مەریوان مەسعود
بیست و یەك ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 1ی شوباتی ساڵی 2004 دا لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا، دوو تیرۆیستی توندڕەو خۆیان گەیاندە شاری هەولێری قەڵاو منارەو روویانكردە دوو جێگەی جیاواز، دوو بارەگای سەرەكی دوو هێزی سیاسییان كردە ئامانج و رووداوەكەش هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قوربان لەو ساڵەدا.
لەو رۆژەدا، كە كەمتر لە ساڵێك بەسەر رووخانی رژێمی سەدام حسێن-ی دیكتاتۆردا دا تێدەپەڕی، تیرۆریستانی ئەلقاعیدە دڕندانەتر كردەوەكانیان لەناو عیراقدا بە گشتی ئەنجامدەدا و بەرفراوانیان كردبوو، بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش لەو جۆرە پەلاماردانانە بێ بەش نەبوو، بۆیە تاوانێكی جەرگبڕو خوێناوی بەپیلانێكی نەگریسی تیرۆریستان رووبەڕووی گەلەكەمان و خەڵكی خۆڕاگری شاری هەولێر بووەوەو لەیەك كاتدا، دوو كردەوەی تیرۆریستی خۆكوژی لەلایەن تیرۆریستانی سەر بە رێكخراوی ئەلقاعیدە لەناو هەردوو بارەگای مەڵبەندی 3ی رێكخستنی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدرا. كە بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 100 سەركردەو كادیر و هەڤاڵ و هاووڵاتیان و برینداربوونی زیاتر لە 200 كەس لە هەردوو بارەگاكەدا و جەژنی ئەو ساڵەیان لە خەڵكی هەولێر و كوردستان كردە ماتەم و لافیتەی رەش لەهەموو سوچ و كۆڵانێكی شارەكەدا هەڵواسرا.
كردەوە تیرۆریستییەكەی 1ی شوباتی ساڵی 2004، لە رۆژێكدا بوو، كە خەڵكی هەولێر بۆ گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەكتر سەردانی هەردوو بارەگای یەكێتی و پارتی-یان دەكرد كەچی دوژمنانی ئارامیی و دژ بەمرۆڤایەتی تاوانێكی گەورەیان ئەنجامدا و حیسابیان بۆ هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتیی و ئایینی نەكرد و دوو تەقینەوەی كوێرانەیان ئەنجامدا. بەم كردەوە تیرۆریستییە، كە لەیەك كاتدا بارەگای سەرەكی هەردوو حزبی گەورەی كوردی لەباشووری كوردستان كردە ئامانج، دەرخەری ئەوەبوو، كە خوێنی براكان تێكەڵ بەیەكتربوون، دەركەوت كە كوردستان یەك دوژمنی شاراوە و نەگریسی هەیە، ئەویش تیرۆریستان بوون، بۆیە 1ی شوبات ئەگەرچی چەندین ئازیزمان لێ شەهید و بریندار بوو، بەڵام وەرچەرخانێكی گرنگیش بوو بۆئەوەی یەكێتی و پارتی زیاتر یەكگرتووتر بن و لە پێناو بەرژەوەندیی گەلەكەیاندا تێبكۆشن و خزمەت بكەن و بیر لە زیاتر دابینكردنی ئارامیی و ئاسایش بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە. بۆیە هەر یەك رۆژ دوای كردەوە تیرۆریستییەكان، لەكاتی سەردانی بۆ لای بریندارەكانی 1ی شوبات لەشاری هەولێر سەرۆك مام جەلال بەهاوڕێیەتی كاك مەسعود بارزانی، رایگەیاند: هەرچەندە خەسارەتەكە زۆر گەورەیە، بەڵام ئەوە كارناكاتە سەر ورەی پارتی و یەكێتی و جەماوەری خەڵكی كوردستان زیاتر هاندەدرێت.
هاوكات مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەیاننامەیەكی هاوخەمی بڵاوكردەوە و تێیدا وێڕای ئیدانەكردنی كردەوە تیرۆریستییەكانی هەولێر، داوای هەرچی زووە یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) دەكرد بۆئەوەی چیتر دوژمنان ئەو هەلە نەقۆزنەوە و ئارامیی زیاتر بۆ خەڵك سەقامگیر بێت، بۆیە هەر ئەم خوێنڕشتنەی لە 1ی شوبات روویدا، هەوێنی یەكخستنەوەی هەردوو ئیدارەی كوردیی بوو لە هەرێمی كوردستاندا.
درود بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەنێرین و نەفرەتیش لە تیرۆریستان.