عوسمان ساوجی
میدیا یەکێک لەو هۆکارە هەستیار و کاریگەرانەیە کە لە ئاشتی و جەنگدا رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لەسەر هێز و ورەی سوپای هەردوولا هەیە، ئەوەش بەگوێرەی پێشکەوتنە زانستی و تەکنۆلۆژییەکان، مەودا و لێکەوتەکانی زۆر تر و فراونتر بوون.
پێویستە میدیای کوردی بەگشتی بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانی کورد تەرخان بکرێن کە سەدان ساڵە لە پێناویاندا تێدەکۆشێت
میدیای بزاوتی رزگاریخوازیی کورد، ئەگەرچی بە بەراورد بەتوانای نەیارانی کەمدەرامەت و هەژار بووە، بەتایبەتی لە رووی دارایی و دەست راگەیشتنی بە ئامێر و ئامڕازە سەردەمییەکان، بەڵام هیچ کاتێک درێغی و کەمتەرخەمیی نەکردووە لە گەیاندنی پەیامی بزاوتەکە و ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستیهێناون و بە جەماوەر، لە هەمانکاتدا تاوان و خراپەکارییەکانی داگیرکەرانی کوردستانیشی بەناوخۆ و جیهان گەیاندووە، ئەوە سەرباری گرنگیدان بە بواری فەرهەنگ و وێژە و هونەر و....هتد.
بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد، هەنگاو بە هەنگاو پەرەی بە میدیا داوە، جا رووپەڕی رۆژنامە، رادیۆ، تیڤی، کەناڵی ئاسمانی یان سۆشیال میدیا بێت.
دابەشبوونی میدیا لە کوردستاندا، تاڕادەیەک گوزارشت بووە لە دنیابینی هێزە سیاسییەکان و بەگوێرەی سیاسەتی ئەو هێزانە ئاراستە کراون.
ئێستا کە ناوچەکە بە قۆناغێکی مێژووییدا گوزەر دەکات و جیهان چاوی لەسەر رۆڵ و پێگەی ئایندەی کوردە، ئەوا پێویستە و ئەرکیشە میدیای کوردی بە گشتی بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانی کورد تەرخان بکرێن کە سەدان ساڵە لە پێناویاندا تێدەکۆشێت، بەڵام ئەوەی دەبینرێت میدیای کوردیی تووشی رای جیاواز کردووە، دەتوانرێت پۆڵێن بکرێن بەسەر سێ گروپدا کە لەناوەڕۆکدا دوانن، ئەوانیش بریتین لەمانە:
-ئەوانەی بوون بە زمانحاڵی دۆزی کورد لەسەرتاسەری کوردستان لە دۆخی بەرگریدان.
-ئەوانەی ئاراستەی سیاسییان پێچەوانەی خواستەکانی کوردە.
-ئەوانەی بێدەنگی و بێلایەنییان هەڵبژاردووە، کە سەرەنجام ئاراستەی سیاسییان بە زیانی پرسی کورد تەواو دەبێت و دەچنە خانەی گروپی دووەمەوە، چونکە بێلایەنیی هێزێکی سیاسی و میدیاکەی بەرامبەر پرسێکی گرنگ و چارەنووسسازی وەک ئێستای کورد، بەدیوێکی تردا خزمەتە بەخواستی نەیارانی کورد.