قەڵادزێ پێویستیی بە ئاوڕلێدانەوەیە

10:00 - 2024-12-29
عومەر قادر وسو
90 خوێندراوەتەوە

قەڵادزێ بە درێژایی مێژوو بەهۆی دوورە دەستی لە ناوەندەوە کەمترین خزمەتگوزاری بۆ کراوە، یادگارییە تاڵ و شیرینەکانی تاک بە تاکی خەڵکی ئەم دەڤەرە بۆتە مێژووی پڕ تراژیدیا و سەرکەوتن، قەڵادزێ چەندینجار دەستی دوژمنکارانەی رژێمەکانی پێشووی عیراقی بۆ درێژکراوە، دواجار لە ساڵی 1989 جارێکی تر ئەم شارە لەگەڵ زەوی یەکسان کراو خەڵکەکەی راگوێزرا بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان.

تەواو نەبوونی دەروازەی شار
دوای راپەڕین خەڵکە خۆڕاگرەکەی دەستیان بە ئاوەدانکردنەوە کردەوە، رەوانشاد (مام جەلال) نازناوی قەڵای شۆڕش و راپەڕینی پێ بەخشیبوو، لە یەکەم چرکەساتی دوای راپەڕینەوە هەمیشە رێکخراوە بیانییەکانی هانداوە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیان لە قەڵادزێ جێبەجێ بکەن.
ئەوەی ئێستا دەیبینن کەمتەرخەمی حکومەتە لە ئاست قوربانییەکانی ئەو شارەدا، کە پێویست بوو سەرجەم بەرپرسانی هەرێم لە ئاست قوربانی و بەشداری شۆڕشگێڕانەی ئەو شارە سەردانەوێنن و بایەخی زیاتری پێبدەن، بەداخەوە دەبینن ئێستا کە میوانێک دێتە ئەو شارە، خەڵکی شار هەست بە شەرمەزاری دەکەن، لەبەرئەوەی هەر لە سەرەتای هاتنە ناو قەڵادزێ ئاسەواری پڕۆژە (پرد)ێکی تەواو نەکراو کە بۆتە دوومەڵ لەسەر دڵی خەڵکی شار، دەرەوەی شار بە ناوەندی شارەوە دەبەستێتەوە، جگە لەوە کۆمەڵێک دوکانی نیوە رووخاو و وێران سیمایەکی زۆر ناشیرینیان بەخشیوە، قەرەبووی خاوەن موڵکەکانیان وەستاوە، نزیکەی 200 مەترێک لە شەقامی سەرەکی کە بڕیارە بکرێت بە دووساید تائێستا جێبەجێ نەکراوە.
دروستکردنی ئەندەرپاس
لەلایەکی دیکەوە پردی دەربەند ئێستا رۆژانە و زیاتر رۆژانی هەینی خەڵکی لە هەموو لایەکەوە رووی تێدەکەن، بۆ بەسەربردنی کات و پشوودانێکی کورت روودەکەنە ئەو ناوەندە کە دەڕوانێت بەسەر زێی بچووکدا و دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش دەبەخشێت.
بە گشتیی خەڵک لە چەند رێگەیەکەوە هاتوچۆیان دەکەوێتە سەر رێگە سەرەکییەکە و هەمیشە گوشارێکی زۆری لە سەرە و جەنجاڵی و قەرەباڵغی دروست دەبێت، ئەوەی مەبەستمانە و پێویستە لای لێبکرێتەوە ئەم ناوەندە هیچ هێمایەکی هاتوچۆ و رێنیشاندەری لێ نابینرێ و بوونی نییە، ئەگەر بیانییەک یاخود نە شارەزایەک لەم رێگەیەدا هاتوچۆ بکات نازانێت بەرەوکوێ دەچێ و رووبکاتە کوێ، لە کاتێکدا چەند ئاڕاستەیەکی رۆیشتن لەو شوێنە یەکتری دەبڕن و کۆتایی رێگەکە دەتگەیەنێتە سنوور و مەرزی کێلێ، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات لانیکەم فولکەیەک لە شوێنی ئاڕاستە یەکتربڕەکان یاخود ئەندەرپاسێک دروست بکات، وێڕای دانانی هێماکانی رێنیشاندەر و هێڵکاری هاتوچۆ بۆ رێنیشاندانی گەشتیاران و رێبواران.
دانانی هێماکانی هاتوچۆ
جگە لەوە دانانی پلێتی کۆنکریتی لەبری ئەو بۆرییە پڕ خۆڵ و خاشاکە کە لە ناوەڕاستی رێگەکەدا دانراوە، سیمایەکی دزێو و ناشارستانی بەخشیوەتە ئەو پێگە جوانە، بە هیوای دانانی هێما و تابلۆکان لە شوێنی مەبەست و شیاو کە سوود دەبەخشن بە شۆفێران و رێبواران، سەبارەت بە دیاریکردنی شوێن و مەودای رێگە و تۆڕی رێگەوبانەکانی شار و ناوچەکانی دەوروبەری دانانی تابلۆ و هێماکانی هاتوچۆ پێویستە و گرنگی خۆی هەیە، بە تایبەتی لەسەر رێگەکانی دەرەوەی شار و لەو شوێنانە کە قەرەباڵغی و جەنجاڵی دروست دەبێت، هەر خۆی هێماکانی هاتوچۆ تەواوکاری رێنمایی و هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی خزمەتگوزار و دڵسۆزە.
داواکارین و ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە  بەدەر لە جیاکاری لەنێوان شارەکانی هەرێم بە کردەوە ئاوڕی خێرا و جدی لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی شارەکە بداتەوە و سیما درەوشاوە و شارستانییەتەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە، پەلە بکرێت لە چاککردنی رێگە و بانەکانی و لایەنە پەیوەندارەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

پرۆژەی دەروازەی قەڵادزێ کە چەندین ساڵە تەواو نەکراوە


وتارەکانی نوسەر