کورد لەبەردەم شەپۆلی گۆڕانکاریدا

10:24 - 2025-02-11
عوسمان ساوجی
131 خوێندراوەتەوە

پێویستە کورد هێندەی بتوانێت رەچاوی ئەوە بکات، خۆی لە لایەنگیریی و دژایەتی زلهێزەکان بەدوور بگرێت و نەکەوێتە داوی شەڕێک کە هی ئەو نییە

رووخانی دەوڵەتی عوسمانی و کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، دەرفەتی ئەوەی بە دەوڵەتە سەرکەوتووەکان دا کە بە گوێرەی خواست و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکەیان، دیزاینی نەخشەی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، کە بەشێکی زۆری ئەم نەخشە سازییە لەسەر خاکی کوردستان جێبەجێکرا و بە رێککەوتننامەی لۆزان(گەردنبەندی نەفرەت بۆ کورد)ناسرا. نەخشەکە بەجۆرێک حسابی هەمەلایەنەی بۆ کرا بوو کە زیاتر لە 100 ساڵ بەرگەی گرت، سەرەڕای ئەو رووداوە گەورانەی کە لەو ماوەدا روویاندا لەوانە جەنگی دووەمی جیهانی و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و جەنگەکانی عەرەب - ئیسرائیل و جەنگی سارد و شۆڕشەکانی کورد، ئەوەش لەلایەک بەهۆی تۆکمەیی پلانەکە و لەلایەکی تریش بەرژەوەندیی دەوڵەتانی زلهێز، هێشتا لەو دۆخەدا لە باشترین باردا بوو. 
جەنگی یەکەم و دووەمی کەنداو، ئاسۆی تێکچوونی نەخشەی نەفرەتییان  بەدەرخست کە کورد لە باشوور، دەرەتانێکی بۆ ئازادی پێبڕا، دواتر هاتنی تەوژمی گۆڕانکاریی بەناو بەهاری عەرەبی، دووەمین درزی خستە نەخشەی سیاسی ناوچەکە، بەتایبەتی کاتێک لەسەر ئەرزی واقع، لە خاکی سوریادا، زیاتر لە سێ دەوڵەتۆکە دروستبوون و کوردیش پێگەیەکی باشی بەدەستهێنا. 
جەنگی حەوتی ئۆکتۆبەر، لێدانێکی کوشندەی تری لە نەخشەکە دا کە چیتر توانای بەرگەگرتنی نەما بەتایبەتی کاتێک ئەسەد بە پەلە لە سوریا هەڵات و دەسەڵاتەکەی رووخا. ئێستا کە دەوڵە زلهێزەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر خاکی کوردستان لە ململانێیەکی توند دان و ئەوان خەریکی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە و مۆدێلی تری فەرمانڕەوایین کە بۆ 100 ساڵی داهاتوو بەرژەوەندیی ئەوان گرەنتی بکات، لێرەدا دیدی کورد بۆ دۆخەکە لەم سێ حاڵەتە تێناپەڕێت، یەکەم  ترسی ئەوەیان هەیە کورد ببێتە قوربانی، دووەم ئەوانەی بەچاوی گومان لە دۆخەکە دەڕوانن و ناتوانن خۆیان ساغ بکەنەوە، سێیەم ئەوانەی بە ئومێدەوە دەڕواننە داهاتوو کە پێدەچێت واقعیترین بن، چونکە کورد لە 100 ساڵی رابردوودا رووبەڕووی چەندین هەوڵی پاکتاوکردنی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کەلتوری بۆتەوە و هیچ دەرەتانێک بە ئاراستەی باشترکردنی ژیانی  لە ئارادا نەبووە. 
پێویستە کورد هێندەی بتوانێت رەچاوی ئەوە بکات، خۆی لە لایەنگیریی و دژایەتی زلهێزەکان بەدوور بگرێت و نەکەوێتە داوی شەڕێک کە هی ئەو نییە.

وتارەکانی نوسەر