تەوتین و هەژماری من بە كوێ گەیشتن؟

11:59 - 2025-04-21
بەهجەت ئەحمەد
169 خوێندراوەتەوە

پێناسەی هەژماری من و تەونین بریتییە لە بەبانیكردنی مامەڵە داراییەكانی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت و گەڕاندنەوەی كاش بۆ بانكەكان و بەستنەوەی سەرجەم مامەڵە داراییەكان بە بانكەوە.
پرۆسەی بەبانكیكردن مێژوویەكی كۆنی هەیە، لە وڵاتانی پێشكەوتوو و نیمچە پێشكەوتوو لە مێژە بەبانیكردنی دراوەكان ئەنجام دراوە و كاش لای هاووڵاتی نەماوە، عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆر دواكەوتووە لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بەبانكیكردن سوودی ئابووری گەورەی هەیە بۆ كۆمەڵگە كە گرنگترین سوودەكانی بریتین لە:
1- رێگرتن لە مامەڵەی رەش و نایاسایی و خۆدزینەوە لە باج.
2-پاراستنی سامانی هاووڵاتییان لە دزین و فەوتان و لەناوچوون، كە زۆر جار لە ماڵەكاندا روو دەدەن.
3-نەهێشتنی كێشەی بوونی كاش لەناو بازاڕەكاندا لەكاتی مامەڵەی هاووڵاتیاندا.
هۆكارەكەی پەلەكردن بوو
لە ماوەی رابردوودا مشتومڕ و لێكدانەوەی زۆر كرا بۆ پرۆسەی هەژماری من و تەونینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام هەردوو پرۆسەكە نەیان توانیوە ئامانجەكانی خۆیان بپێكن، پارەی كاش لە مامەڵەی بازاڕەكانی عیراق دوور بخەنەوە، هۆكارەكەشی دیراسەنەكردن و پەلەكردن بووە لە پرۆسەی بەبانکیكردنی مووچە نەك بڕیارێكی ئابووریانە بێت و قۆناغ بە قۆناغ ئەم پرۆسەیە بگەیەنێتە ئامانجی خۆی، تەنها هەردوو پرۆسەكە دابەشكردنی مووچەیان لە لێژنەی دابەشكردنی مووچە لەناو فەرمانگەكان هێناوەتە ناو ئامێری راكێشانی پارە لەسەر شەقامەكان.

 

پێویستە بانكە فیدراڵییەكان بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێم، چونكە گەڕانەوەی ئەوان بووژانەوەیەكی باشی ئابووری بۆ هەرێم دەبێت و گوڕ و تینێكی گەورەش دەداتەوە بە مامەڵە داراییەكانی هەرێم

 

هاووڵاتییانی هەرێم وا تێگەیەنراون كە ئەگەر مووچەكەی تەوتین كرا ئیتر دەوام بكات یاخود نا مانگانە لە بەغداوە مووچەكەی بۆ دەخرێتە سەر هەژمارەكەی بەبێ ئەوەی حكومەتی هەرێم هیچ رۆلێك ببینێ‌، كە لە راستیدا ئەمە وانیە، بەڵكو ئەگەر تەوتینی مووچەش بكرێت لە بانكە حكومییەكانی حكومەتی فیدراڵی، ئەگەر ناكۆكی دارایی دروست ببێت لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج ناكات، هەر وەك لە رابردووشدا بینیمان، كاتێك ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم دوا دەكەوێت ئەوانەی هەژماری منیان پڕكردبووەوە هاوشێوەی ئەوانی تر مووچەیان وەرنەدەگرت.
بانكی فیدراڵی ئاسانكاری دەكات
هەژماری من و تەوتین لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان لەیەك رووەوە جیاوازیان هەیە، ئەویش پەیوەندی هەیە بە خودی بانكەكانەوە، لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان كاتێك فەرمانبەرێك هەژماری بانكی دەكاتەوە، نزیكە 45 ئاسانكاری بانكییان بۆ دەكرێت، بە رەهنی مووچەكانیان، فەرمانبەرەكە دەتوانێت سوود لەو ئاسانكاریانە وەربگرێت و راستەوخۆ قەرز وەربگرێت لەو بانكانە بەرامبەر بە رێژەیەك سوودی بانكی كە دەخرێتە سەر بڕی قەرزەكە و مانگانە لە مووچەی فەرمانبەرەكە وەردەگیرێتەوە.
بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، پرۆسەی بەبانكیكردن تەنها تەرخان نەكەن بۆ مووچە، بەڵكو پێویستە سەرجەم سێكتەرە ئابوورییەكان بگرێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەخۆری عیراق بە هەرێمیشەوە پێویستی بەوە نەبێت مووچەكەی بە كاش لە (ئەی تی ئێم) راكێشیت و مامەڵەی بازاڕی پێوە بكات، بەڵكو تەنها بەكارتی بانكی هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ مامەڵەكان رێكبخرێت و كۆتایی بەكاش بێت لە بازاڕەكاندا.
هەروەها هەوڵ بدرێت بانكە فیدراڵییەكان بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێم، چونكە گەڕانەوەی ئەوان بووژانەوەیەكی باشی ئابووری بۆ هەرێم دەبێت، نەك تەنها بۆ مووچەخۆر بەڵكو بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بێ جیاوازی، گوڕ و تینێكی گەورەش دەداتەوە بە مامەڵە داراییەكانی هەرێم.

بەبانكیكردنی مامەڵە بازرگانییەكان تەنیا دانانی (ئەی تی ئێم) ناگرێتەوە

وتارەکانی نوسەر