کوردستانی نوێ مۆمی 33 ساڵەی خۆشی کوژاندەوە و پێی نایە تەمەنی 34 ساڵییەوە.
لەبیرمە 33 ساڵ پێش ئێستا ئەوکات تازە تەمەنم گەیشتبووە 14 ساڵی، لە ئێوارەیەکی وەک ئێستادا، رێم کەوتە بازاڕ و لە کتێبخانەیەکی تەنیشت مزگەوتی گەورە، رۆژنامەی کوردستانی نوێم کڕی، کە ژمارە سفر بوو، ئیتر پاش رۆیشتنەوەم بۆ ماڵەوە، لە دوای نانی ئێوارە و لەژێر رۆشنایی چرایەکی نیوە بەدوکەڵ رەش بوودا، دەستمکرد بە خوێندنەوەی کوردستانی نوێ، ئەوەندە بە تامەزرۆییەوە دەمخوێندەوە و چێژم لە بابەتەکانی دەبینی، هیچ بابەتێکم لە کیس خۆم نەدەدا و ئەو شەوە هەموویم خوێندەوە. ئیتر لەوێوە بووم بە خوێنەرێکی جددی ئەو رۆژنامەیە، تا وای لێهات لە خۆشەویستیم بۆی، رۆژانە پێش گەیشتنی رۆژنامەکە بۆ سلێمانی، دەگەیشتمە چایخانەی شەعب، کە تاکسییەکی سوپەری هێڵی هەولێر - سلێمانی، رۆژنامەکەی لە هەولێرەوە دەگەیاندە سلێمانی.
پاش چەند مانگێک بووم بە رۆژنامە فرۆش و تەنها رۆژنامەی کوردستانی نوێم دەفرۆشت و لە هادی مەحمود (خوا لێی خۆش بێت) وەرمدەگرت. هەر زوو دانەیەکم بۆ خۆم جیادەکردەوە و هەڵم دەگرت، لە ماڵەوە دەمخوێندەوە.
دوای دوو ساڵ، لە ساڵی 1994 لە تەمەنی 16 ساڵیمدا یەکەم بابەتم لە کوردستانی نوێدا بڵاوبووەوە، دوای ساڵێکی تر، 1995 دووەم بابەتم تێیدا بڵاو کرایەوە، تا 2010 چەندین بابەتم لەو رۆژنامەیە بڵاوکردۆتەوە.
بۆیە دەڵێم کوردستانی نوێ بۆ من قوتابحانەیەک بوو، چونکە لێیەوە عاشق و ئاشنا بە شێوازەکانی نووسینی رۆژنامەوانی بووم و زۆریش سوودم لێ بینی، کە دواتر لە چەندین رۆژنامە و گۆڤار و سایتدا بابەتەکانم بڵاودەکردەوە، تا ئەو رادەیەی گۆشەی تایبەت بە خۆم هەبوو.
ئێستاش خوازیارم بتوانم جارێکی تر لەم رۆژنامە ئازیزەدا بابەتەکانم بڵاوبکەمەوە، هەرچەندە ئێستا زۆرینەی رۆژنامە کاغەزییەکان لە دەرچوون وەستاون، بەڵام کوردستانی نوێ لە دەرچوون بەردەوامە، هەم بە کاغەزی و هەم بە ئەلەکترۆنی دەیخوێنمەوە، هەرکات بۆ کۆڕێکی ساڵۆنی کوردستانی نوێ بچم، رۆژنامەیەکی کوردستانی نوێ وەردەگرم و بە یادی ئەو رۆژانە دەیخوێنمەوە.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی دەرچوونی کوردستانی نوێدا، پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و جێگران و ستافی ئەو رۆژنامە رۆح سوکە دەکەم و هیوای بەرودەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.