بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز

09:46 - 2024-10-06
بورهان شێخ رەئوف
194 خوێندراوەتەوە

یەكەمجارە دوای ساڵانێكی دوور و درێژ دۆخێك هاتۆتە پێش و زەمینە لەبارە بۆئەوەی  هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت لە 20/10/2024، دوای ئەوەی  ئەو ئەفسانەیە پووچ بوویەوە كە گوایە لایەنێكی سیاسی و چین هەڵبژاردن بكەن هەر ئەو دەیباتەوە، دیارە ئەوەش بە هەوڵ و كۆششی كێ‌ بوو؟ هەموو خەڵكی بە ویژدان و هۆشیاری ئەم وڵاتە دركی پێ دەكات جگە لە تاقم و گروپە پۆپۆلیستە چەواشەكارەكان نەبێت.
ئەزموونی ساڵانی رابردووی نزیك زۆر شتی بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە رونكردەوە بەرزكردنەوەی دروشمی قەبە و بریق و باق كەڵك وەرگرتن و لە كەموكورتییەكان و سواربوونی شەپۆلی رق و بێزارییەكانی خەڵك بۆ بەرژەوەندی خۆیان دواتر سەوداكردن پێیەوە و پشتكردنە خەڵك، ئەم دیاردانەمان بە چاوی خۆمان بینی هەر كەسێك دەتوانێت چەندین نموونەی زیندوومان بۆ بژمێرێت من ناخوازم لێرەدا بچمە ناو ئەو وردەكارییانەوە.

 

 

ئەوەی ئێستا گرنگە و دەرمانە بۆ دەردی ئەم وڵاتە كۆتایهێنانە بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و لەخۆبایی

 

ئەوەی ئێستا گرنگە و دەرمانە بۆ دەردی ئەم وڵاتە كۆتایهێنانە بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و لەخۆبایی و كۆبوونەوەیە لە دەوری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، كە زۆر ئازایانە دروشمی روخانی دەسەڵاتی تاكڕەو و نا دادپەروەر و كەڕوكاسی پشت لە خەڵكی كوردستانی بەرزكردۆتەوە، ئەوەی مایەی خۆشحاڵی خەڵكی كوردستانە كاك بافڵ زۆر روون و راشكاوانە دەڵێت، كە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە لە ئاست خواستی خەڵكیدا بێت لە 17 ساڵ و نیوی رابردوودا كە سەرۆك وەزیرانەكەی لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، هەمووشمان دەزانین پێگە و گرنگیی سەرۆك وەزیران و وەزارەتە گرنگەكان و دۆسیەی نەوت لای ئەوان بووە بۆیە ئەوان بەرپرسی یەكەمی هەموو شكستەكانن، چونكە خۆیان هەموو بڕیارە چارەنووسسازەكانیان داوە .
با ئەوەش بڵێم دروشمی رووخان هەرگیز بەو مانایە نییە لێدان بێت لە پێگەی هەرێمی كوردستان، بەڵكو كۆتاییهێنانە بە نا دادپەروەری، نەبوونی مووچە، فەرق و جیاوازی لە نێوان شارەكانی هەرێم، تەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین، هێنانە ژوورەی هێزی بێگانە بۆ ناو خاكی هەرێم و تێكدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، لەبەرئەوەی رەفتاری دیكتاتۆریی پێگەی هەرێم لاواز دەكات خۆ دزینەوە لە کردنی هەڵبژاردن شكۆی هەرێم لاواز دەكات، دەبێت ئەو دیاردانە كۆتایی پێبێت و بڕوخێت، ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو و خەڵكی كوردستانیش بەوە قایل نابێت بەناوی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە مافی خەڵكەكەی پێشێل بكرێت و بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی حزبێك بخرێتە سەرووی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی خێر لەخۆ نەدیوی هەرێمی كوردستانەوە.
بۆیە گرنگە ئەمجارە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشداریی فراوان بكەن بە دەنگەكانیان لە پرۆسەیەكی دیموكراسی و شارستانییانەدا كۆتایی بە تاكڕەویی لایەنێك بهێنن و بزانن دەنگ بەكێ‌ دەدەن بەڕاستی ئەو حزب و حزبۆكانەی وەك دەستی دووی لایەنێك خۆیان نمایش دەكەن ناتوانن هیچ بگۆڕن جگە لە لاوازكردنی هێزی سەرەكی، كە خاوەنی هەموو فاكتەرەكانی هێز و گۆڕانكارییە، ئەویش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە تایبەتی سەلماندی بڕیار و بەڵێنی چی بدات جێبەجێی دەكات.

وتارەکانی نوسەر