ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بەتەمای ئەوە نەبوون وا بە خێرایی كۆنترۆڵی وڵاتەكە بكەن، بۆیە دەبینیت لەنێوان خۆشیاندا رێك نەكەوتوون دەسەڵات چۆن بەش بكەن، ئەوەش بۆی هەیە لە داهاتوودا بەرەو كێشەی گەورەیان ببات
ئەگەرچی ساڵی 2011 لە سەرەتای بەهاری عەرەبی، هەر زوو شۆڕش و راپەڕینی خەڵكی سوریا دەستی پێكرد، بۆ بەدیهێنانی ئازادی و سەرفرازی و ژیانێكی باشتر، بەڵام ئەوكات ئەوە نەكراو ئەو ئاواتەی گەلی سوریا بە هەموو پێكهاتەكانیەوە نقومی خوێن كرا، چونكە هاوكێشەی هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتیش ئەو دەمە رێگر بوون لەروخانی ئەو رژێمە، كە وەكو تاكە رژێمی عەرەبی مایەوەو نەڕوخا، سەرەڕای ئەو كارەساتەی بەسەر وڵاتەكەیدا هێنا .
دوای سیانزە ساڵ
ئێستا دوای سیانزە ساڵ لە بەهاری عەرەبی، بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەی هاتنە پێش لە ناوچەكەدا و بە تایبەتی دوای 7/ئۆكتۆبەری 2023 لەغەززە، لە ماوەی كەمتر لە 11 رۆژدا، رژێمی ئەسەد دوای پەنجا و سێ ساڵ فەرمانڕەوایی باوك و كوڕ كۆتایی هات.
ئەوەی گرنگە بۆ خەڵكی سوریا، بەهەموو پێكهاتە جیاوازەكانییەوە، ئەوەیە ئایا دۆخی سوریا لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد بەچ ئاراستەیەكدا دەڕوات، ئایا سوریاش وەكو وڵاتانی تری بەهاری عەرەبی و بگرە پێش ئەویش، ئاوات بۆ سەردەمی پێشتر دەخوازن، یان گۆڕانكاری دەبێتە سەرەتای سەردەمێكی نوێی پێكەوەژیان و بنیاتنان لەسەر بنەمای فرە دەنگی و فرەڕەنگی و سەقامگیری سیاسی؟.
پێناچێت ئەمە ئاسان بەدی بێت، چونكە ئەمە پێویستی بە یەكگرتوویی باڵە جیاوازەكانی ئۆپۆزەسیۆنی پێشووی سوریاوە هەیە، جگە لەو ئاڵەنگارییە زۆر و زەوەندانەی كە لەبەردەمیاندایە.
ئێستا دەسەڵاتێكی نوێ لە سوریایە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد ئەلشرع (ئەبو موحومەد جۆلانی)، كە هەوڵی خۆچەسپاندن و جێ پێ قایم كردنی خۆی دەدات و لەو رۆژەوەی لە قەڵای كۆنی حەلەبەوە دەركەوتووە، مەسجی ژیرانەو عەقڵانی دەنێرێت، (سەرەتا بۆ عیراقی دراوسێی كە حوكمی ئیعدامی تێیدا هەیە، بەهۆی ئەوەی ساڵانێك لە ریزی رێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و داعش كاری كردووەو رۆڵی بەرچاوی هەبووە، هەرچەند دواتر جیابووەتەوە لێیان و ناكۆكی زۆری لە گەڵیاندا هەبووە تا ئاستی شەڕ و بەریەككەوتن)، هەروەها مەسجی بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەوەی ژنان ئازادن چ پۆشاكێك دەپۆشن، هەروەها بانگەوازیش بۆ رەوەندی سوری لە دەرەوە دەكات كە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان و بەشداری ئاوەدان كردنەوە و بنیاتنانەوەی بكەن، مەسجی بۆ كوردیش ئەوەبوو، كە دەڵێت ئیتر كەس ناتوانێت زۆڵمتان لێ بكات .
ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بەتەمای ئەوە نەبوون وا بە خێرایی كۆنترۆڵی وڵاتەكە بكەن، بۆیە دەبینیت لەنێوان خۆشیاندا رێك نەكەوتوون دەسەڵات چۆن بەش بكەن، ئەوەش بۆی هەیە لە داهاتوودا بەرەو كێشەی گەورەیان ببات، چونكە ئۆپۆزسیۆن چەندین رەوت و باڵی جیاوازی چەكداری تێدایە.
كورد و بەڕێوەبەری خۆسەری
ئەگەرێكی زۆر هەیە، حكومەتی نوێی سوریا، دان بە یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لە خۆرئاوای كوردستاندا بنێت، ئەو زەوییانەشی كە لە ژێر دەستیاندایە وەكو ناوچەیەكی خۆبەڕیوەبەر لە چوارچێوەی سوریادا بناسێت، بە تایبەتی كە هەسەدە، ئاڵای نوێی سوریای لەسەر هەموو فەرمانگەو دامودەزگاكانی ناوچەیەكانی ژێر دەسەڵاتی بەرز كردەوە، بەڵام بەربەستی گەورەی بەردەم ئەم هەنگاوە توركیایە، كە پشتیوانی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە.
هەڵوێستی نێودەوڵەتی
سوریا پێگەیەكی ئاڵۆز و جۆراوجۆری هەیە، لەبەر ئەوە هیچ حكومەتێكی نوێ ناتوانێت درێژە بە ژیانی سیاسیی و ئیداری خۆی بدات، ئەگەر پاڵپشتی و دانپیادانانی نێودەوڵەتی بە دەست نەهێنێت، كارەكتەرە سەرەكییەكانی سەر گۆڕەپانی سوریا، بریتین لە توركیا و یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا و ئیسرائیل، ئەو وڵاتانە جگە لە توركیا بە مەرجێك حكومەتی نوێ لە شام بە رەسمی دەناسێنن كە هاوسەنگ بێت و هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی سوریا لە خۆ بگرێت، بە تایبەتی كورد و هەسەدە كە بەشێكی گرنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون بۆ لە ناوبردنی داعش، بە دووریشی نازانم بەو مەرجانە قایل بن، چونكە زۆر بە خێرا سەركەوتن بەسەر رژێمی ئەسەددا .
ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بەتەمای ئەوە نەبوون وا بە خێرایی كۆنترۆڵی وڵاتەكە بكەن، بۆیە دەبینیت لەنێوان خۆشیاندا رێك نەكەوتوون دەسەڵات چۆن بەش بكەن، ئەوەش بۆی هەیە لە داهاتوودا بەرەو كێشەی گەورەیان ببات
خاوەنی پاشخانی توندڕەویین
لەگەڵ ئەوەشدا نابێت چاوەڕوانی سیستمێكی سیكۆلاری دیموكراسی بین لە سوریای نوێدا، چونكە پاشخانی ئەو هێزانەی دەسەڵاتی ئێستای سوریایان بەدەستە، توندڕەویی ئیسلامییە و هێزی سەرەكی تێیدا بەشێك بووە لە قاعیدە و داعش، هەرچەندە دواتر جیابوونەتەوە لێی كە ئەویش تەحریری شامە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا حكومەتێكی لە بابەتی تاڵیبانی ئەفغانستانیش پێك ناهێنن، چونكە ئەحمەد ئەلشرع لە لێدوانێكدا بۆ CNN ئاماژەی بەوە كردووە، بەهۆی پێشكەوتنیان لە تەمەندا بە راوێژ لەگەڵ زۆرێك لە سەركردەكانی كۆمەڵەكەیاندا، وازیان لە زۆر بیروبۆچوونی توندڕەوی هێناوە و ئێستا میانڕەون، هەروەها دەڵێت ئۆپۆزسیۆن بوون ئاساییە و رێپێدراوە و لەگەڵ مافی كەمینە ئاینیی و ئیتنیكییەكانە.
لە هەمان كاتدا دوور نییە، دەسەڵاتی ئێستای سوریا و تەحریر شام، سوود لە ئەزموونی ئەكەپەی توركیا وەربگرن لە سەرەتاكانیدا لە ساڵی 2002، لە بوارەكانی ئابووری و سیاسەتی دەرەوە و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكاندا، بە تایبەتی ئەوانە یارمەتیان دان بۆ سەركەوتن بە سەر رژێمی ئەسەددا.
سوودمەند و زیانمەندەكانی رووخانی ئەسەد
سوودمەندی یەكەمی روخانی رژێمی ئەسەد لە سوریا، ئیسرائیل و ئینجا توركیایە، چونكە دوای دەستگرتنی تەحریر شام و ئۆپۆزسیۆن بەسەر دەسەڵاتی سوریا، كەلێن و درزی گەورە كەوتە ئەو بەرەی مقاومەی كە ئێران سەرۆكایەتی دەكرد لە شامەوە بۆ بیروت، زیانمەندی گەورەش لەم رووداوەی سوریا، روسیا و ئێرانن.