هەولێرستان

10:53 - 2025-01-08
دڵزار حەسەن
106 خوێندراوەتەوە

دڵزار حەسەن

بەشی زۆری ئێمە بە هۆی مامەڵەیەكی تایبەت یان كاروكاسبی و گواستنەوەی خانوو لە گەڕەكێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە، یاخود كارێكی ئیدارییەوە رێمان كەوتۆتە ئاسایشەوە، منیش وەك باقی ئەو خەڵكە زیاتریش بە هۆی گواستنەوەی خانوو بووە، رێم كەوتۆتە ئاسایشی یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر، كاتێكیش پرسیاری ئەوەیان لێكردووم چ عەشیرەت و حزبێكی؟ یەك چێ وتوومە (بەعێلوو عەشیرەتەوە پارتین!) زۆر جاران كابرای ئاسایش، كە بەشێكیان خوێندەوارن و خاوەن ئەزموونن، بەشێك لەم كارمەندانە بەهۆی دەمارگیری حزبییەوە بەم قسەیەم بزەیەك دەكات و دڵخۆش دەبێ، كە شكور ئەو هەموو خەڵكە هەمووی پارتین؟!.
 لەلایەكی دیكەوە هەندێك لە كارمەندەكان، كە جیاوازتر بیردەكەنەوە، نیگەرانیان پێوە دیار بوو، كە بەم جۆرە قسان دەكەم، چونكە دڵنیا نەبوو لەوەی كە دەیڵێم. وەك ئەوەی بزانن سەت دەر سەت درۆیەك دەكەم، لێتان ناشارمەوە منیش ئەو درۆیەم، ناو ناوە لۆ خاتری ئەوەی دەكرد تا ئیشەكەم بڕوات و لەگەڵ كابراش تاقەتی حەفت و هەشتم نەبوو. ئاخر بە جددی ئەمن جوزانم مامم، خارم، ئامۆزا و پورزام چ حزبێكە، تا بەڕاستگۆیانە وەڵامیان بدەمەوە، بۆیە ناچارین بڵێین پارتین. 
پێشموایە ئەوە بەسەر زۆربەی خەڵكی هەولێردا هاتبێ، كە بەناچاری وتوویەتی پارتین. پاشان هەر بەواقیعی خزم و كەسوكاری من زیاتر خوێندەوار و كاسبن و حەزیان بە سیاسەت و حزبایەتی هەر نییە.
ئەو حیكایەتەم بۆ ئەوە هێنایەوە تا شتێكتان بۆ باسبكەم، لەسەردانێكمدا بۆ بەریتانیا هەر لەفڕۆكەخانەی لەندەن پۆلیسێك دوای پشكنین، خۆمم پێناساند، كە كوردم. پێی 1گوتم: (سۆرانی یان بادینی) بەڕاستی شۆك بووم بەم پرسیارەی، ئەوەم هاتەوە بیر لەماوەی رابردووش، كە سەردانی وڵاتە هەرێمیەكانیشم كرد، جارێك بەهەمان شێوە لێیان پرسیم چ عەشیرەتێكی؟! 
پێوەندی ئەو حیكایەتە بەوەی ئاسایشەوە ئەوەیە، كە ئیدارەی كوردیی و حكومەتی هەرێم بە هاووڵاتییەكانی بڵێ تۆ چ حزب و عەشیرەتێكی، لەسەر بنەمای ئینتیمای عەشیرەت و حزب هەڵسەنگاندن بۆ باشی و خراپی تۆ بكات و لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەیرت نەكات، ئاخر ئەو وڵاتانە ناهەقیانە پێمان بڵێن چ عەشیرەتێكی، یاخود سۆرانی یان بادینی.
 ئەوە حكومەت و ئاسایشی خۆمان وامان پێ دەڵێت، كەوایە ئەوانیش وەك خۆمان لەگەڵ دەكەنەوە. بەداخەوە ئەو دیاردەیە دەمێكە هەیە، بۆیە خەڵكیش لەوە گەیشتووە، كە لێرە شتێك نەماوە بەناوی هاووڵاتیبوون، حزبیبوون و عەشیرەت و  بنەماڵە هەیە.
ئەوەش ئەوە دەردەخات، كە بەهۆی سیاسەتی ناوچەگەرێتیی و حزبایەتی ژیان لێرە بەر تەسك بۆتەوە، شارەكان لە سەر ئینتیمای سیاسی پۆڵێن دەكرێت، بۆیە لە ڕێی ئەم گۆشەیەوە داوا لە بەرپرسانی ئەمنی هەرێم و بەرپرسانی حزبی دەكەم، چاوێك بەم دیاردەیە بخشێننەوە و مەدەنیانە مامەڵە لەگەڵ كەیسی هاووڵاتیان و مامەڵەی خەڵكدا بكەن، هەروەها ئەو چەند بڕگەیەش لە فۆرمی ئاسایش لابدەن، كە دەپرسێت تۆ چ حزبێكی چ عەشیرەتێكی، مام و خاڵت چ حزبێكە و هتد.... كە پرسیاری زۆر نا مەدەنی و نا دیموكراسی نا كوردانەیە.

وتارەکانی نوسەر