کڕیارە گەورەکانی غەززە..!

09:47 - 2025-02-16
‎‎سۆزان حەمە تاتە
86 خوێندراوەتەوە

غەززەییەکان، ساڵانێکی زۆرە بەدەست نەهامەتییەکانی شەڕ و تێکچڕژانی بەرژەوەندیی زلهێز و هێزە لۆکاڵییەکانەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا ئەوان بەدەست کارەساتەکانی دوایین شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە گیرۆدەن و لە خراپترین بارودۆخی ژیاندان، کەچی یەک لە دوای یەک پلان و دەرخستەکانی کڕینی غەززە دەخرێنەڕوو و هەریەکەیشیان هۆکاری سەیری هەیە. 
دوایین لێدوان لە بارەی کڕین یان وەدەستخستنی غەززەوە، لێدوانێکی ئەحمەد داود ئۆغڵۆیە و تیایدا دەڵێت «خەڵکی غەززە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کە بەردەوامیی دەوڵەتی عوسمانییە، هاومێژوون و هاووڵاتییانمانن، با ریفراندۆم بکرێت و غەززە وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بە تورکیاوە بلکێندرێت تا ئەوکاتەی دەوڵەتی فەڵەستین پێکدەهێنرێت».
 زیاتر لەوەش داود ئۆغڵو دەڵێت «وا دەزانن خەڵکی غەززە بە تەنها جێ دەهێڵین؟ ئەگەر دەیانەوێت کۆچپێکردنێک بوونی هەبێت، ئەوا با دۆناڵد ترەمپ ئیسرائیلییەکان بەرەو ئەمریکا بگوازێتەوە، وەک چۆن 100 ساڵ بەر لە ئێستا گواستیانەوە».
 ئەو لێدوانە دژی پرۆژەی کڕین یان کۆچپێکردنی خەڵکی غەززەیە، کە لەکاتی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو 47هەمین سەرۆکی ئەمریکا خستوویەتییەڕوو، راستەوخۆش میسر و ئەردەن پرۆژەکەیان رەتکردەوە، بەڵام هێشتا ترەمپ سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکەی و دەڵێت کەوا دڵنیایە ئەو دوو وڵاتەو وڵاتی دیکەیش هەن بە پرۆژەکەی رازی دەبن. تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل، چاویان لە پێگەی جیۆسیاسی غەززە و هەڵکەوتە گرنگەکەیەتی، حەماس دەیەوێت لەژێر ناوی مقاوەمەدا خەڵکی غەززە بەکاربهێنێت، بەڵام روونە کە خاکی خەڵکەکەیەتی، خەڵکی غەززە بێ سەرپەرشتن و جگە لە دروشمکاریی میدیایی دەوڵەتیان لە پشت نییە، بۆیە دەبینین بازرگانە گەورەکان و حەماسیش، هەموویان لەژێر ناوی پاراستنی خەڵکەکەی، چاویان لە غەززە و خاکەکەیەتی. دەستبەسەرداگرتنی غەززە، ئەزموونێکی نوێی داگیرکردنی خاکی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان نییە، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو کاری زلهێزەکان بەو شێوەیە بووە، شەڕیان دروستکردووە و خاکیان داگیرکردووە و خەڵکەکەیشیان دەربەدەر کردووە، دواییش بە بیانووی چارەسەر و هێنانەکایەی ئاشتی، هەر خۆیان بوونەتە دەمڕاست و چارەسەری گوماناوییان خستووەتەڕوو، ئەمەی غەززە نموونە نوێیەکەیانە. 
بەرگریی لە داگیرکاریی نەتەوە و خاک، خەباتێکی رەوایە، ئەمەی دەیڵێم بەرگریکردن نییە لە حەماس کە هێزێکی تۆقێنەرە، بەڵکو بۆ ئەوەیە پرسیار لەبارەی داگیرکاری و رەوایەتیی بەرگریکردنەوە بکەین، رەنگە ئەمریکا سەرکەوتووبێت لە دەستبەسەرداگرتنی غەززە، بەڵام دەشبێتە نموونەیەکی خراپی سەردەمی سەرمایەداری کە زلهێزەکان بۆ کۆکردنەوەی سامانی زیاتر بەناوی هێنانەدی ئاشتییەوە دەیکەن، کورد دەبێت زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە، ئاگای لە خۆی و ئەزموونەکەی نێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە مامەڵەو سەوداسەریی زلهێزەکانەوە.

وتارەکانی نوسەر