کوردستانی نوێ ، پانتایی بێ سانسۆری بیروبۆچوونە جیاوازەکان

11:23 - 2025-01-09
‎‎سۆزان حەمە تاتە
35 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە خەسڵەتە باشەکانی کوردستانی نوێ، کردنەوەی دووتوێ و دۆسێی رۆژ و مێژوویی و بابەتی  دیکەی گرنگە کە خوێنەر دەتوانێت سوودی زۆری لێ ببینێت.

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، مۆمی تەمەنی 34 ساڵەی خۆی دادەگیرسێنێت، سێ دەیە و بڕێ ساڵیش تەمەن بۆ رۆژنامەیەکی کاغەزی لە قۆناغی هات و نەهات و نەبوونی و ناسەقامگیریی سیاسی و زۆر کێشە و گرفتی تر، لەکاتێکیشدا کە مەودای ئازا و ئازادیی رۆژنامەوانیی دوور لە ناوزڕاندن کەمبوونەتەوە، ئەوا ئەو تەمەنە پڕ دەستکەوتە یەکجار زۆرە و پڕە لە شانازیی. 
بۆ ئەم یادە چەند بەپێویستی دەزانم: سەرنجێک بخەمەڕوو یەکەم: کوردستانی نوێ جیاواز لە رۆژنامە حزبییەکانی دیکە، تاڕادەیەکی باش پانتایی بۆ بڵاوبوونەوەی ئازادیی بیروڕا تەرخان کردووە، زۆر کەم سانسۆرم بینیوە، ئەوەش جێگەی دەستخۆشییە. 
دووەم: بنەماکانی بەرپرسیارێتیی پیشەیی تیایدا رەچاو دەکرێت و نەبووەتە بەشێک لەو فەوزایەی بەشێکی زۆری کایەی راگەیاندنی گرتووەتەوە لە پرسە. نەتەوەییەکاندا.
سێیەم: لە رێگەی شیکاری و بڵاوکردنەوەی بیروڕا و وتاری بەرپرسیارانەوە بەشدارییەکی باشی هەبووە و توانیویەتی مێژوویەکی جوان بۆ خۆی تۆماربکات.
چوارەم: گرنگیی باشی بە قەڵەمی ژنان داوە و زیاتر لە هەر رۆژنامەیەکی دیکە ئەو رەنگدانەوەی تیادا دەبینرێت.
پێنجەم: یەکێک لە خەسڵەتە باشەکانی کوردستانی نوێ، کردنەوەی دووتوێ و دۆسێی رۆژ و مێژوویی و بابەتی دیکەی گرنگە کە خوێنەر دەتوانێت سوودی زۆری لێ ببینێت.
شەشەم: گرنگیدان بە دۆزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لای کوردستانی نوێ بەڕوونی دیارە و ئەوەش مایەی نرخاندنە و دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ئاگاداری گۆڕانکاری و مەترسییەکان بین. 
راستە ئۆرگان و رۆژنامەی حزبی، ستراتیژی خزمەتکردن بە سیاسەت و بەرنامەی حزبەکەی هەیە، بەڵام دەشکرێ پانتایی باش بڕەخسێنێ بۆ ئەوەی ببێتە بڵندگۆی بیروڕای جیاواز و دەنگی ناڕەزایی ئەوانی دیکە، رەوانشاد سەرۆک مام جەلال ئەو بنەمایەی بۆ کوردستانی نوێ داناوە، بۆیە کە رۆژنامەکە دەخوێنیتەوە هەستدەکەیت دەنگی ئەوانی دیکەشە و قەڵەمی جیاواز، بیروڕاکانی خۆیانی تێدا بڵاودەکەنەوە، ئەوەش وایکردووە قەڵەمی باش لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.
راستە سەردەم، سەردەمی میدیای دیجیتاڵییە، بەڵام کوردستانی نوێ نەچووەتە ژێر بنەماکانی ئەو بۆچوونانەی کە دەڵێن راگەیاندنی نووسراو مۆدێلی بەسەرچووە، بەڵکو خۆی سەلماندووە و ئێستاش یەکێکە لە رۆژنامە سەنگینەکان و مێژوو ناتوانێت رۆڵ و پێگەی کوردستانی نوێ فەرامۆش بکات.

وتارەکانی نوسەر