فەرمانبەر و مامۆستایانی کوردی کەرکوک، ئەوانەی موچەیان لەسەر هەرێمە و خۆیان لەناو کەرکوک لە ئەرکدان، گوناهیان چییە تا بەهۆی کێشەی نێوان بەغدا و هەرێمەوە بسوتێن، کوردی کەرکوکی بەلەنگاز لەسەردەمی بەعسی فاشیدا، مافی دامەزراندنی نەبوو، لەدوای دوو هەزار و سێ، بەشێکی زۆری دەرچووی هەشتا و نەوەد و بەشی زۆری راگوێزراو و ئاوارەش دامەزران، و لەو دەمەوە زۆر دڵسۆزانە خزمەت بەو شارە دەکەن، ئێستا ئەوان سوتەمەنی ئەو سیاسەتە چەوتەن، لەکاتێکدا ئەرکی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەتە ئەو ستەم و ناهەقیە کۆتا پێبێنن و ئەو موچەخۆرانە راستەوخۆ موچە و مافی خۆیان بدرێتێ.
ساڵی 2003 بوو، بیرمە دەرچوویەکی ساڵی 1983ی کۆلێژی ئەندازیاری تەلارسازی، هاتە لام و وتی تۆ داکۆکی لە خەڵک دەکەیت و کارەکەت ئەوەیە، من بیست ساڵە زانکۆم تەواو کردووە و دانەمەزراوم، باری دەروونی زۆر خراپ بوو، تەلەفونم بۆ دۆستێکی سەرکردایەتی یەکێتی کرد، کارەکەی مەیسەر بوو، بیست ساڵ لە تەمەنی سوتا، ئەوە زیاتر لە بیست ساڵیشە دامەزراوە، نازانم ئێستا خانەنشینە، یان هەر لە کاردایە، ئەو پیاوە گووناهی چییە کەرکوکییە، بەعس ژیانی فەوتاندووە، ئێستاش بەدەستی دوو وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغداوە ژیانی بەو جۆرە تاڵ بێت، لەکاتێکدا لەسەر دەریایەک نەوت و سەدان بیرە نەوت دەژێت، بێ ئەوەی مافی پترۆدۆلارەکەش وەک پێویست بدرێت بە شارەکەی.
لە خێزانەکەی خۆمدا، دوو چیرۆکی ستەمکردن لە کوردی کەرکوک هەیە، باوکم کە چواردە ساڵ پێشمەرگە و فەرماندەی پێشمەرگە بوو، پێش ئەوەش عەریفی سوپا بوو، هەڵبەت زیندانی و حوکمی لە داردانیشی هەبوو، بەڵام بەر لێبوردنی تایبەت کەوت، لەبەر ئەوەی گرتنەکەی پێش 1968 بوو هیچی بۆ نەکرا، خۆیشم فەرمانبەری رۆشنبیری بووم، لە هەرێمەوە گواستمیانەوە بۆ کەرکوک، کاتی خۆی هەوڵی دنیام دا بەغدا وەری نەگرتم تەنانەت وەزیری رۆشنبیری ئەودەم کاک فریاد رەواندزی خۆیشی لە خەمدا بوو، نەکراو ناچار رێیەکی دیکەیان دۆزیەوە و گیرۆدەیان کردین، باشە خۆ کوردبوون و کەرکوکی بوون نەفرەت نییە، بۆ دەبێت وابێت، گەرچی ئەوەش دەزانم، کە بەشێک لە کوردی کەرکوک خێر و بەرەکەتی حزبیان بەسەردا رژاو ئەوانیش شاپێکیان لە هەموو شت هەڵداو پشتیان کردە کەرکوک و حزبیش پێکەوە، ئێستا قسە لەسەر ئەو موچەخۆرانەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانە بە گشتی، گەلۆ کێ لە خەمی چارەسەری کێشەکەیاندایە، لەمپەڕەکان چین وا مافی موچەخۆری سەر بەبەغدایان نادرێتێ.
من وەک خۆم، نە داوای مافی باوکە کوردپەروەرە کۆچکردوەکەم دەکەم، کە لە کۆتایی نەوەدەکانیش بە برینداری سەردەمی شۆڕش ناچاری کاری لەش پڕوکێن و تەنانەت لە گەرمەی سەرکەوتنی بەناو شۆڕشەکەیدا، من و ئەو پێکەوە گوڵەچنەمان دەکرد، نە داوای مافی خۆم دەکەم، بەڵام ئەو موچەخۆرانە مافی رەوای خۆیانە لە بری ئەوەی سەر بە هەولێر و سلێمانی بن، سەر بە شار و ناوچەکانی خۆیان بن.