تێگەشتن لە توندوتیژی دژی ژنان و کچان

11:11 - 2024-12-26
شاسوار سدیق تۆفيق
47 خوێندراوەتەوە

 

 

توندوتیژی چییە؟ لە گرنگترین پرسیارە بوونیادییەکان سەبارەت بە چییەتی بابەتێک، ئەوەیە کە خودی ئەو بابەتە چییە؟ چۆن لێی تێبگەین؟ هەربۆیە بە پێویستی دەزانین پێناسەی توندوتیژی بخەینەڕوو لە دیدی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە کە  پێناسەی توندوتیژیی کردووە، بەو گرفتە تەندروستییە گشتییانەی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی هێز و توندتیژیی جەستەیی بە مەبەست ئەنجام دەدرێت، لە رێگەی هەڕەشەکردن یاخود ئازاردانی کرداریی دژی تاک یاخود کۆمەڵە تاکێک یاخود کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت. کە دەشێت ببێتە مایەی بریندارکردن یاخود مردن یان زەبری دەروونی. سەرباری ئەوەش دەشێت ببێتە رێگر لە گەشەکردن، یاخود بێبەشبوون.
 دەکرێت ئەم تێگەشتنە بۆ هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەکاربهێنرێت، بەڵام توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان، یان توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری، یان توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، یەکێکە لە دیارترین و بڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، ئەو جۆرەیە لە توندوتیژی کە سنووری ئابووری و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی نازانێت. کە دەبێتە هۆی تێکدانی تەندروستی و کەرامەت و ئاسایش و سەربەخۆیی ئەو کەسانەی رووبەڕووی ئەم جۆرە لە توندوتیژی دەبنەوە. ئەم فۆڕمە لە توندوتیژی بە کەلتورێکی بێدەنگ دەورە دراوە، کە لەلایەن بیروباوەڕ و بەها کەلتورییەکانەوە پاڵپشتی دەکر‌ێن، کە وەک پێکهاتەیەکی ئاسایی پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو بەردەوام رەتدەکەنەوە. بەم مانایە، توندوتیژیی جێندەری، لەنێو کایە کۆمەڵایەتییەکەیدا، بە مانای ئەو جۆرە توندوتیژییانە دێن کە بەرامبەر مێینە دەکرێت، ئەمەش لە دەرئەنجامی نایەکسانی هێزە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و جەستەییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
هۆکارە ریشەییەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری، سێ هۆکاری بنەڕەتین: ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و هێز، لە باوترین هۆکارە ریشەییەکانی توندوتیژییە، کە هێزە جەستەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە دژی کەمینە و بێهێزەکان بەکاردەهێنرێنەوە، لە بنەمادا کەلتوری چەوسانەوە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیدا دەچەسپێنێت.
دووەم: بڕوانەبوون بە مافی مرۆڤ بۆ هەمووان، لە ئاستی ریشەییدا مافی ژنان وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆیی سەیر ناکرێت، بەڵکو پلە دوو یان وەک ئەوی تر وێنادەکرێت.
سێیەم:  جیاوازیی رەگەزی، ئەو تێڕوانین و تێگەشتنە ئامادەیەیە، کە پێیوایە دوو رەگەزی جیاواز، دەبێت رەگەزێکیان سەرتر و باڵاتربێت، رەگەزێکیان شوێنکەوتوو و دەستەمۆ بێت.
ئەم سێ هۆکارە لە ریشەی هۆکارە دەرکەوتووەکانی ترەوە دێت، کە هەندێک جار وەک هۆکاری سەرەکی دەناسێنرێت . بنەمای ئەم هۆکارە بنەڕەتیانەش بریتییە لە نەریت و عەقڵییەتی نێرسالاری، واتە باڵایی رەگەزێک بە مانا کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانەوە لەسەر رەگەزێکی تر.
نەریتی نێرسالاری، لە کۆنترین نەریتەکانی کۆمەڵگەی مرۆییە، کە لە نێو کایە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە خۆی مانیفێست دەکاتەوە. نەریتی نێرسالاری لە نێو قۆناغە مێژووییەکانی مرۆییدا بە رەنگی جیاواز و دەرکەوتەی جیاوازەوە، هەمیشە ئامادەیی هەبووە و سەرباری ئەوەش بە هەمان ویستی باڵادەستیی هێزەوە خۆی دەردەخاتەوە. هەربۆیە لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: ئێستا وێنای توندوتیژیی جێندەری، کە بەرهەمی دونیای مۆدێرنە و سەرمایەدارییە، بە وێنایەکی تر لە قۆناغەکانی پێشوودا بینراوە و هەبووە و کاریگەریی بەجێهێشتووە و بە چەندین فۆڕم و شێوازی تر خۆی مانیفێست دەکاتەوە.
*ئەم وتارە لەلایەن رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان-ەوە پاڵپشتی دەکرێت
* خوێندکاری دکتۆرا لە کۆمەڵناسیدا

وتارەکانی نوسەر