ئابووریی ھەرێم بەرەو کوێ؟

03:37 - 2025-01-31
بەهجەت ئەحمەد
116 خوێندراوەتەوە


ئەو دۆخە ئابوورییەی کە لە ئەنجامی بڕیاری ئابووریی سەربەخۆ و راستەخۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە دوای سالی ٢٠١٤ ھاتۆتە پێش، بەشێوەیەکی گشتگیر ھەموو ژێرخانی ئابووری ھەرێمی ھەلتەکاندوە و قاسەی حکومەتی بەتاڵ کردوە. 
رەنگدانەوەی مەترسیداری ئەو دۆخە لەسەر کەرتی تایبەت زیاتر کاریگەری داناوە ھەر بۆیە کاریگەری لەسەر بودجەی گشتی تۆختر دەردەکەویت، فشارەکانی سەر حکومەتی توندتر کردوە، لەبری ھەوڵی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کەرتی تایبەت، ئەویش فشارەکانی لەسەری زیاتر کردوە بە زیادکردنی رسومات و باج و زیاترکردنی نرخی خزمەتگوزارییەکان کە گوایە دەتوانێت قاسەی بەتاڵی حکومەت پر بکاتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوام زیانەکانی زیاتر بووە و داھاتی حکومەت کەمتر بووە.
ئەگەر چاودێری داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت بکەین، بەراوردی داھاتی نێوان دوو ساڵ بکەین، سالی ٢٠٢٣ داھاتی نانەوتی بریتی بووە لە ١ تریلیۆن و ١٧٣ ملیار و ٩٩٠ ملیۆن و ٩١٤ ھەزار و ٤٦٥ دینار بووە، بەڵام لە سالی ٢٠٢٤ داھات دابەزیوە بۆ ٩٠٠ ملیار و ٥٣ ملیۆن و ٢٩٨ ھەزار و ٧٥٠ دینار. جیاوازی نێوان ئەو دوو ساڵە ٢٧٣ ملیار و ٩٣٧ ملیۆن و ٢٩٨ ھەزار و ٧٥٠ دینار بووە بە کەم بوون، لەگەڵ ئەوەی کە رێنماییەکانی وەرگرتنی باج و رسومات جێگیر بووە.
ئەم داتایانە ئەوەمان پێدەڵێن، ئەگەر حکومەت فشارەکانی کەم نەکاتەوە لەسەر کەرتی تایبەت ئەوا ئەمساڵ دۆخی دارایی زۆر خراپتر دەبێت، رێژەی بێ کاری زیاد دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەت بێ راوێژکردن و گوێدانە دۆخی کەرتی تایبەت نزیکەی ٣٩ ھەزار فەرمانبەری مەدەنی خانەنیشن دەکات کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانە دێنەوە بۆ کار لە بازاڕەکان کە ئەمەش فشارێکی تر دروست دەکات کە مومکین نییە کەرتی تایبەت بتوانێت بەرگەی بگرێت. 
پێویستە حکومەتی ئێستای ھەرێم دەسبەرداری عینادیی سیاسی ببێت و ھەوڵی کردنەوەی لقەکانی بانکە حکومیەکانی عیراق بدات لە شارەکانی ھەرێم ھاوشێوەی ئەوەی کە بڕیارە لە مانگی ئادار بکرێتەوە لە شاری سلێمانی، چونکە ئەو بانکانە ٤٥ جۆر ئاسانکاری بانکیان ھەیە بۆ کەرتی تایبەت و ھاووڵاتیان کە دەبێتە ھۆی بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت و گەڕاندنەوەی کاش بۆ بازاڕەکان، ئەگەرنا عینادیی سیاسی کارەساتێک دروست دەکات لە تاکڕەوی دۆسێی نەوت کاریگەریەکانی خراپتر دەبێت تا ئاستی ئیفلاسبوونی گشتی.

وتارەکانی نوسەر