کەرکوکییانە

حەسەن جاف و عەلەبەستێ

10:17 - 2025-02-18
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
77 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە کارە زۆر جوانەکانی مامۆستا حەسەن جاف نۆڤلێتی عەلە بەستێیە، کە کارەکتەرێکی کەرکوکی  نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی خەڵکی شارەکە بوو

لەم رۆژانەدا یەکێک لە منەوەرەکانی کەرکوک و نووسەرێکی هەمیشە رەخنەگر و پیاوێکی هەقبێژ و زۆرجاریش توڕە، کۆچی دوای کرد و بەیەکجاری بارگەو بنەی پێچایەوە و مەرگ لە نووسینەکانی بێبەشی کردین.
یەکێک لە کارە زۆر جوانەکانی مامۆستا حەسەن جاف نۆڤلێتی عەلە بەستێیە، یان عەلە بەسێ، عەلە بەسێ  کارەکتەرێکی کەرکوکی  نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی خەڵکی شارەکە بوو بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، چیرۆکی بەرگری عەلە بەسێ لەسەر شۆرکی ژنانی جوت قاوە بەناوبانگە، کاتێ لێڤییەکان ویستویانە هەڵبکوتنە سەر ئەو حەمامە.
مامۆستا حەسەن، وەک خەمخۆرێکی کەرکوکی و ئەو کەسایەتییە ئەو نۆڤلێتەی نووسیوە، عەلە بەسێ، یەکێکە لەوانەی کوڕێکیشی لە دوای رووداوەکانی ساڵی 1959 لەگەڵ شێخ مارف و جەبار پیرۆزخان و کۆمەڵێک ناوداری تردا گیران و بەناهەق لە دار دران، مامۆستا حەسەن زۆر دڵی بە کەرکوک و قەڵا و خاسە و گاورباخی و گڕەکەی بابە گوڕ گوڕ خۆش بوو، کەرکوکی خۆش دەویست، هەر توانای هەبوایە وتارێکی توندی لە داکۆکی لە بارەی کەرکوکەوە دەنووسی، وتارەکانیشی رەخنە بوون لە پێناوی سبەینێی باشتردا.
لە ماوەی پێشودا، لەوتارێکی دیکەدا زۆر خەمی دۆز و دۆخی نووسەرانی کەرکوکم خواردو بەتایبەت باسی لقی کەرکوکی یەکێتی نووسەرانم کرد، کە زۆری پێویست بە بوونیادنانەوە و رێکخستنەوە هەیە، نە شوێن و نە بارەگای هەیە لە ئێستادا، هەڵبەت داو و دەزگای دیکەش هەن هەر بەو جۆرەن، ئێستا ئەگەر لقی کەرکوکی یەکێتی نووسەران کارابوایە، لانی کەم بۆ چلەی مامۆستا حەسەن دەکرا نۆڤلێتەکەی، یاخود بەرهەمەکانی چاپبکرانایەتەوە، ئەوەش لانی کەم کەمێک ئاسودەیی بە کەسوکاری کۆچکردوو، هەروەها نووسەران و ئەدیبانی ئەو شارە دەبەخشی و دەگوترا ئێمەش بێ خاوەن و بێ خێو نین،  نازانم تۆ بڵێی ئەو هەموو خودان سامان و دەوڵەمەند و پەڕلەمانتار و بەرپرسە هیمەتێ نەکەن و لانی کەمی بەشێکی بچوکی ئەو ئەرکە نەگرنە ئەستۆ، هەڵبەت ئەگەر نیازێکی لەو جۆرە هەبێت، من پێشنیازی لیژنەیەکی سێ کەسی یان چوار کەسی بۆ راپەڕاندنی ئەو کارە دەکەم، هەر یەک لە دانا عەسکەر، سەراب، بورهان سلێمان، هێمن حەسیب، ئیدی دەکرێ ناوی دیکەش هەبێت.
ئەگەر ئەو کارە کرا، ئێمەو مانانیش کۆڵێ دڵخۆش دەبین و دەڵێین، مامۆستا حەسەن لە گۆڕەکەتا بە ئارامی بنوو، ئەوەتا نە ئێمە و نە رایەدارانی کورد، تۆیان لەبیر نەکردووە و وێڕای یادکردنەوەت، دەستی رێز بۆ نووسینە سەنگینەکانت دەگرن بە سنگەوە.

وتارەکانی نوسەر