کۆمێنت

09:48 - 2022-06-09
شیرین. ک
389 خوێندراوەتەوە

(9)

زەمەن

لەمانگی ئابی 1993دا بۆ یەكەمجار بەرهەمێكی رۆماننووسی ئەمریكی ولیام فۆكنەر-م خوێندەوە كە ئەویش رۆمانی (ژاوەژاو تووندوتیژیی)یە بێگومان بە عەرەبی، هێند پێی سەرسام بووم ساڵانی دواتر چەند رۆمانێكی تریم خوێندەوە لەوانە: كاتێك گیانم دەسپارد، دارخورمای كێوی، لەبارەی رۆمانەكەوە گەلێك تێبینیم نووسیوە سەرەتا دەڵێم: (بیستبووم رۆمانێكی قورسە و كەس لێیتێناگات، بەڵام كە خوێندمەوە و بەیارمەتی پێشەكییەكەی جەبرا ئیبراهیم جەبرا كە بۆی نووسیوە و هەر ئەویش رۆمانەكەی تەرجەمە كردووە، لێی تێگەیشتم، حیكایەتی سەرەكی رۆمانەكە بەلای منەوە نامۆ یان نوێ نییە، بەڵكو شێوازی گێڕانەوەكەی نوێ و سەرنجڕاكێشە، ئەو هەڵبەز و دابەزەی لە مەنەلۆگی كاركتەرەكاندا دەیكات زۆر ناوازەیە، هەندێكجار پێكەنینم دەهات و خودی خۆم بیر دەكەوتەوە، كاتێك لە مەنەلۆگێكدا نووقم دەبم لەبارەی بابەتێكەوە، لەپڕ وشەیەك، وێنەیەك، دەنگێك لە دەوروپشتم یان هەر لەناو مەنەلۆگەكە خۆیدا و زیندەخەوێك بەرە و بابەتێكی تر رامدەكێشێ، لەبەرئەوە ئەو شێوازی (شەپۆلی هۆش)ەی رۆماننووس بەكاریهێناوە لە لام ئاسایی بوو، چونكە كە دەقێك دەخوێنمەوە زۆر گرنگ نییە بەلامەوە لە مەبەستی نووسەر تێبگەم، گرنگ ئەوەیە چی لای من جێدەهێڵێت؟ چی لای من دروست دەكات؟).
(دەبێ جاربەجار زەمەن لەبیر خۆت ببەیتەوە، هەموو هەناسەیەكی خۆت بە با مەدە بۆ ئەوەی زەمەن ببەزێنی، كەس لەو جەنگەدا براوە نییە، ئەو گۆڕەپانە هیچ شتێك بۆ مرۆڤ ئاشكرا ناكا جگەلە ساویلكەیی و بێئومێدی، سەركەوتنیش هیچ نییە جگە لە خەیاڵپڵاوی فەیلەسوف و شێتەكان.. ولیام فۆكنەر..
كۆمێنت: (رۆژانە دەمەوێ زەمەن لەبیر خۆم ببەمەوە، نامەوێ بزانم لە كەی-دا دەژیم، دەمەوێ بژیم بۆ ئەو سات و رۆژ و ئەوپەڕەكەی ئەو هەفتەیەی تیایدام، ئەو سات و رۆژەی تەواو دەبێت نابێتە رابردوو، چونكە هەست دەكەم لێم بزر دەبێت، ئەی هاتوو؟ هاتوو نادیارە، بەڵام نە لێی دەترسم نە سڵی لێدەكەمەوە.. هەست دەكەم رابردووم لێكەوتووە و هاتوو-م نییە، من بەتەنیا ئێستام).

وتارەکانی نوسەر