بەڵکو ئەنجامی نەبوونی چاکەیە، وەکچۆن تاریکیی لە ئەنجامی نەبوونی رۆشناییدا پەیدا دەبێت، بەڵام ئەم ئەرگومێنتە ناچێتە دڵەوە، چونکە خوا بە پێناسەی خۆی خوڵقێنەری هەموو شتەکانە، بە خراپەشەوە. بەڵام با لەوە گەڕێین، تۆ قسەم بۆ بکە، مەبەستت چیە؟
-بڕوانە! ئەم جیهانەی ئێمە تێیدا دەژین، باشترین جیهانی شیاوە کە خوا بە دانایی و میهرەبانیی خۆی خوڵقاندوویەتی.
-بەڵام جیهانێکی کامڵ نییە!
-راستە، چونکە ناشێت جیهان کامڵ بێت، کامڵیی تەنها بۆ خوایە. کەماڵ سیفەتی خوایە و بەس، هەموو شتێکی دیکە غەیری خوا ناکامڵە، بە جیهانیشەوە. ئەمەش شتێکی ئاساییە، چونکە هەمیشە خوڵقێنراو لە خوڵقێنەر نزمترە.
- بەڵام لە پەیوەندیدا بە خراپەوە، ئەم تێزە چ سوودێکمان پێ دەگەیەنێت؟
-یانی! دەمەوێت پێت بڵێم بوونی خراپە لەگەڵ خوای دانا و چاکەکاردا ناکۆک نییە، چونکە ئەو خراپانەی لە جیهاندا هەن، راستەوخۆ لە خواوە نایەن، بەڵکو ئەنجامێکی زۆر ئاسایی یان سروشتیی ئەو ناتەواوییەن کە لەجەوهەری جیهان خۆیدا هەیە، واتە جەوهەری جیهان بە جۆرێکە خراپە لەخۆ دەگرێت، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جیهانێکی کامڵ نییە، من هیچ ناکۆکییەک لەمەدا نابینم.
-بەڵام تۆ دەڵێیت ئەمە باشترین جیهانی شیاوە کە خوا دروستی کردبێت. دەی جیهانێک کە خراپەی تێدا نەبێت لەم جیهانە باشترە!
-نا ئەمە راست نییە، چونکە جیهان و شتەکانی ناوی دوو لایەنن، هەموویان چاک و خراپیان تێدایە. سەرنج بدە، ئاو بۆ کەسێکی تینوو چاکەیە، بەڵام خۆ مرۆڤ لەئاویشدا دەخنکێت، ئاگر و شتەکانی دیکەش هەر وان.
-خوا دەیتوانی وابکات خراپە لە کرۆکی جیهاندا نەبێت، نەیدەتوانی؟
-بێگومان دەیتوانی، بەڵام وەک وتم ئەم جیهانە باشترین جیهانی شیاوە کە خوا خوڵقاندوویەتی، ئەگەر جیهان خراپەی تێدا نەبێت، تەواوی سیستمەکە دەشێوێت و تێکدەچێت.
-چۆن؟
-تۆ بڕوانە، ئێمەی مرۆڤ تەنها بەشێکی ئەم جیهانە یان گەردوونە ئەزموون دەکەین، بەشێکی زۆر بچووکی، کاتەکەشمان زۆر کەم و سنووردارە، کەچی ئەم ئەزموونە کەموکورتەی خۆمان بەسەر هەموو بووندا پیادە دەکەین و دەیدەینە پاڵ تەواوی جیهان. مرۆڤ بەشێکە لە سێمفۆنیا گەردوونییەکە، بەشێکی زۆر بچووک کە بەتەنها لە گۆشەنیگای مرۆڤەوە هەڵیدەسەنگێنین، هەست دەکەین نەشازی تێدابێت، هارمۆنیی نەبێت، بەڵام تەواوی سێمفۆنییەکە کە تەنها خوا دەتوانێت ئەزموونی بکات، شتێکی دیکەیە.

 

عومەری خاوەر و کۆرپەکەی

-هێشتا هەر بە باشیی تێناگەم، ئێمە لوتکەی هۆش و هزرین لەناو هەموو زیندەوەرەکاندا، تەنها ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی ئەبستراکت بیربکەینەوە، ئەگەر ئێمە نەتوانین لە بەها گەردوونییەکان تێبگەین، یان وەک تۆ دەڵێیت تەنها خوا لێی تێبگات، ئەوە خوا جیهانی بۆ ئێمە نەخوڵقاندووە، بەڵکو بۆ خۆی خوڵقاندووە، ئەگەر واش بێت ئیتر قسەکردن لە میهرەبانیی و چاکەکاریی خوا، مانایەکی نامێنێت.
لێرەدا هونەر تۆفیق دوو قاوەی عەرەبیی بۆ هێناین و وتی: ئەمەیان لــــەسەر حیســـــابی ســــندییە. ئەمە بەسەرکردنەوەیەکی باش بوو، من ماندوو بووبووم، بە باشیی لە ئەرگومێنتەکەی لایبنیز تێ نەدەگەیشتم، ئەویش درکی پێکردبوو، بۆیە داوای لێکردم کەمێک باسی شارەکەمی بۆ بکەم، وتی:(ناوی ئەم شارەم نەبیستووە) منیش بۆم روونکردەوە کە شارەکەی من یەکێکە لە شارە تازەکان و تەمەنی ناگاتە سێ سەدە. هەندێک قسەی ترمان کرد و پاشان وتی:
-ئایا خوا دەتوانێت جیهانێکی کامڵ دروست بکات واتە جیهانێک خراپەی تێدا نەبێت؟! بێگومان، چونکە خوا هەموو شتێکی پێدەکرێت، بەڵام ئەو هەموو شتێکیش دەزانێت، واتە پێشوەخت دەیزانی ئەگەر جیهانێکی لەوجۆرە دروست بکات، ئەوە باشترین و شیاوترین جیهان نابێت. لە جیهانی چاکەی رەهادا، مرۆڤەکان لەبری ئەوەی بوونەوەری خاوەن ئیرادەی ئازاد بن، دەگۆڕێن بۆ ئامێری بەرنامەڕێژکراو کە هیچ لە مانای چاکە یان جوانیی یاخود هەر بەهایەکی دیکە تێناگەن.
-....
-تۆ بڕوانە، مردن شتێکی خراپە؟
-بەڵێ.
-گەورەترین خراپەشە کە مرۆڤ لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر لێی دەترسێت. باشە با گریمانە بکەین هەواڵیان پێداین مردن نەماوە، واتە ئیتر مرۆڤەکان نامرن. هەست دەکەیت ئەمە شتێکی چاک بێت؟
-وا هەست دەکەم.
-دەی باشە، ئەگەر مردن نەبێت ئەوە دەبێت مندال بوون و نەوەخستنەوەش نەبێت.
-بۆچی؟
-چونکە ئەگەر مردن نەبێت و مرۆڤەکانیش بەردەوام زیاد بکەن،     ئەوە زۆری پێناچێت زەویی چیتر ناتوانێت هەموومان بژێنێت، ژیان بە یەکجاریی هەرەس دەهێنێت، ئەگەر هەر بەردەوامیش بین، ئەوە ژیانمان دەبێتە دۆزەخێکی ئەندێشە نەکراو کە تێیدا زۆر ئاوات بە مردن دەخوازین.
-وایە!
-مردن خراپەیە، بەڵام لایەنێکی چاکیشی هەیە هەمیشە مرۆڤە پیر و پەککەوتەکان کە هیچ ئومێدێکیان بە ژیان نەماوە دەگۆڕێن بەو منداڵانەی پڕن لە ئومید و هیوای ئایندەیی.
-راستە
-دەبینیت! خوا پێشوەخت ئەمە دەزانێت، ناشیەوێت ئەم کارەساتە بەسەر مرۆڤەکاندا بێت چونکە میهرەبانە، بۆیە ماوەی ئامادەبوونیانی لە جیهاندا دیاریی کردووە و ئازادیی ئیرادەشی بۆ فەراهەم کردوون تا خۆیان بەدوای چاکەدا بگەڕێن و لە خراپە دووربکەونەوە.
-....

 

ئەگەر خوا پێشوەخت بڕیاری لە شتەکان دابێت، چۆن قسە لەبارەی ئازادیی ئیرادەوە بکەین؟

 

-کەواتە لە هەر روویەکەوە سەیری بکەین، دەبینین سەرچاوەی خراپە خوا نییە. خوا بەهیچ جۆرێک خراپەی نەویستووە، ئەو دروستی نەکردووە، بەڵکو رێگای داوە هەبێت، بۆچی؟ چونکە لەو جیهانەدا کە ئەو خوڵقاندوویەتی، خراپە لایەنی خراپ و لایەنی چاکیشی هەیە. ئەگەر خراپە نەبووایە، ئەوا ئێمە مانا و بەهای چاکەمان نەدەزانی، تۆ بڕوانە! نەخۆشیی نەبووایە چ کارێکمان بە تەندروستی هەبوو؟ مەرگ نەبووایە ژیان قیمەتی نەدەبوو، ستەم نەبووایە دادپەروەریی چی بوو؟ برسێتی نەهامەتی، تینوێتی و پێچەوانەکانی هەموویان هەر بە هەمان شێوەن. بۆیە خراپە بۆ جیهان زۆر گرنگە، بۆ ژیانی ئێمە گرنگە، خراپە جوڵێنەری رۆحیی بەردەوامە بۆ ژیانی مرۆڤ،  ژیانێکی ئەخلاقیی مرۆییمان نابێت ئەگەر رووبەڕووی خراپە نەبینەوە. خراپە گرنگە چونکە چاکە دەخاتە روو، پیشانمان دەدات، بەهاکەیمان پێ دەناسێنێت، هانی ئیرادە و ئازادیمان دەدات بۆ زاڵبوون بەسەریدا، تا لە بەهای زیاد بکەین تا بڵندی بکەینەوە.

 

لایبنیز (1646 - 1716)

خراپە پێویستە بۆ ئەوەی بەهای چاکە بزانین، ئەم ئەرگومێنتە گرفتێکی هەیە! ئایا ئەم پەیوەندییە دیالەکتیکییە لەنێوان چاکە و خراپەدا، بەشێکە لەو دیزاینەی خوا بۆ جیهانی داناوە، یاخود ئەمیش دیسان ئەنجامی ناکامڵیی جیهانە

لێرەدا گفتوگۆکەمان گەیشتە کۆتایی، لایبنیز -م بەڕێکرد و خۆم گەڕامەوە و هەستم دەکرد بە باشی قەناعەتم بە ئەرگومێنتەکەی نەکردووە: خراپە پێویستە بۆ ئەوەی بەهای چاکە بزانین! ئەم ئەرگومێنتە گرفتێکی هەیە، ئایا ئەم پەیوەندییە دیالەکتیکییە لەنێوان چاکە و خراپەدا، بەشێکە لەو دیزاینەی خوا بۆ جیهانی داناوە، یاخود ئەمیش دیسان ئەنجامی ناکامڵیی جیهانە؟ ئاخر بەپێی ئەم ئەرگومێنتە بێت، ئەو جێگایەی پێی دەڵێن بەهەشت، بە تایبەتی لە کۆپییە ئیسلامییەکەیدا، جێگایەکی زۆر ناخۆشە، تێیدا ناتوانین چێژ لە هیچ وەربگرین چونکە بەهەمان ئەرگومێنتەکەی لایبنیز، خواردن و خواردنەوەی زۆر چ چێژێکیان هەیە، ئەگەر ترسی برسێتی لەگۆڕێ نەبێت؟! ئیتر خۆت بەراوردی شتەکانی تریش بکە.
تا ئیستاش بیر لە ئەرگومێنتەکە دەکەمەوە، جار جاریش بزەیەک دەمگرێت: لە بەهەشتدا مردن نییە، بەڵام منداڵبوونیشی تێدا نییە، رێک وەک ئەوەی لایبنیز دەیڵێت. هەرچۆنێک بێت هێشتا پرسیارە گرنگەکە هەر ماوە: بۆچی خوا رێگە دەدات ئەم هەموو خراپەکارییە نەگریسە لە جیهاندا هەبێت؟ بۆ نموونە بۆچی لێگەڕا کیمیابارانی شاری هەڵەبجە بکرێت؟ ئەمە چۆن بوار رەخساندنێکە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان ئازادیی ئیرادەیان هەبێت؟ ئایا کارەساتی هاوشێوەی هەڵەبجە، کە مێژووی مرۆڤایەتیی سیخناخ کردووە، گومان ناخاتە بەر چەمکی میهرەبانیی خودا؟

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان